شەڕی دژی داعش و قاعیدە حیزبوڵڵای لوبنان بەهێزتر دەكات
رووداوـ هەولێر
هەفتەی رابردوو، حیزبوڵڵای لوبنانی كۆتایی ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی شارۆچكەی عرسالی لە چەكدارانی بەرەی نوسرە راگەیاند كە لە 20ی تەمووزەوە بەردەوام بوو. ئۆپەراسیۆنەكە بە كردەوە لە كۆتایی مانگی رابردوو تەواو ببوو، تەنانەت هەفتەیەك دوای ئۆپەراسیۆنەكە، حیزبوڵڵا رێككەوتنێكی ئاگربەستی لەگەڵ نوسرە راگەیاند كە بەپێی رێككەوتنەكە رێ بە چەكدارانی نوسرە درا بەرەو ناوچەكانی ژێر كۆنترۆڵی ئۆپۆزیسیۆن لە سووریا رابكەن.
ئۆپەراسیۆنەكە بەهۆی هەڵمەتە نێودەوڵەتییەكەی دژی داعش نەیتوانی بەشێوەیەكی ئەوتۆ سەرنج رابكێشێ، بەڵام ئەو ئۆپەراسیۆنە ئاماژەیە بۆ گۆڕانكارییەكی گەورە لە نەزمی نێوخۆیی لوبنان و نەزمی ناوچەكە بە گشتی.
یەكەم خاڵی جێی سەرنج لەو ئۆپەراسیۆنەدا ئەوە بوو كە حیزبوڵڵا بە پشتگیری و هاوكاریی سوپای سووریا و سوپای لوبنان ئەو ئۆپەراسیۆنەی كرد. هاوكاریی حیزبوڵڵا و سوپای سووریا شتێكی نامۆ نییە، بەڵام هێزەكانی حیزبوڵڵا و سوپای سووریا (سەرەڕای هاوئاهەنگییەكانیان) هیچ كات پەیوەندییەكی شەفاف و دۆستانە نەبووە و هەركامیان هەوڵی فراوانكردنی سنووری دەسەڵاتی خۆیان داوە، بۆیە واژۆكردنی سەعد حەریری، سەرۆكوەزیرانی لوبنان لەسەر ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكەی عرسال، ئاماژەیە بۆ هاوسەنگییەكی نوێی دەسەڵات كە بەرە بەرە لە لوبنان دروستدەبێت.
روانگەی رۆژئاوا بۆ حیزبوڵڵا
لە ساڵانی سەرەتای قەیرانی سووریادا گوتاری زاڵ لە ئەمریكا و رۆژئاوا دژی حیزبوڵڵا و ئەسەد بوو، بەبێ ئەوەی ئەم گوتارە هیچ هەنگاوێكی كرداریی ئەوتۆی لەدژی سووریا و حیزبوڵڵا لێبكەوێتەوە. بەپێی راپۆرتێكی دامەزراوەی سێنچری (The Century Foundation) رۆژئاوا ئێستا بەو روانگەیەدا چووەتەوە و بڕیاریان داوە كە "هاوپەیمانێتییەكەی ئەسەد باشترە لە ئەڵتەرناتیڤەكەی (واتە ئۆپۆزیسیۆنی سووریا كە تاوەكوو دێت زیاتر ئیسلامی دەبێت)".
راپۆرتەكە دەشڵێت ئەو رۆڵە دوو لایەنەیەی حیزبوڵڵای لوبنان (واتە پاراستنی رژێمی ئەسەد و جێبەجێكردنی ستراتیژی تاران) كێشەی بۆ بڕیاری رۆژئاوا دەرحەق بەو رێكخراوە دروستكردووە و ناچارن رەچاوی هەردوو خاڵەكە بكەن.
هاوپەیمانێتیی حیزبوڵڵا
حیزبوڵڵا رێكخراوێكی نادەوڵەتییە، بەڵام هەر ئەو رێكخراوە توانی لە ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی عرسالدا هەردوو سوپای لوبنان و سووریا لێكدی نزیك بكاتەوە، تەنانەت خۆیشی سەركردایەتی ئۆپەراسیۆنەكە بكات. رەنگە یەك ساڵ لەمەوبەر ئەم هاوپەیمانێتییە لە خەیاڵی هیچ كەسێكدا جێگەی نەبووبایەوە، بەڵام ئەو ئۆپەراسیۆنە هاوبەشە ئاماژەیەكە بۆ ئەوەی شەڕی شەش ساڵەی سووریا خەریكە بەرەو خاڵێك هەنگاو دەنێت كە بە قازانجی هاوپەیمانێتییەكەی ئەسەد، ئێران، حیزبوڵڵا و رووسیایە.
راپۆرتەكەی دامەزراوەی سێنچری دەشڵێت، ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی حیزبوڵڵا، لوبنان و سووریا ئەو راستییە دەردەخات كە خۆدوورگرتنی ئەمریكا لە قەیرانی سووریا دروستبوونی هاوپەیمانێتیی نوێی كردە زەروورەتێك، لەو هاوپەیمانێتییەشدا لایەنەكانی نزیك لە ئەسەد دەستی باڵایان دەبێ.
