شاندێکی وەزارەتی دەرەوەی عێراق سەردانی سعودیە دەکات

رووداو- بەغدا

شاندێکی وەزارەتی دەرەوەی عێراق بڕیارە رۆژی 12-3-2017 سەردانی سعودیە بکات بۆ تاوتووێکردنی چەند پرسێکی نێوان هەردوو وڵات.

سەبارەت بەو سەردانەی شاندی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ئەحمەد جەمال، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند " شاندی عێراق لەسەر ئاستی بریکاری وەزارەتدایە و چەند پرسێک لەگەڵ سعودیە باسدەکەن، کە بایەخی دوولایەنەیان هەیە".

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق روونیشیکردووەتەوە، پەرەپێدانی پەیوەندی دوولایەنە و دەروازە سنوورییەکان و پەیوەندی بازرگانی نێوان عێراق و سعودیە باسیان لێوە دەکرێت. 

عادل جوبێر وەزیری دەرەوەی سعودیە 25ی شوباتی2017 سەردانی عێراقی کرد و دەستبەکاربوونی باڵیۆزی نوێی سعودیەی بە عەبادی راگەیاند. 

لە ماوەی رابردوودا پەیوەندییەکانی عێراق و سعودیە بەرز و نزمی زۆریان بەخۆوە بینیووە، بەڵام هەوڵی دوو لایەنە هەیە بۆ بەرەوپێشبردنی ئاستی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا.

پێداچوونەوە؛ عومەر شایان