مەزڵووم عەبدی: ئەم رێککەوتنە دەرفەتێکی راستەقینەیە بۆ بنیاتنانی سووریایەکی نوێ

رووداو دیجیتاڵ
لەدوای رێککەوتنەکەی لەگەڵ ئەحمەد شەرع، فەرماندەی گشتیی هەسەدە رایگەیاند: "ئێمە پابەندین بە دروستکردنی داهاتوویەکی باشتر کە مافەکانی هەموو سووریاییەکان دەستەبەر بکات، ئاواتەکانیان لە ئاشتی دا بهێنێتەدی."
رۆژی دووشەممە، 10ـی ئادار، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات لەدوای کۆبوونەوە و رێککەوتنی لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا بۆ قۆناخی راگوزەر پەیامێکی لە تۆڕی ئێکس بڵاوکردەوە.
لە پەیامەکەیدا فەرماندەی گشتیی هەسەدە دەڵێت: "ئەم رێککەوتنە بە دەرفەتێکی راستەقینە دەزانین بۆ بنیاتنانی سووریایەکی نوێ."
مەزڵووم عەبدی ئاماژەی بەوە کردووە "لەم قۆناخە هەستیارەدا" کار دەکەن بۆ ئەوەی قۆناخی راگوزەر رەنگدانەوەی ویستی گەل بێت لە دادپەروەری و سەقامگیری.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا دەڵێت: "ئێمە پابەندین بە بنیاتنانی داهاتوویەکی باشتر کە مافەکانی هەموو سووریاییەکان دەستەبەر بکات و ویستەکانیان لە ئاشتی دا بێتەدی."
مەزڵووم عەبدی رێککەوتنەکەی لەگەڵ ئەحمەد شەرع بە "دەرفەتێکی راستەقینە بۆ بنیاتنانی سووریای نوێ" ناودەبات و دەڵێت، پێویستە باوەش بۆ هەموو پێکهاتەکان بکرێتەوە و "دڵنیایی بدات لە دراوسێیەتییەکی باش." [بۆ وڵاتانی دراوسێی سووریا].
رۆژی دووشەممە، 10ـی ئاداری 2025، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات و ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا بۆ قۆناخی راگوزەر، رێککەوتنێکیان واژۆ کرد.
رێککەوتنەکە لە هەشت خاڵ پێکدێت؛ بەگوێرەی رێککەوتنەکە، شەڕ لە تەواوی سووریا دەوەستێت و هەسەدە دەبێتە بەشێک لە دامەزراوەی بەرگریی دەوڵەتی سووریا.
دەقی رێککەوتنەکە:
لەسەر بنەمای کۆبوونەوەی نێوان "بەڕێز سەرۆک ئەحمەد شەرع و بەڕێز مەزڵووم عەبدی"، لە رۆژی دووشەممە 10ی ئاداری 2025، ئەم خاڵانەی خوارەوەی رێککەوتنی لەسەرکرا:
1- گەرەنتی کردنی مافی هەموو سوورییەکان لە نوێنەرایەتی و بەشداریکردن لە پرۆسەی سیاسیدا و هەموو دامەزراوەکانی دەوڵەت لەسەر بنەمای لێهاتوویی بێ گوێدانە پاشخانە ئایینی و نەتەوەییەکانیان.
2- کۆمەڵگەی کوردی کۆمەڵگەیەکی رەسەنە لە دەوڵەتی سووریا و دەوڵەتی سوریا گەرەنتی مافی هاووڵاتییبوونی دەکات و هەموو مافە دەستورییەکانی بۆ دابین دەکات.
3- راگرتنی شەڕ لەسەرجەم خاکی سووریا دا.
4- تێکەڵکردنی هەموو دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکان لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا لە چوارچێوەی ئیدارەی دەوڵەتی سووریا، لەنێویاندا دەروازە سنوورییەکان و فڕۆکەخانە و کێڵگە نەوتی و گازییەکان.
5- گەرەنتی گەڕانەوەی سەرجەم ئاوارە سوورییەکان بۆ شارۆچکە و گوندەکانیان و دابینکردنی پاراستنیان لە لایەن دەوڵەتی سووریاوە.
6- پشتیوانی دەوڵەتی سووریا لە رووبەڕووبوونەوەی پاشماوەکانی ئەسەد و هەموو ئەو هەڕەشانەی کە هەڕەشە لە ئاسایش و یەکپارچەیی خاکەکەی دەکەن.
7- رەتکردنەوەی بانگەشەکانی دابەشبوون و رق و کینە و هەوڵدان بۆ بڵاوکردنەوەی ئاشووب لە نێوان هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی سووریا دا.
8- لیژنە جێبەجێکارەکان کار دەکەن و هەوڵدەدەن بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە بە شێوەیەک کە لە کۆتایی ئەم ساڵ تێنەپەڕێت.