کوردەکانی قاعیدە؛ ناکۆکیی نوێی ئێران و ئەمریکا


رووداو دیجیتاڵ

دوو رۆژ لەمەوبەر وەزیری دەرەوەی ئەمریکا زانیاریی لەبارەی سێ سەرکردەی بەتالیۆنی کوردیی قاعیدە بڵاوکردەوە، هەروەها ئاماژەی بەوەشدا "ئێران داڵدەی ئەو رێکخراوانەی سەر بە قاعیدە دەدات".
 
قسەکانی مایک پۆمپەیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەکاتێکدایە کە ئیدارەی ترەمپ کەمتر لە هەفتەیەکی ماوە لە کۆشکی سپیدا، بەشێک لە شارەزایانی سیاسی پێیانوایە کە ئامانجی قسەکانی پۆمپەیۆ ئەوەیە کە "کاری ئیدارەی بایدن قورس بکەن لەکاتی دانوستاندن لەگەڵ ئێران".
 
ئەو بەتالیۆنە کوردەی نێو رێکخراوی قاعیدە نزیکەی 14 ساڵە دامەزراوە و لەو کاتەوە بەیعەتیان بە قاعیدە داوە و کار و چالاکییەکانی لەژێر سەرپەرشتیی ئەو رێکخراوە کردووە.
 
بەتالیۆنی کوردیی قاعیدە کەی و چۆن دامەزرا؟
 
لە ساڵی 2003 ئەمریکا هێرشی کردە سەر ئەنسارولئیسلام لە ناوچەکانی هەورامانی باشووری کوردستان، لە هێرشەکاندا ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی ئەنسارولئیسلام کوژران. جەیسن بلازاکیس، بەڕێوەبەری پێشووی سەنتەری دژەتیرۆریزم لە ئەمریکا دەڵێت: "بەشێک لە ئەندامانی ئەنسارولئیسلام کە لە هێرشەکانی ئەمریکا رزگاریان بوو، پەیوەندییان بە رێکخراوی قاعیدە کرد و بەتالیۆنێکی کوردییان دروستکرد".
 

ئەو بەتالیۆنە لە ساڵی 2007 واتە پێش دروستبوونی داعش دامەزرا، ئەو کاتە بوو کە کێشەی تائیفی لە باشووری عێراق لە لووتکەدا بوو. ئەگەرچی بەتالیۆنی کوردیی قاعیدە و داعش هەردووکیان داوای دامەزراندنی دەوڵەتێکی ئیسلامییان دەکرد، بەڵام لەگەڵ یەکدی کۆک نەبوون و هەوڵی سڕینەوەی یەکدییان دەدا، ساڵی 2014 بەتالیۆنی کوردیی قاعیدە لەبارەی داعشەوە رایگەیاند: "هیچ شتێک لەنێوانمان نییە، ئەوەی کە لەنێوانمانە تەنیا شمشێرە، داعش وەکو پارچەیەکی زیادە لەسەر جەستەی قاعیدە دەرکەوتووە کە پێویستی بە نەشتەرگەرییە، بە یارمەتیی خوا".
 
کێشەکانی ئەم دوو گرووپە کاتێک دەستیپێکرد کە رێکخراوی داعش لە ساڵی 2013 هێرشیان کردە سەر بەرەی نووسرە لە سووریا، بەرەی نووسرە دوای چەند مانگێک لە دروستبوونی پەیوەندی بە رێکخراوی قاعیدەوە کرد، بەو پێیەش بەتالیۆنی کوردیی قاعیدە لە بەرەی نووسرە نزیکتر بوو تاوەکو داعش.
 
پێشتر لە ساڵی 2012 وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی ئەو گرووپە ئاماژەی بەوە دابوو کە بەتالیۆنی کوردیی رێکخراوی قاعیدە لە ساڵی 2007  لەلایەن ئەندامە کوردەکانی قاعیدە دامەزراوە. گرووپەکە پێیانوایە "سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان خیانەتکارن"، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت: "لە باشووری کوردستان کردەوەی تیرۆریستییان ئەنجامداوە و، کوردیان لە عێراق کردووەتە ئامانج".
 
هێرشەکانی بەتالیۆنی کوردیی قاعیدە لە هەرێمی کوردستان
 
لە راگەیێندراوەکەی ساڵی 2012ـی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژە بە بەشێک لە هێرشەکانی رێکخراوی قاعیدە لە هەرێمی کوردستان دراوە کە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بەرپرسیارییەتییەکەی دەخاتە ئەستۆی ئەو بەتالیۆنەی قاعیدە. 
 
