فوئاد حوسێن: گرووپە جیاوازەکان لەسەر سنووری عێراق - ئێران لە چەک داماڵراون
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی عێراق لە تارانەوە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا لەگەڵ حوسێن عەبدوڵڵاهیان، هاوتا ئێرانییەکەی رایگەیاند "بەیەکەوە گفتوگۆمان لەبارەی رێککەوتنی ئەمنیی نێوان هەردوولا کرد، دەستووری عێراق بەشێوەیەکی روون ئاماژە بەوە دەکات، نابێت رێگەبدرێت بە هیچ جۆرە گرووپێک زەویی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر دەوڵەتێکی دیکە بەکاربهێنێت".
سەبارەت بە هاوکاریی ئەمنیی نێوان عێراق و ئێران، فوئاد حوسێن رایگەیاند "ئەمە لە لایەنی عێراقییەوە لە بنچینەدا پشت بە دەستووری عێراق دەبەستێت و دەبێت پابەندبین پێیەوە، بۆیە پلانی ئەمنی داڕێژراوە و پێیەوە پابەند بووین و ئێستا ئێمە لە ئامانجی کۆتایی ئەو پلانەداین و بەشێکی گرووپە جیاوازەکان لە چەک داماڵراون لەسەر سنووری نێوان عێراق و ئێران و کەمپمان بۆ پەنابەران دروستکردووە کە لەداهاتوودا دەچێتە ژێر سایەی پاراستنی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەران یان پاراستنی نەتەوەیی."
فوئاد حوسێن هەروەها دەڵێ "مەعقول نییە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات (عێراق و ئێران) زۆر باش بێت، بەڵام لەهەمان کاتدا هەندێکجار سەروەریی عێراق و هەرێمی کوردستان هەڕەشەیان لێبکرێت."
دەقی گوتەکانی فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق
لەگەڵ رێزدار وەزیر باسی رێککەوتنی ئەمنی نێوان هەردوولامان کرد، دەستووری عێراقی بە روونی ئاماژەی بەوەکردووە کە نابێت بوار بەهیچ گرووپێک بدرێت خاکی عێراقی بەکاربهێنیت و لە خاکی عێراقەوە هێرش بکاتە سەر وڵاتێکی دیکە. هاوکاری ئەمنی نێوان عێراق و کۆماری ئیسلامی ئێران وەک لایەنی عێراقی لە بنەڕەتدا پشت بە دەستوور و پابەندبوون بە دەستووری عێراقی دەبەستێت. بۆیە پلان و پابەندوون پێوەی باسکرا و ئێمە ئێستا لە سەروبەندی گەیشتنین بە ئامانجی کۆتایی پلانەکە. گرووپە جیاوازەکان لە چەک داماڵدراون لەسەر سنووری عێراق و ئێران، کەمپ دروستکراوە و دەبێتە کەمپی پەنابەران، ئەم کەمپانە لە داهاتوو دەکەونە ژێر پاراستنی رێکخراوی پەنابەرانی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان یان ژێر پاراستنی نێودەوڵەتی. دووپاتی دەکەینەوە کە حکومەتیی عێراقی و حکومەتی هەرێمی کوردستان هاوکاربوونە. لەلایەن هەردوولا پلانەکە و پابەندبوون و جێبەجێکردنی پلانەکە خراوەتەڕوو. دەمەوێت دووپاتی بکەمەوە پەیوەندیی نێوان هەردوو وڵات باشە، ئەگەر هەندێک کێشە و بابەتیش هەبن؛ هیوادارین لە رێگەی گفتوگۆ و دانوستاندن چارەسەر بێت. رەوا نییە پەیوەندی نێوان هەردوو وڵات نایاب بێت کەچی لە هەندێک کاتدا هەڕەشە لە سەروەری عێراق بکرێت، هەڕەشە لە کوردستانی عێراق بکرێت بە بۆردوومان یان هەڵمەتی سەربازی، پێویستە دووربکەوینەوە لەم رێگەیانە، رێگەی دیکەمان هەیە، ئەویش رێگەی دانوستاندن و دیالۆگە. رێککەوتنی ئەمنیمان هەیە، کاتێک لە تارانەوە رایدەگەیێنین کە پابەندی رێککەوتنی ئەمنین، هەروەک پێویستمان بە گەرەنتی لایەنی ئێرانیشە کە نابێت زمانی تووندتیژی و هێرشکردن بەکاربێت لە نێوان هەردوو گەلی دۆست و وڵاتی دراوسێ. ئێمە رێگەی جیاوازمان هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان. سوپاس بۆ خودا گەیشتووینەتە رێککەوتن و لێکتێگەیشتن، کێشەکان بە دیالۆگ و دانوستاندن چارەسەر دەکەین.