سوپای ئیسرائیل: حیزبوڵڵا بە دوو درۆن و سێ مووشەک هێرشی کردە سەر شارۆچکەیەکی سەر سنوور
رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، حیزبوڵڵای لوبنان بە دوو درۆن و سێ مووشەک هێرشی کردووەتە سەر شارۆچکەیەکی سەر سنوور.
سوپاکە ئاماژە بەوە دەکات، حیزبوڵڵا سەرەتا بە دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرشی کردووەتە سەر شارۆچکەی حانیتا لە باکووری ئەو وڵاتە و دوترا سێ مووشەکی ئاراستەی هەمان ناوچە کرد.
حیزبوڵڵاش رایگەیاند، پێگەیەکی هێزەکانی ئیسرائیلی کردووەتە ئامانج.
سوپای ئیسرائیل هیچ زانیاریێکی لە بارەی زیانەکان نەخستووەتەڕوو، بەڵام باس لەوە دەکات کە سەربازەکانی بە تۆپباران وەڵامی سەرچاوەی هێرشەکانیان داوەتەوە.
لەو کاتەوەی جەنگی غەززە دەستیپێکردووە، ئیسرائیل و حیزبوڵڵای هاوپەیمانی حەماس بە شێوەیەکی نیمچە رۆژانە لەسەر سنوور هێرشیان کردووەتە سەر یەکدی
هێرشەکانی ئەمڕۆ دوای ئەوە دێن کە دوێنێ هەینی، بزووتنەوە لوبنانییەکە کە هاوپەیمانی ئێرانیشە، لە وەڵامی ژمارەیەک هێرشی ئاسمانیی ئیسرائیل بۆ سەر پێگەکانی لە باشووری لوبنان، "نزیکەی 40 مووشەک"ـی ئاراستەی باکووری ئیسرائیل کرد، بە گوتەی سوپای ئیسرایل، هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتەوە.
هێرشەکانی ئیسرائیل تاوەکو ئێستا بوونەتە هۆی کوژرانی 363 کەس لە سنووری لوبنان کە زۆربەیان چەکداری حیزبوڵڵان و لانیکەم 70ـیان خەڵکی سڤیلن.
هێرشەکانی حیزبوڵڵاش بوونەتە هۆی کوژرانی 10 سەرباز و 8 کەسی سڤیلی ئیسرائیل.
جەنگی غەززە لەنێوان ئیسرائیل و حەماس زیاتر لە شەش مانگە بەردەوامە و بووەتە هۆی وێرانبوونی کەرتی غەززە و گیانلەدەستدانی زیاتر لە 33 هەزار و 600 فەلەستینی و، برینداربوونی 76 هەزار و 200 کەسی دیکە.
جەنگەکە دوای ئەوە دەستیپێکرد؛ حەماس لە 7ـی ئۆکتۆبەر هێرشی کردە سەر ئۆردووگا جوونشینەکانی دەوروبەری کەرتی غەززە، کە لەو رۆژەدا، بە گوێرەی سوپای ئیسرائیل، نزیکەی هەزار و 200 کەس کوژران و 250ـی دیکە بە بارمتە گیران.