لە ساڵی 2007 لە بەردەم وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە هەولێر تەقینەوەیەک روویدا کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی 19 کەس، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بەرپرسیارێتی ئەو هێرشەی خستەئەستۆی بەتالیۆنی کوردیی رێکخراوی قاعیدە.
 

هەر لەو ساڵەدا لە هێرشێکی چەکداریدا بۆ سەر هێزەکانی ئاسایش و پاسەوانیی سنوور لە پێنجوێن، حەوت پاسەوانی سنوور و کارمەندێکی ئاسایش شەهید بوون، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بەتالیۆنی کوردیی رێکخراوی قاعیدە تۆمەتبار دەکات لە ئەنجامدانی ئەو هێرشە.
 
بەپێی راگەیێندراوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا یەکێکی دیکە لە کردەوەکانی بەتالیۆنی کوردیی رێکخراوی قاعیدە لە هەرێمی کوردستان، تەقینەوەکەی ئەیلوولی 2010 بوو لە سلێمانی کە بووە هۆی برینداربوونی دوو کارمەندی پۆلیس.
 
لە راگەیێندراوەکەدا، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژە بەوە دەدات کە ئەوە گرووپە لە سنووری نێوان ئێران و عێراق جموجووڵ دەکەن.
 
پۆمپەیۆ: ئێران بووەتە ئەفغانستان بۆ داعش
 
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سێ کوردی وەکو سەرکردەی "بەتالیۆنی کوردیی رێکخراوی قاعیدە" راگەیاند و دەڵێت: "لەلایەن ئێرانەوە داڵدەدراون"، هەروەها بە بەرپرسیاری بەشێک لە تەقینەوەکانی هەرێمی کوردستان تۆمەتباریان دەکات.
 
رۆژی سێشەممە 12-01-2021 مایک پۆمپەیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بەبێ خستنەڕووی هیچ بەڵگەیەک رایگەیاند: "ئێستا بارەگای نوێی قاعیدە لە ئێرانە" و ئەو وڵاتەش بەوە تۆمەتباردەکات کە دەستی هەبووە لە هێرشەکانی 11ی سێپتەمبەر بۆ سەر دوو تاوەرە بازرگانییەکەی وڵاتەکەی، دەشڵێت، ئێران "بۆ قاعیدە بووەتە ئەفغانستان".
 
مایک پۆمپەیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ناوی ئەو سێ کەسەی ئاشکراکردووە و دەڵێت: "ئیسماعیل فوئاد رەسوول ئەحمەد، فوئاد ئەحمەد نووری ئەلشەخان و نیعمەت حەمە رەحیم حەمە شەریف وەکو سەرکردەی بەتالیۆنی کوردیی رێکخراوی قاعیدە رادەگەیێنم کە گرووپێکی سەر بە قاعیدەیە و لە سنووری نێوان ئێران و عێراق چالاکی ئەنجامدەدات".
 
بە گوتەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، سێ دەیەیە ئێران پەیوەندیی لەگەڵ رێکخراوی قاعیدە هەیە و یارمەتیی ئەو رێکخراوەی داوە لە 11ی سێپتەمبەر، ئاماژەی بەوەش کردووە "ئێران پارە و پاسپۆرتی داوەتە بەرپرسانی قاعیدە و قاعیدەش کار بۆ پاراستنی ئێران دەکات".
 

ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کەمتر لە هەفتەیەکی ماوە کۆتایی بێت. جۆ بایدن، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا پێشتر ئاماژەی بەوە دابوو: کاتێک گەڕایەوە کۆشکی سپی دانوستاندن لەگەڵ ئێران دەکات و هەوڵدەدات رێککەوتنی ئەتۆمیی ساڵی 2015 زیندووبکاتەوە کە ترەمپ لە ساڵی 2018 لێی کشایەوە.
 
بەشێک لە شارەزایانی سیاسی پێیانوایە ئیدارەی ترەمپ هەوڵی ئەوە دەدات گەڕانەوە بۆ رێککەوتنی ئەتۆمیی قورس بکات، مەلا حەسەن واژی، شارەزای بزووتنەوەی جیهادی لەبارەی هۆکاری خستنەڕووی ئەو زانیارییانە لەلایەن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەم کاتەدا، ئاماژە بەوە دەدات: زانیارییەکانی پۆمپەیۆ نوێ نین، "ئەو دەزانێت کە ئێران بەشێک بووە لە داڕشتنی رووداوەکانی 11 سێپتێمبەر، پۆمپەیۆ بەم کارەی ئەرکی جۆ بایدن، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا و دیموکراتەکان قورس دەکات لەکاتی دانوستاندن لەگەڵ ئێران".
 
