نێچیرڤان بارزانی بۆ محەممەد بن زاید: ئیمارات بووەتە چرایەکی هیوا بۆ ملیۆنان کەس

رووداو دیجیتاڵ
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی رۆژی لەدایکبوونی سەرۆکی ئیمارات، لە پەیامێکدا هیوای پەرەپێدانی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان دەخوازێت.
رۆژی سێشەممە، 11ـی ئاداری 2025، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکی پیرۆزبایی دا رایگەیاند: "هیوای باشترین بۆ هاوڕێم، شێخ محەممەد بن زاید ئال نەهیان لە رۆژی لەدایکبوونیدا دەخوازم. لەژێر سەرکردایەتیی محەممەد بن زاید دا، ئیمارات بووەتە چرایەکی هیوا و خۆشگوزەرانی بۆ ملیۆنان کەس لە سەرانسەری جیهاندا."
محەممەد بن زاید ئال نەهیان، سەرۆکی ئیمارات لە 11ـی ئاداری 1961 لەدایکبووە و ئەمڕۆ تەمەنی بووە 64 ساڵ.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان هاوکات، دەشڵێت "چاوەڕوانم بەردەوام بین لە کارکردن پێکەوە بۆ پەرەپێدانی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا و زیاتر بەهێزکردنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانمان."
پەیوەندییەکی پتەو لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئیمارات، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی ئیمارات دا هەیە.
ئاڵۆگۆڕی ئابووریی نێوان هەولێر و ئەبوزەبی، لە ساڵی 2007، بە وەبەرهێنانی ئیماراتی لە کەرتی وزەی هەرێمی کوردستاندا دەستیپێکرد، کە میرنشینە عەرەبییەکە یەکەمین وڵات بوو لەسەر ئاستی جیهان دەست بە کارکردن لە کێڵگە گازی و نەوتییەکانی هەرێمی کوردستاندا بکات.
ئێستاش کۆمپانیای دانە گازی ئیماراتی، رۆڵی سەرەکیی لە بەرهەمهێنانی گاز لە کۆرمۆری گەورەترین کێڵگەی گازی هەرێمی کوردستان لە چەمچەماڵی پارێزگەی سلێمانیدا دەگێڕێت.
هەروەها مانگی سووری ئیمارات لە دوای هێرشی ساڵی 2014ی داعش بۆ سەر عێراق و سووریا کە شەپۆڵێکی ئاوەرە و پەنابەرانی بەرەو هەرێمی کوردستان بەدوای خۆیدا هێنا، رۆڵێکی گرنگی لە دابینکردنی یارمەتیی مرۆیی بۆ لێقەوماوان هەبوو.