چوارچێوەی هاوئاهەنگی: سەرکۆنەی کۆمەڵکوژییەکانی سووریا دەکەین

رووداو دیجیتاڵ
چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەکانی عێراق رایگەیاند، سەرکۆنەی ئەو "کۆمەڵکوژی"یانە دەکەن، کە لە چەند رۆژی رابردوو لە ناوچە کەناراوییەکانی سووریا روویانداوە.
بە گوێرەی راگەیێندراوێک، چوارچێوەی هەماهەنگی ئەمڕۆ دووشەممە 10-03-2025 کۆبوونەوەی کۆبوونەوەی ئاسایی ژمارە 221ی خۆی لە نووسینگەی د.حەیدەر عەبادی کردووە، بۆ بەدواداچوونی دوایین پێشهاتە سیاسی، ئەمنی و خزمەتگوزارییەکان کردووە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "چوارچێوەی هەماهەنگی ئەو کۆمەڵکوژییانەی بەرامبەر بە هاووڵاتییانی بێتاوان لە سووریای خوشک دەکرێن، شەرمەزار کرد". داوایشی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد رۆڵی خۆی لە پاراستنیان بگێڕێت.
چوارچێوەی هەماهەنگی هیوای ئارامی و ئاسایشی بۆ سووریا خواست و داوایشی کرد هاوکاریی مرۆیی بۆ گەلی پێشکەش بکرێت.
6ـى ئادارى 2025، لە پارێزگاکانى لازقیە و تەڕتووس کە دوو پارێزگاى کەناراویی زۆرینە عەلەویى سووریان، پێکدادان لەنێوان ھێزە ئەمنییەکانى دەسەڵاتى نوێى سووریا و چەند گرووپێکی چەکداری دیکەى روویدا کە گوایە سەر بە سوپاى پێشووى رژێمى بەشار ئەسەد بوون
بەگوێرەی ئامارەکانی رووانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ لەو پێکدانانەدا زیاتر لە 1000 کەس کوژراون، کە زیاتر لە 750یان کەسانی سڤیلن.
جگە لە دۆخی سووریا، چوارچێوەی هەماهەنگی دۆخی خزمەتگوزاری، بەتایبەتی وزە و کارەبا، تاوتوێ کرد، داوایشی لە حکومەت کرد لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان بەردەوام بێت.