زەریف: بەدڵنیاییەوە، کار لەگەڵ تاڵیبان دەکەین
 
محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ کەناڵی تولوع نیوزی ئەفغانستانی لە 21ـی کانوونی دووەمی 2020 لەبارەی پەیوەندیی ئێران لەگەڵ تاڵیبان دەڵێت: لەبەرئەوەی تاڵیبان لە ناوچە سنوورییەکانی ئێران و ئەفغانستان هەن، بەدڵنیاییەوە ناچارین کاریان لەگەڵ بکەین.
 
ئێران و تاڵیبان لە کۆتاییەکانی سەدەی 20 پەیوەندییەکی گرژ و ئاڵۆزییان هەبوو، لە ساڵی 1998 دوای ئەوەی تاڵیبان مەزار شەریفیان کۆنتڕۆڵکرد، هێرشیان کردە سەر کۆنسوڵخانەی ئێران و هەشت دیپلۆماتکاری ئێرانیان کوشت.
 
وەزیری دەرەوەی ئێران لەبارەی ئەو هێرشانەی تاڵیبان دەڵێت: نە لێیان خۆش دەبن، نە لەبیری دەکەن، بەڵام دەوڵەتی ئێران ئەو کاتە بڕیاری دا کە تۆڵەنەکاتەوە، چونکە شەڕێکی لەو شێوەیە زیانی بە خەڵکی ئەفغانستان دەگەیاند.
 
فەرماندەی هێزە سەربازییەکانی ئەفغانستان لە ساڵی 2017 رایگەیاندبوو کە ئێران "چەک بە تاڵیبان دەدات، راهێنانیان پێدەکات و بریندارەکانیان چاکدەکاتەوە"، جەواد زەریف سەرجەم ئەو قسانە رەتدەکاتەوە، بەڵام دەڵێت: "گفتوگۆی جیدیمان هەیە لەگەڵ تاڵیبان و خۆم لە تاران لەگەڵ موللا بەرادەر [یەکێک لە دامەزرێنەرانی بزووتنەوەی تاڵیبان] چاوپێکەوتنم کردووە".
 
هەروەها وەزیری دەرەوەی ئێران بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئەمریکاش پەیوەندیی لەگەڵ تاڵیبان هەبووە تەنانەت پێش گفتوگۆکانی ئاشتی لە دەوحە، پایتەختی قەتەر، جەواد زەریف لە وەڵامی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کە گوتبووی "ئێران بووەتە ئەفغانستان بۆ تاڵیبان"، رایگەیاند: "هیچ کەسێک فریو ناخوات. هەموو تیرۆریستانی 11ی سێپتێمبەر لە وڵاتە دڵخوازەکەی مایک پۆمپەیۆوە هاتوون؛ هیچیان لە ئێرانەوە نەهاتوون."
 

مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2020 رۆژنامەی نیویۆرک تایمز بڵاویکردووە، ئەبو محەممەد میسری کە سەر بە قاعیدە بووە، تۆمەتبارە بە هاوکاریکردن لە بۆمبارانکردنی دوو باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ئەفریقا و لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە ئێران لەلایەن ئیسرائیلەوە کوژراوە. ئێرانیش ئەو راپۆرتەی رەتکردەوە و رایگەیاند، هیچ "تیرۆریستێکی قاعیدە" لەسەر خاکی وڵاتەکەی نییە. پۆمپەیۆ لەبارەی کوژرانی ئەبو محەممەد میسرییەوە گوتی، بۆ یەکەمجارە کە رایدەگەیێنێت، میسری لە 7ی ئابی 2020 کوژراوە و چوونیشی بۆ ئێران "هیچ جێگای سەرسووڕمان نییە".
 
وەزیری دەرەوەی ئێران نایشارێتەوە کە ئەندامانی تاڵیبان لە ئێران هەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا رەتیدەکاتەوە کە "لە نێوخۆی ئێران بنکە و بارەگایان هەبێت". هەروەها دەشڵێت: "هیچ زانیارییەکم لەبارەی کۆمیتەی زاهێدان نییە" کە کۆمیتەیەکی سەر بە رێکخراوی تاڵیبانە.
 
