حووسییەکانی یەمەن: خەڵکی غەززە ئاوارە بکرێن، هێرش دەکەین

13-02-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بزووتنەوەی حووسییەکانی یەمەن هەڕەشەی هێرشی نوێ دەکەن، ئەگەر خەڵکی غەززە بەهۆی پلانەکەی ترەمپەوە رابگوێزرێنە دەرەوەی کەرتەکە.
 
رۆژی پێنجشەممە 13-02-2025 عەبدولمەلیک حووسی، سەرکردەی حووسییەکانی یەمەن رایگەیاند: "ئەگەر ئەمریکا و ئیسرائیل پلانی ئاوارەکردنی خەڵکی غەززە جێبەجێ بکەن، وەڵامی ئێمە هێرشی مووشەکی، درۆنی و دەریایی دەبێت."
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندووە، ئەمریکا دەست بەسەر کەرتی غەززەدا دەگرێت و خەڵکەکەشی بۆ دەرەوەی کەرتەکە دەگوازێتەوە، "تاوەکو غەززە دەبووژێننەوە و بنیاتی دەنێنەوە."
 
لێدوانەکەی ترەمپ لەسەر ئاستی وڵاتانی ئەندام لە کۆمکاری عەرەبی و نێودەوڵەتیش کاردانەوە و ناڕەزایەتیی زۆری لێکەوتەوە.
 
لەوکاتەوەی جەنگی حەماس و ئیسرائیل لە 07-10-2023 دەستیپێکردووە، حووسییەکان سەدان هێرشیان کردووەتە سەر ئیسرائیل، دەریای سوور و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و بەریتانیا.
 
عەبدولمەلیک حووسی گوتیشی: "داوا لە هێزە چەکدارەکان دەکەم، ئەگەر ترەمپی تاوانبار هەڕەشەکانی جێبەجێکرد، بۆ هەنگاوی سەربازی ئامادەبن."
 
رۆژی 27ـی کانوونی دووەمی 2025، رێکخراوی بزووتنەوەی رووبەڕووبوونەوەی تاوانی دژەجوو راپۆرتێکی سەبارەت بە هێرشی سەر جووەکان بە گشتی و گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر ئیسرائیل بەتایبەتی بڵاوکردەوە. 
 
بە گوێرەی راپۆرتەکە، پار 18 هەزار و 665 هێرش کرانە سەر ئیسرائیل. لەو هێرشانەدا 134 کەس کوژران و هەزار و 227 کەسی دیکەش بریندار بوون. 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە