رووداو دیجیتاڵ
پاڵەوانێتیی جامى کەنداوى 25 لە شارى بەسرە، ناکۆکیى سیاسى لەنێوان تاران و بەغدا دروستکردووە. بەهۆى دەستەواژەى کەنداوى عەرەبی، ئێران باڵیۆزى عێراقى لە وڵاتەکەى بانگهێشت کرد.
کەنداوى فارس یان کەنداوى عەرەبی، دوو دەستەواژەى هۆکارى ناکۆکییەکەن. ئێران دەڵێت کەنداوەکە فارسییە نەوەک عەرەبی.
ئەوەى ئاگرى ئەو ناکۆکییەى خۆش کرد، تویتێکى موقتەدا سەدر، رێبەرى رەوتی سەدر بوو لە 5/1/2023 و رۆژێک بەر لە دەستپێکردنى پاڵەوانێتییەکە، کە نووسی: "میوانە عەرەبە بەڕێزەکانمان لە کەنداوى عەرەبی بەخێربێن."
حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیرى دەرەوەى کۆمارى ئیسلامیى ئێران، رۆژی چوارشەممە لەوبارەوە گوتی، باڵیۆزى عێراقیان لە تاران بانگهێشت کردووە، ئەوەش بەهۆى بەکارهێنانى دەستەواژەیەکى وەهمى لەبرى کەنداوى فارس. ئەمیر عەبدوڵڵاهیان گوتی، هەستیاریى گەلى ئێرانیان لە بەرامبەر بەکارهێنانى ئەو دەستەواژەیە بە باڵیۆزی عێراق گەیاندووە.
جگە لە یەمەن، هەشت هەڵبژاردە بەشداربووەکەى جامەکە، سنووریان لەسەر کەنداوە.
ناسر کەنعانى، گوتەبێژى وەزارەتى دەرەوەى ئێران دەڵێت، "دەستبەجێ دوای ئاگاداربوونمان لەم بابەتە، تەنانەت پێش بڵاوبوونەوەی لە میدیا، بەشێوەی فەرمی ناڕەزایی خۆمان بە حکومەتی عێراق راگەیاند. بێگومان جەخت لەسەر ئەم بابەتە دەکەینەوە، سەرەڕای ئەوەی بابەتەکە لە چوارچێوەی رووداوێکی وەرزشیدا روویداوە".
جامی کەنداو لە سەرەتای دەستپێکردنی لە ساڵی 1970 بە جامی کەنداوی عەرەبی ناوبرا. ئێرانیش کە لە سەر کەنداوە، هەرگیز تێیدا بەشدار نەبووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