سوودانى: ئامادەین بۆ بەدیهێنانی ئاسایش هاوکاریی سووریا بکەین

 
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکوەزیرانى عێراق رایگەیاند، گرنگە هاریکارى لە نێوان عێراق و سووریا هەبێت بۆ ئاڵوگۆڕى زانیاریى هەواڵگرى. ئامادەیی پێشاندا بۆ هاوکاریکردنى سووریا لە هێنانە کایەى ئاسایش لەو وڵاتە.
 
ئەو لێدوانەى محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیران لە کۆبوونەوەیەدا بوو لەگەڵ محەممەد خالید رەحیموون، وەزیرى ناوخۆى سووریا.
 
سەرۆکوەزیرانى عێراق باسی گرنگیی هاوئاهەنگیى ئەمنى نێوان عێراق و سووریا کردووە لە رێگەى چەندین دۆسیە، لە پێش هەموویانەوە بنەبڕکردنى تیرۆر و مادەى هۆشبەر "گرنگە پەیوەندى لە نێوان بەرپرسانى ئەمنى هەردوو وڵات و هاریکارى هەبێت لە بوارى ئاڵوگۆڕى زانیاریى هەواڵگرى."
 
ئەو دیدارە لە پاش واژۆکردنى رێککەوتنى هاریکاریى ئەمنى نێوان عەبدولئەمیر شمەرى، وەزیرى ناوخۆى عێراق و هاوتا سورییەکەى بوو.
 
سوودانى ئامادەیی عێراقى پێشاندا بۆ ئەوپەڕى هاوکارى لەگەڵ وەزارەتى ناوخۆى سووریا، لە پێشیانەوە هێنانەکایەى ئاسایش لە سووریا و لەسەر سنوورى هاوبەشى نێوانیان و دوورخستنەوەى مەترسی تیرۆر بەشێوەیەک کە هاوکار بێت لە بەهێزکردنى ئاسایشى هەردوو وڵات و کاریگەری لەسەر سەقامگیرى ناوچەکە.
 
درێژیی سنوورى نێوان عێراق و سووریا نزیکەى 610 کیلۆمەترە، بەگوێرەى وەزارەتى ناوخۆى عێراق80٪ى ئەو سنوورەیان توندکردووەتەوە، زیاتر لە 130 کیلۆمەترى بە بەربەستى کۆنکرێتى گیراوە.