عێراق و کوێت لەبارەی کێشانی سنوور کۆدەبنەوە
رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیێنێت، هەفتەی داهاتوو عێراق و کوێت لەبارەی کێشانی سنووری نێوانیان کۆدەبنەوە.
حوسێن عامری، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق رۆژی پێنجشەممە 10-08-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەشدارییان لە کۆبوونەوەی لیژنەکانی 110 و 123 کردووە لەگەڵ قاسم ئەعرەجی، راوێژکار ئاسایشی نیشتمانی لەبارەی کێشانی سنووری نێوان عێراق و کوێت، بەڵام تائێستا وەزارەتی دەرەوە، ئەنجامی هەردوو لیژنەکەی پەسند نەکردووە.
ئەندامەکەی لیژنەی ئاسایش و بەرگری گوتی، هەفتەی داهاتوو بەشداری لە کۆبوونەوەکانی کێشانی سنووری دەریایی و وشکانی عێراق - کوێت دەکەن و لیژنەکەیان گرنگی تایبەت بەو بابەتە دەدات و رۆڵی خۆی دەبینێت.
رۆژی چوارشەممە 09-08-2023، لیژنەی هەرێم و پارێزگاکان لە پەرلەمانی عێراق سەردانی بەسرەی کرد، یەکێک لەو پرسانە بە دواداچوون بوو بۆ پرسی سنووری عێراق – کوێت.
شێروان دووبەردانی، ئەندامی لیژنەی هەرێم و پارێزگاکان لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، یەکێک لەو پرسانەی لەو سەردانەیان بۆ بەسرە بەدوادچوونیان بۆ کردووە، پرسی سنووری نێوان عێراق و کوێتە، کە بەمدواییانە جارێکی دیکە بووەتە رۆژەڤ و دەیانەوێت لە نزیکەوە لە راستی و دروستی بابەتەکە تێبگەن.
رۆژی 04-08-2023 پەیامنێری رووداو چووە دوایین خاڵی سنووریی نێوان عێراق و کوێت، بەدواداچوونی بۆ دەنگوی فرۆشتنی بەشێکی خاکی عێراق بەو وڵاتە کرد. کێشەکە لەسەر ژمارەیەک خانووە کە 102 خێزان ساڵانێکی زۆرە لێی نیشتەجێن، شوێنەکە دەکەوێتە نێوان سنووری هەردوو وڵات و لەو بۆشاییەیە، کە نە سەربازی عێراقی و نە کوێتی بۆیان نییە بیبەزێنن.
لەسەر داوا و پارەی کوێت و بە رەزامەندیی عێراق، کۆمەڵگەیەکی نوێ دروستکراوە، بۆیە زۆرینەی خەڵکەکەی ئێستا لەو بۆشاییە ئەمنییەدا نەماون و لە کۆمەڵگە نوێیەکەدا نیشتەجێ بوون. عەلی عەباس، یەکێکە لەو کەسانەی هێشتا ماڵ و حاڵی جێنەهێشتووە، دڵخۆشە بە پڕۆژەکە، بەڵام چاوەڕێی تەواوبوونی رێکارەکانی وەرگرتنی دەکات.
عەلی عەباس، دانیشتووی سەر سنووری نێوان عێراق و کوێت بە هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری رووداوی گوت "پشتیوان بەخوا پارێزگار هەموو خانووەکان دابەش دەکات، ئەم خانووانەی ئێرە راستە دەبێت نەمێنن، چونکە نزیکە لە سنووری کوێت، بەڵام ئێمە یەک شتمان دەوێت، نابێت بەهیچ شێوەیەک دەستدرێژی بکرێتە سەر خاکی عێراق."
