حکومەتی یەمەن و حووسییەکان لەسەر هەناردەکردنی نەوت و گاز رێککەوتن

رووداو-هەولێر

دانوستاندنی سوید لەنێوان حکومەتی دانپێدانراوی یەمەن و حوسییەکان کە بە نێوەندگیری نەتەوە یەکگرتووەکان بەڕێوەدەچێت، چووە قۆناخێکی نوێیەوە، دوای ئەوەی هەردوو شاندی حکومەتی یەمەن و حووسییەکان لەسەر دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت و گازی وڵاتەکەیان رێککەوتن.


هەر ئەمڕۆ چوارشەممە هەردوولا لەسەر کردنەوەی فڕۆکەخانەی سەنعا رێککەوتن، بەڵام ئەو گەشتانەی ئەنجامدەدرێن جارێ نێوخۆیین. یەکێکی دیکە لە پێشکەوتنەکانی دیکەی گفتوگۆکان ئەوەیە، دوێنێ سێشەممە هەردوو شاندەکە لیستی دیل و دەستگیرکراوەکانی نێوانیان رادەستی یەکدی کرد. هەردوو لیستەکە ناوی 15 هەزار کەسی لە خۆگرتووە. 

بەگوتەی نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری یەمەن، پێشکەوتنی گەورە بە دانوستاندنەکانی نێوان حکومەتی یەمەن و شاندی حوسییەکان دەبینرێت، مارتین گریفس دەشڵێت: "بەڵام هێشتا هەوڵی زۆریش ماوە". 

ناوەڕاستی هەفتە شاندە دژ بە یەکەکانی یەمەن لەسەر هەستیارترین هۆکاری بەردەوامی پێکدادانەکان گفتوگۆیان کرد کە بریتی بوو لە بەندەری حودەیدە، ئه‌و به‌نده‌ره‌ى %75ى خۆراك و هاوكارى مرۆیی له‌ رێگه‌یه‌وه‌ ده‌هێنرێته‌ یه‌مه‌نه‌وه‌. 

حکومەتی یەمەن سوورە بە شەڕ بێ یان بە ئاشتی بەندەری حودەیدەی بکەوێتەوە دەست، حوسییەکانیش داوادەکەن ببێتە ناوچەی هێمن لەنێوان هەردوولادا. 

لەرۆژی پێنجشەممەی رابردووەوە، هەردوو شاندی حکومەتی یەمەن و چەکدارە حوسییەکان لە سوید لە گفتوگۆدان بەمەبەستی گەیشتن بە رێککەوتنی ئاشتی و کۆتاییهێنان بە شەڕی ناوخۆیی ئەو وڵاتە کە لەساڵی 2015وە دەستیپێکردووە وبووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 11 هەزار کەس و ئاوارە بوونی ملیۆنان کەسی دیکە.

پێداچوونەوە؛ عومەر شایان