نەتەنیاهوو: لە عەرەب و جوو قبووڵ ناکەین هێرشبکەنە سەر یەکدی


رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هەڕەشە لە عەرەب و جووەکانی ئیسرائیل دەکات بەشداری هەر کارێکی تێکدەرانە و پێکدادانەکان بکەن و دەڵێت "چاوپۆشی نە لە عەرەب و نە لە جووەکانیش ناکەین".
 
دوای ئالۆزییەکانی ئۆرشەلیم -قودس- و ناوچەکانی نزیک مزگەوتی ئەقسا و هەروەها هێرشی حەماس و ئیسرائیل بۆ سەر یەکدی، لە بەشێکی شارەکانی ئیسرائیل پێکدادان و ئاڵۆزیی لەنێوان عەرەب و جووەکانی ئەو وڵاتە دروستبووە. هەندێکجار عەرەبە موسڵمانەکان و جووەکان هێرشدەکەنە سەر یەکدی.
 
بەڵام بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت، "من گرنگی بەوە نادەم کێ دڵی گەرمە، دەبێت یاسا حوکم بکات، لە عەرەب و جووش قبووڵ ناکەین، هێرش بکەنە سەر خەڵکی مەدەنی".
 
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لەبارەی گرژییەکانەوە دەڵێت، "بینیمان هەندێک ئاژاوەگێر ئاگریان لە پەرستگە، ئۆتۆمبێل و ماڵی خەڵک بەرداوە، عەرەب لە شارەکاندا پەلاماری پۆلیسیان داوە، زیانیان بە خەڵکی بێتاوانی سڤیل گەیاندووە. ئەمە شتێکە قبووڵ ناکرێت، ئەمە ئاژاوەگێڕییە. هیچ پاساوێک بۆ ئەم کارانە نییە، پێتان دەڵێم هیچ پاساوێک بۆ کوشتنی عەرەبەکان نییە لەلایەن جووکانەوە، هیچ پاساوێکیش بۆ کوشتنی جووەکان لەلایەن عەرەبەکانەوە نییە". 
 
لە یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزان ئیسرائیل بۆردوومانێکی چڕیی غەززە دەکات، تەندروستیی فەلەستین دەڵێت، تاوەکو ئێستا 69 هاووڵاتیی وڵاتەکەی کوژراون کە 17ـیان منداڵن. بزووتنەوەی حەماسیش کوژرانی بەسام عیسا، فەرماندەیەکی باڵای غەززەی رایگەیاند.
 
لە لایەکی دیکەوە ئەنتۆنی بلینکن قسەی لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کردووە لەبارەی کۆتاییهێنان بە تووندییەکانی هەردوولا.
 
لە گرژییەکانی ئیسرائیل و فەلەستین تاوەکو ئێستا بزووتنەوەی حەماس هەزار و 500 مووشەکی لە غەززەوە ئاراستەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا واشنتن هیچ زانیارییەکی لەبارەی گفتوگۆکردن لەگەڵ هیچ سەرکردەیەکی حەماس بڵاونەکردووەتەوە، چونکە بە گرووپێکی "تیرۆریستی" لە قەڵەمیان دەدات.
 
گرژییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە نزیکەی هەفتەیەکە لەسەر چەند خانوویەکی گەڕەکی شێخ جەڕاح دەستیان پێکردووە. بە بڕیاری دادگە داوا کراوە چوار ماڵ لەو گەڕەکە چۆڵبکرێن. عەرەبەکانی ئۆرشەلیم (قودسیش) دەڵێن، "لەسەر لاشەیان دەتوانن خانووەکانیان لێبسێنن و نەتانیاهووش ئامادەی رووبەڕووبوونەوەیە".