لەبارەی پەیوەندیی نێوان ئێران و رێکخراوی قاعیدە مەلا حەسەن دەڵێت: "خاڵی هاوبەش هەیە لەنێوان کۆماری ئیسلامی و قاعیدە، ئەوان لە دروستکردنی دەوڵەتی ئیسلامی یەک ئامانجیان هەیە. هەروەها ئێران پەیڕەوی سیاسەتی ماکیاڤیلی دەکات، پێیانوایە دەتوانن لەپێناو ئامانجەکەیان هەر ئامڕازێک بەکاربێنن. راستە لە شوێنێک دژی قاعیدەن، بەڵام لە بابەتە گشتییەکان وەکو راوەستان دژی رۆژئاوا و دژی ئەو دەسەڵاتانەی کە هەوێنێکی نەتەوەییان هەیە یەک ئامانجیان هەیە، لەبەر ئەوە خاڵی هاوبەشیان زۆرە لەگەڵ قاعیدە".
 
ئەو شارەزایەی بزووتنەوەی جیهادی پێیوایە ئێران ئەو گرووپە تووندڕەوانەی لە سووریا بەکارهێناوە و دەڵێت: "پێش دروستبوونی شەڕی سووریا، ئەوانەی لە باشووری کوردستانەوە چوونە ئێران، کۆماری ئیسلامی هەموویانی زیندانی کرد، بەڵام دوای راپەڕینی گەلانی سووریا، هەموویانی لە زیندان ئازاد کرد بۆ ئەوەی شەڕەکە بە ئاقارێکی دیکە ببات، بۆ ئامانجی خۆیان لە سووریا، چونکە ئێران دەیویست تیرۆریزم لە سووریا دروستبکات بۆ ئەوەی پاساوی هەبێ بۆ شەڕکردن لە سووریا و، لەو ئامانجەش تاوەکو ئاستێکی باش سەرکەوتوو بوون".
 

دەستپێکی کاری ئەنسارولئیسلام لە ئێران
 
 
موختار هۆشمەند، لێکۆڵەر و شارەزا لە کاری گرووپە جیهادییەکان ئاماژەی بە بوونی پەیوەندیی لەنێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و گرووپە جیهادییەکانی سەر بە رێکخراوی قاعیدە کرد.
 
ئەو لێکۆڵەرە لەبارەی سەرەتای کار و چالاکیی ئەنسارولئیسلام لە ئێران دەڵێت، بوونی ئەندامانی قاعیدە لە ئێران دەگەڕێتەوە بۆ دوای ساڵی 2003 و کۆچکردنی ئەندامانی ئەنسارولئیسلام بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان، لە ساڵی 2005 بەدواوە لە زۆربەی لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان خۆیان رێکخست، ساڵی 2005 بۆ 2008 بە ساڵانی زێڕینی ئەم گرووپانە دادەنرێن لە رۆژهەڵاتی کوردستان، لەژێر ناوی کەتائیبی کوردستان و کەتائیبەکانی ئەهلی سوننە خۆیان رێکخست، زۆربەی گرووپەکان بڕوایان وابوو نابێت دژی ئێران چالاکی ئەنجام بدرێت، بەڵام بەشێکی دیکە لە گرووپەکان رایان وابوو دەبێت دژی ئێران چالاکی ئەمجامبدەن، بۆیە ئێران سنووری بۆ بەشێک لە جیهادییەکان دانا و دەستگیریکردن.

 

 
ناوچەکانی کرماشان، جوانڕۆ و پاوە شوێنی بەیەکگەیشتنی کوردانی شیعە، سوننە و یارسانە، مەلا حەسەن پێیوایە "لەو ناوچانەدا ژمارەی سەلەفییەتی جیهادیی قیتالی زیاترە، چونکە ئێران بەئەنقەست لەو شوێنانە دەستی ئاوەڵاکردوون". 
 
بە گوتەی مەلا حەسەن واژی: "ئێران دەیەوێت ئەو گرووپانە زۆر بەخراپیی بەسەر کورددا بشکێنێتەوە، مەبەستی ئەوەیە کێشە بۆ کورد دروستبکات، لەو کارەشی چەند ئامانجێکی هەیە: یەکەمیان ئەوەیە کە دانیشتووانی زنجیرە شاخی زاگرۆس لەت بکات وەکو کرماشان و ئیلام، چونکە ئەو ناوچانە سەرچاوەی نەوتی هەیە. بۆ ئەوەی کورد شەڕی زاراوە و ئایینی بکات، کورد لەت بکات و هێندەی دیکە کورد بچووک بکاتەوە، هەروەها دەیانەوێت شەڕی یارسانەکان دروستبکەن، بۆ ئەوەی دۆخێک بەرهەمبهێنن کە کورد نەتوانێت لێی دەربچێت".