وەزارەتی تەندروستیی لوبنان دەڵێت لە رۆژێکدا 31 کەس بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل کوژراون

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی تەندروستی لوبنان دەڵێت، لە ئەنجامی هێرشەکانی رۆژی شەممەی ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتەکە، 31 کەس کوژراون و 14ـی دیکەش بریندار بوون. 
 
وەزارەتی تەندروستی لوبنان بڵاویکردەوە، "هێرشەکانی ئیسرائیلی دووژمن بۆ سەر ناوچەی بەعلبەگ بوونە هۆی کوژرانی 20 کەس و برینداربوونی 14ـی دیکە."
 
وەزارەتەکە ئاماژە بەوەش دەکات، لە باشووری وڵاتەکەش 11 کەسی دیکە کوژراون، کە شەشیان کارمەندی فریاگوزاریی سەر بە بزووتنەوەکانی ئەمەل و حیزبوڵڵا بوون. 
 
لەبەرامبەردا سوپای ئیسرائیل بڵاویکردەوە، هێرشیان کردووەتە سەر ناوچەی بەعلبەگ و پێگە و ژێرخانی حیزبوڵڵایان کردووەتە ئامانج.
 
ئیسرائیل لە 23 ئەیلوولی ئەم ساڵەوە هێرشەکانی بۆ سەر لوبنان چڕکردنەوە، ئەوەش دوای نزیکەی ساڵێک لە شەڕی سنوورداری نێوانیان. 
 
نێردراوی رووداو: لە 24 کاژێردا ئیسرائیل 11 هێرشی ئاسمانیی کردە سەر باشووری بەیرووت
 
 
وەزارەتی تەندروستیی لوبنان لە راگەیێندراوەکەی رۆژی شەممە دا رایگەیاند، ژمارەی ئەو کەسانەی لە ئۆکتۆبەری پارەوە بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە لە لوبنان کوژراون، گەیشتووەتە لانیکەم 3 هەزار و 136 کەس و نزیکەی 14 هەزاری دیکەش برینداربوون. 
 
نوێنەر فاتیح، نێردراوی رووداو شەوی رابردوو لە باشووری بەیرووتەوە گوتی، لە 24 کاژێردا، ئیسرائیل لانیکەم 11 هێرشی ئاسمانیی کردووەتەوە سەر ئەو ناوچەیەی پایتەختی لوبنان کە بە مەڵبەندی حیزبوڵڵا دادەنرێت.
 
نێردراوی رووداو لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 08:00ـی ئێوارەی شەممەی رووداودا، باسی لەوە کرد شارەکانی سوڕ لە باشوور و ناوچەی بەعلبەگ لە رۆژهەڵاتی لوبنان چەند جارێک لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیلەوە بۆردوومان کراون. 
 
هەر ئەمڕۆ، وەزارەتی تەندروستیی لوبنان رایگەیاند، بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل، لە گوندەکانی سەربە شاری سوڕ 6 کارمەندی فریاگوزاری کوژراون و 5ی دیکەیان برینداربوون. هەروەها لە شاری بەعلبەگ 20 کەس کوژراون و 14ی دیکە برینداربوون. لە شاری نەبەتییەی باشووری لوبنانیش ئەمشەو 12 کەس برینداربوون. 
 
حیزبوڵڵاش رایگەیاند، ژمارەیەک هێرشی درۆنی و مووشەکی کردووەتە سەر ئیسرائیل و درۆنێکی پێشکەوتووی چاودێریی خستووەتەوە خوارەوە. 
 
حیزبوڵڵا دەڵێت، رۆژی شەممە، لانیکەم سێ جار بە مووشەک هێرشیان کردووەتە سەر بنکەیەکی سەربازیی ئیسرائیل لە حەیفا. 
 
بزووتنەوەکە هەروەها خستنەخوارەوەی درۆنێکی چاودێریی ئیسرائیلی لە جۆری هێرمز 450 راگەیاند، کە دەتوانێت 20 کاژێر لە ئاسماندا بمێنێتەوە و بە کامێرای پێشکەوتوو لە تاریکی و رووناکیدا هەست بە جموجوڵەکانی سەر زەوی بکات. 
 
حیزبوڵڵا بۆردوومانکردنی کارگەیەکی سەربازی لە باشووری تەلئەڤیڤ و پێگەیەکی هێزەکانی ئیسرائیلی لە گوندی مارۆن راس لە باشووری لوبنان بۆردوومانکرد. 
 
هەروەها رایگەیاند لە رێگەی ژمارەیەک درۆنی بۆمبڕێژکراوەوە هێرشی کردووەتە سەر بنکەی سەربازی عەین خۆزلوت لە باشووری دەریاچەی تەبەرییە لە ئیسرائیل. 
 
کەناڵی 13ی ئیسرائیل دەڵێت، سوپا مەزەندە دەکات 90٪ـی ئۆپەراسیۆنە زەوینییەکانی لە باشووری لوبنان تەواوبووبن، بەڵام تاوەکو رێککەوتنی سیاسی نەکرێت، کۆتایی پێناهێننن. 
 
حکومەتی لوبنان داوای جێبەجێکردنی بڕیارنامەی ژمارە 1701ـی ساڵی 2006ـی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات. بەگوێرەی بڕیارنامەکە دەبێت سوپای ئیسرائیل لە خاکی لوبنان بکشێتەوە و حیزبوڵڵاش بکشێتەوە خوار رووباری لیتانی.