ئەو کۆمەڵگە نوێیەی کە کوێت لە ئوم قەسر دروستی کردووە، لە 228 خانوو پێکدێت، هەر خانوویەک دوو نهۆمە و لەسەر رووبەری 200 مەتر دروستکراوە. کۆمەڵگەکە قوتابخانە، مزگەوت و بنکەی تەندروستیشی تێدایە، دەنگی ناڕازی لەوێ نابیسترێت، هەمووان خۆشحاڵن لە شوێنێکی بێ خزمەت و وێرانەوە، چوونەتە ئەوێ.
رۆژی چوارشەممە، 2-8-2023، باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی عێراق (واع) رایگەیاند، سنوور لە 10ـی تشرینی دووەمی ساڵی 1994 دیاریکراوە، ئەو کات کۆبوونەوە لەنێوان دامەزراوەکانی رژێمی پێشوو کراوە، یەکەمیان کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی نیشتمانیی پێشوو بوو لە رۆژی 10ـی تشرینی دووەمی ساڵی 1994 و بڕیار درا بە پابەندبوون بە بڕیاری ژمارە 833ـی ساڵی 1993ـی نەتەوە یەکگرتووەکان و عێراق دانی بە سنووری نێودەوڵەتیی نێوان عێراق و کوێت نا.
هەروەها هەمان رۆژ ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی هەڵوەشاوەی شۆڕش بڕیاری ژمارە 200ـی دەرکرد و دانی نا بە بڕیارەکەی ئەنجوومەنی نیشتمانی.
4 بڕگەی بڕیاری ژمارە 10ـی تشرینی دووەمی ساڵی 1994 سەرکردایەتیی ئەنجوومەنی هەڵوەشاوەی شۆڕش بریتین لە:
1- حکومەتی عێراق دان بە سەروەریی دەوڵەتی کوێت و دروستیی هەرێمی و سەربەخۆیی سیاسییدا دەنێت.
2- بە ملکەچبوون بە بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ژمارە 833ـی ساڵی 1993، عێراق دان بە سنووری نێودەوڵەتیی نێوان عێراق و کوێت دەنێت وەکو ئەوەی لیژنەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دیاریکردنی سنووری نێوان هەردوو وڵات، کە بەپێی بڕگەی 3ـی بڕیاری 687ـی ساڵی 1991 پێکهێنراوە، دیاریکردووە، رێز لە سنوورەکان دەگیرێت.
3- ئەم بڕیارە لە 10ـی تشرینی دووەمی ساڵی 1994ـەوە جێبەجێ دەکرێت و لە رۆژنامەی فەرمی بڵاودەکرێتەوە.
باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق لە لێدوانەکەیدا ئاماژەی بۆ ئەوەکرد لەدوای ئەو بڕیارەوە حکومەتی عێراق سنووری نەگۆڕیوە. دەشڵێت، "شاندێکی عێراق و شاندێکی کوێت و لیژنەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان پایە کوێتییەکانیان جێگیر کردووە وەکو ئەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشتر دیاریکردووە و هیچ گۆڕانکارییەک نەکراوە."
گوتەبێژی حکومەتی عێراق باسی لەوە کردووە، لەدوای ساڵی 2003ـەوە پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی و کوێت باش بوون و کاتێک هێزەکانی ئەمریکا لە ساڵی 2011 لە عێراق کشانەوە، عێراق داوایکرد لەژێر بەندی حەوتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەربکرێت و دەبوو کوێت و عێراق هاوئاهەنگی بکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، بەڵام نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیارەکەی دەرنەکرد، چونکە کێشەی پەیوەست بە قەرزەکان مابوو.
ماوەی چەند رۆژێکە ژمارەیەک کەس و پەرلەمانتار و لایەنی سیاسیی، حکومەتی عێراق بەوە تۆمەتبار دەکەن، گوایە شارۆچکەی ئوم قەسری لە پارێزگای بەسرا بە کوێت فرۆشتووە. حکومەتی عێراقیان بەوە تۆمەتبارکردووە لە بەرامبەر وەرگرتنی پارە ئەو کارەی کردووە.