حکومەتی نوێی ئیسرائیل پێکهێندرا و دوای 12 ساڵ نەتەنیاهوو دەسەڵات جێدەهێڵێت

رووداو دیجیتاڵ

پەرلەمانی ئیسرائیل بە دەنگی زۆرینەی ئەندامەکان حکومەتی نوێی پەسندکرد و کۆتایی بە دەسەڵاتی بنیامین نەتەنیاهوو هێنا. نافتالی بێنێت-یش بۆ ماوەی دوو ساڵ وەکو سەرۆکوەزیران هەڵبژێردرا. سەرۆکی پەرلەمانی ئیسرائیلیش هەڵبژێردرا کە بە رەچەڵەک کوردە.

حکومەتی نوێی ئیسرائیل بە سەرۆکایەتیی نافتالی بێنێت پێکهێنرا کە بۆ ماوەی دوو ساڵ سەرۆکوەزیران دەبێت. بەپێی میدیاکانی ئیسرائیل، لە کۆی 120 ئەندامی پەرلەمانی ئیسرائیل، ناسراو بە کنیسێت، 60 کەس دەنگیان بە نافتالی داوە و 59 کەسیش لە دژی دەنگیان داوە.

لە یەکەمین لێدوانیدا، بێنێت جەختی لەوە کردەوە کە پارێزگاریی لە "دەوڵەتی ئیسرائیل و یاساکانی دەکات". دوای نافتالی بێنێت-یش بڕیارە دوو ساڵی دووەمی کابینەی حکومەت یائیر لاپید، سەرۆكی پارتی یێش عاتید "داهاتوو هەیە" ببێتە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل.

هاوکات میکی لێڤی وەکو سەرۆکی نوێی پەرلەمانی ئیسرائیل هەڵبژێردرا کە دایک و باوکی وەکو کۆچبەر لە جزیر-ی باکووری کوردستانەوە چوونەتە ئیسرائیل، واتە بە رەچەڵەک کوردە، پێشتریش لە ساڵی 2015 لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ هێمن عەبدوڵڵا، ئاماژەی بەوە کرد کە کوردە و شانازی بە کوردستانەوە دەکات.

ئەمڕۆ بنیامین نەتەنیاهوو رایگەیاند، بەمزووانە دەگەڕێنەوە و دەبنە "ئۆپۆزیسیۆنی بەهێزی ئیسرائیل". بە ئاماژەکردن بۆ رکابەرەکانی، ئاماژەی بەوەش کرد، "من شەڕی ئێران دەکەم، ئێوە نەتانکردووە"، گوتیشی "خەڵک دەخوازێت من سەرۆکوەزیران بم.. رکابەرەکانی ئێمە راستگۆ نین و دەیانەوێت خەڵک بخەڵەتێنن".

بە گوتەی نەتەنیاهوو، ئەوان ئومێدیان لەدەستنەداوە و دەڵێت "دەگەڕێینەوە دەسەڵات"، ئەوەشی خستەڕوو کە توانیویەتی بێکاری لە ئیسرائیل کەمبکاتەوە و گەشە بە ئابووریش بدات.

نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، رۆژی دووشەممە 14-06-2021 بنیامین نەتەنیاهوو لەگەڵ نافتالی بێنێت کۆدەبێتەوە و دەسەڵاتی رادەست دەکات، کۆبوونەوەکەش لە نووسینگەی سەرۆکوەزیران لە قودس/ئورشەلیم دەکرێت.

جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا پیرۆزبایی لە بێنێت کرد و رایگەیاند، چاویان لە پێکەوە کارکردنە بەمەبەستی بەهێزکردنی هەموو پەیوەندییەکانی نێوانیان، "ئیسرائیل هیچ دۆستێکی باشتر لە ئەمریکای نییە".

پێکهێنانی حکومەتی نوێی ئیسرائیل دوای چوار جار ئەنجامدانی هەڵبژاردن بوو، کە پێشتر هیچ لایەنێک نەیتوانی زۆرینەی پەرلەمانی بۆ ئەو مەبەستە پێکبهێنێت.