قەیرانی سووریا و گەورەبوونی حیزبوڵڵا
لە دەستپێكی قەیرانی سووریاوە، حكومەتی لوبنان و هێزەكانی نزیك لە حكومەت رەخنەیان لە حیزبوڵڵا گرتووە كە بەشداریكردنی لە قەیرانی سووریادا هەڕەشەی لەسەر ئاسایشی نێوخۆیی لوبنان دروستكردووە. بەڵام حیزبوڵڵا هەزاران چەكداری رەوانەی سووریا كردووە و سەركردایەتی هەزاران چەكداری میلیشیای شیعەی دیكەی كردووە كە لە وڵاتانی دیكەوە رەوانەی سووریا كراون. ئۆپەراسیۆنەكەی عرسال ئاماژەیەكی روونە بەوەی دەسەڵات و توانای ئێستای حیزبوڵڵا هەڵقوڵاوی بەشداریی كارای ئەو رێكخراوەیە لە شەڕی نێوخۆی سووریا، ئەگەرچی لەو شەڕەدا زیانێكی مرۆیی زۆریش لەو رێكخراوە كەوتووە.
بەڵام حیزبوڵڵا هەر بەوەندە نەوەستاوە و لە ماوەی یەك ساڵی رابردوودا دەستی بە نزیكبوونەوە لە دامەزراوە حكومییەكانی لوبنانیش كردووە. ساڵی رابردوو ژمارەیەك هێرشی تیرۆریستی شارۆچكەی عرسالیان لە باكووری رۆژهەڵاتی لوبنان هەژاند. حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵا، داوای ستراتیژێكی بەرگری لەهەمبەر هێرشی گرووپە سوننە توندئاژۆكان كرد. نەسروڵڵا گوتی: "ئەركی دەوڵەت (بۆ پاراستنی سنوورەكان) ئەركی ئێمەشە". بەڵام جەختی لەوەش كردەوە كە ئەوان هەموو كات شانبەشانی سوپا و هێزە ئەمنییەكانی لوبنان كاردەكەن.
عرسال لە ساڵی 2014ەوە ناوچەی دەسەڵات و جموجۆڵی چەكدارانی بەرەی نوسرە (یان هەیئەی تەحریری شامی ئێستا) بووە، لە كاتی گوتارەكەی نەسروڵڵادا، حكومەتی لوبنان دوو ساڵ كاتی هەبوو بۆ ئەوەی پلانی پاككردنەوەی ئەو ناوچە سنوورییانە دابڕێژێت و جێبەجێیان بكات.
وەكوو لە راپۆرتی ناوەندی لێكۆڵینەوەی ستراتیژیی نێودەوڵەتی (CSIS)دا هاتووە، دووبەرەكی لەناو سوپای لوبنان رێگر بووە لەوەی ئەو هێزانە بتوانن فەرماندەییەكی ناوەندیی بەهێزیان هەبێت كە توانای داڕشتنی ستراتیژ و پلانێكی گشتگیری ئەمنی هەبێت. بە پێچەوانەوە، حیزبوڵڵا بەهۆی ئایدیۆلۆژیبوونی رێكخراوەكەوە، هەموو كات فەرماندەییەكی ناوەندیی بەهێزی هەبووە كە توانای بڕیاردانی ناوەندییان هەیە.
بە درێژایی مێژووی نوێی لوبنان چەند هۆكارێك وایان كردووە حكومەتی لوبنان نەتوانێ ستراتیژێكی بەرگری لە سنوورەكانی هەبێت، گەورەترین رێگرییەكانیش بریتی بوون لە قەیرانی پەیوەندییەكانی عەرەب و ئیسرائیل، ناكۆكی نێوخۆیی لوبنان و بێ متمانەیی بە سوپا و دواجاریش كێشەی لە مێژینەی نێوان سووریا و لوبنان كە بەردەوام رێگر بووە لەوەی لوبنان بتوانێ هێزێكی سەربازیی كارا لەسەر سنوورەكان جێگیر بكات.
ساڵی 2012 لە كاتی خەستبوونەوەی شەڕی نێوخۆی سووریا، حكومەتی لوبنان هەستی بەوە كرد كە دەبێ فۆكەسی لەسەر ئەوە بێ رێگە نەدات ئاسەوارەكانی ئەو شەڕە دزە بكاتە ناو خاكی لوبنانەوە. بەڵام شكستی هێزەكانی لوبنان لە عرسال لە 2014 و رازیبوونی ناچاریانەی حكومەتی لوبنان بە پلانەكەی حیزبوڵڵا بۆ گرتنەوەی ئەو شارۆچكەیە لە 2017 ، ئەو راستییە دەردەخەن كە سوپای لوبنان هێشتا نەیتوانیوە پلانی پاراستن یان كۆنتڕۆڵكردنەوەی سنوورەكانی بخاتە بواری جێبەجێكردنەوە. ئەمەش ئەو خاڵەیە كە حیزبوڵڵا چاوی لەسەریەتی بۆ ئەوەی لە چەند ساڵی داهاتوودا بۆ قایمكردنی شوێنی خۆی لەسەر سنوورەكان و لە ناوچەكە بەگشتی بیقۆزێتەوە.
لە كاتێكدا كە سوپای لوبنان شەڕی داعشی لە ناوچە سنوورەكان لە پێشە، پرسیارەكە ئەمەیە: حكومەتی لوبنان و هاوپەیمانە رۆژئاواییەكانی چ پلانێكیان بۆ رێگری لەو تموحەی حیزبوڵڵا هەیە كە هاوكات بەهێزبوونی هاوپەیمانەكانی حیزبوڵڵاشە لە نزیك دەریای نێوەڕاست؟