ژمارەیەک عومرەکار لە مەدینە: کۆمپانیا فێڵی لێکردووین

رووداو دیجیتاڵ
ژمارەیەک عومرەکار لە مەدینەوە پەیوەندییان بە رووداوەوە کردووە دەڵێن، کۆمپانیایەک "فێڵ"ی لێکردوون، لە هۆتێل 7 کەس لە یەک ژووردا دەمێننەوە، هەندێکیشیان شوێنی مانەوەیان نییە. بەڕێوەبەری کۆمپانیاکەش دەڵێت: "کێشەکەیان چارەسەر کردووە."
رۆژی سێشەممە 11ـی شوباتی 2025، محەممەد عەبدوڵڵا، یەکێک لەو هاونیشتمانییانە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، کۆمپانیایەک "فێڵی لە ئێمە کرد و حەوت کەس لە یەک ژووری هۆتێلێک دەمێنینەوە، جگە لەوەی هەشت کەسمان شوێنیان نییە".
ئەو عومرەکارانە، کە سەرجەمیان خەڵکی هەولێرن، لە 2ـی ئەم مانگەوە لە مەککە بوون و ئەمڕۆ چوونەتە مەدینە. محەممەد عەبدوڵڵا دەڵێت: "لە کەرکووکەوە بە رێگەی وشکانی چووین، خۆمان 48 کەسین، کەچی شوێنی 40 کەسیان پێداوین و ئەو 8 کەسەی دیکەمان شوێن نییە لێی بخەون."
هەڤاڵ سابر محەممەد، بەڕێوەبەری کۆمپانیای 'ئەبراج قەندیل' بە رووداوی راگەیاند، "لە مەدینە هۆتێل کەمە، هەندێک کات بەیەکەوە ژمارەیەکی زۆر خەڵک روو لە هۆتێلەکان دەکەن، ئەو 48 عومرەکارە ئەمڕۆ رۆیشتوون بۆ مەدینە، کێشەکە لە هۆتێلەکە و کۆمپانیاکانی سعودیە بووە." گوتیشی، "لەگەڵیان لەسەر هێڵ بووین، کێشەکەمان چارەسەر کرد."
بە گوتەی بەڕێوەبەری کۆمپانیاکە، "ئەوان پارەی هۆتێلەکانیان داوە، لە رێگەی ئەو سێ کۆمپانیایەی کە لەلایەن حەج و عومرەی هەرێمی کوردستانەوە دیاریکراون، هۆتێلەکانیان لە سعودیە گرتووە."
کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت، "لە سەرەتای وەرزی عومرەوە ئێمە هاووڵاتییانمان ئاگادار کردووەتەوە، کە دووربکەونەوە لەو کۆمپانیایانەی سەر بە حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان نین، چونکە ئێمە تەنیا بەرپرسیارێتیی ئەو کۆمپانیایانە هەڵدەگرین کە فەرمین."
گوتەبێژی حەج و عومرە دەڵێت، ئەو کۆمپانیایانەی فەرمین، 15 هەزار دۆلار وەکو بارمتە لە بانک دادەنێن، ئەگەر هەر عومرەکارێک مافی خورا، لەو پارەیە قەرەبوو دەکرێتەوە، واتا ئەگەر کۆمپانیاکە فەرمی بێت ئەوە عومرەکاران گرێنتییان هەیە.
زیاتر لە 100 کۆمپانیا مۆڵەتی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستانیان هەیە. کاروان ستوونی گوتی: "زیاتر ئەو عومرەکارانە تووشی کێشە دەبن، کە بە رێگەی وشکانیی کەرکووک و موسڵ دەڕۆن بۆ عومرە."