ئوردن بەهۆی "زیادبوونی مەترسییەکانی ناوچەکە" ئاسمانی خۆی بە رووی فڕۆکەکان دادەخات
رووداو دیجیتاڵ
لەگەڵ زیادبوونی گرژییەکانی ناوچەکە و نزیکبوونەوەی وادەی ئەگەری هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، ئوردن بڕیاریدا لەم شەوەوە، سنووری ئاسمانیی خۆی بە رووی هەموو فڕۆکەیەکدا دابخات.
دەستەی رێکخستنی فڕۆکەوانیی سڤیلی ئوردن رۆژی شەممە، لە راگەیێندراوێکدا ئاماژە بەوە دەکات، بڕیاریان داوە "بە شێوەیەکی کاتی"، لە کاژێر 11:00ـی ئەمشەوەوە (13-4-2024) بە کاتی نێوخۆ، کە دەکاتە هەمان کاتی هەولێر، ئاسمانی ئوردن بە رووی هەموو فڕۆکەیەک دابخات.
دەستەکە دەڵێت لەپێناو "پاراستنی سەلامەتی و ئاساییشی فڕۆکەوانیی سڤیل لە ئاسمانی ئوردن و لە ژێر رۆشنایی زیادبوونی مەترسییەکان لە ناوچەکە و دوای هەڵسەنگاندنی مەترسییەکان بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان،" ئەم بڕیارەی داوە.
دامەزراوە حکومییە ئوردنییەکە روونیشیدەکاتەوە "بەپێی پەرەسەندنەکان و بەشێوەیەکی بەردەوام" پێداچوونەوە بۆ رێکارەکە دەکرێت و نوێدەکرێتەوە.
ناوچەکە بەهۆی هەڕەشەکانی ئێران و ئیسرائیل دژی یەکدی، بە بارگرژی و ناڕوونیدا تێدەپەڕێت. ئێران هەڕەشەی هێرشکردنە سەر ئیسرئیل دەکات لە تۆڵەی هێرشەکەی یەکی نیسان بۆ سەر کۆنسوڵخانەکەی لە دیمەشق کە بووە هۆی کوژرانی حەوت پاسدار، کە دووانیان فەرماندە بوون.
لە دوایین پێشهاتدا، رۆژی شەممە، کەشتییەکی بازرگانی کە خاوەنەکەی هاووڵاتییەکی ئیسرائیلییە لە نزیک گەرووی هورمز لە لایەن هێزی کۆماندۆی سوپای پاسدارانی ئێرانەوە دەستی بەسەردا گیرا.
رۆژی شەممە، دانیێل هەگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل هۆشداریی دا، "بەرپرسیاریێتیی لێکەوتەکانی هەڵکشانی زیاتری دۆخەکەی لە ئەستۆی ئێراندایە."
زیادبوونی ئەم گرژییانە هاوکاتە لەگەڵ بەردەوامبوونی جەنگی غەززە لەنێوان ئیسرائیل و حەماس، کە زیاتر لە شەش مانگە بەردەوامە و بووەتە هۆی وێرانبوونی کەرتی غەززە و گیانلەدەستدانی زیاتر لە 33 هەزار و 600 فەلەستینی، هەروەها برینداربوونی 76 هەزار و 200ـی دیکە.
جەنگەکە دوای ئەوە دەستیپێکرد کە حەماس لە 7ی ئۆکتۆبەر هێرشی کردە سەر ئۆردووگا جوونشینەکانی دەوروبەری کەرتی غەززە، کە لەو رۆژەدا، بە گوێرەی سوپای ئیسرائیل، نزیکەی هەزار و 200 کەس کوژران و 250ـی دیکەش بە بارمتە گیران.