نوێنەری مەسەدە لە واشنتن: ئەمریکا نێوەندگیریی لەنێوان مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرع کردووە

بەسام ئیسحاق،  هاوسەرۆکی نوێنەرایەتیی ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات (مەسەدە) لە واشنتن
رووداو دیجیتاڵ

هاوسەرۆکی نوێنەرایەتیی ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات (مەسەدە) رایدەگەیێنێت، رێککەوتن لەسەر چۆنیەتی دەوڵەتی سووریا دەکرێت و سەرکەوتنی رێککەوتنەکەش لە بەرژەوەندی هەروولایە و دەشڵێت، ئەمریکا نێوەندگیریی لەنێوان مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرع کردووە.
 
بەسام ئیسحاق،  هاوسەرۆکی نوێنەرایەتیی ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات (مەسەدە) لە واشنتن، ئەمشەو 10-03-2025، لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کۆڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو، لەبارەی رێککەوتنی مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرع رایگەیاند، "ئەو رێککەوتنەی کە هێڵە گشتییەکانی راگەیێندراوە، لیژنەی بۆ دروست دەکرێت و گفتوگۆ و دانوستان لەبارەی شێوەی دەوڵەتی سووریا و رۆڵی پێکهاتەکانی سووریا وەک پێکهاتەی کوردی، عەلەوی و کریستیان و پێکهاتەکانی دیکە دەکرێت، دواتر بە قۆناخ جێبەجێ دەکرێن."
 
بەسام ئیسحاق جەختی لەوەش کردەوە، " گەرەنتیی راستەقینەی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە، شێوازی جێبەجێکردنەکەیەتی لەسەر زەوی".
 
بەسام ئیسحاق ئاماژەی بەوەدا، کە لەسەر چارەسەرکردنی سەرجەم کێشە و گرفتەکان بە دیالۆگ رێککەوتوون و "خواستێکی راستەقینە" هەیە بۆ لێکتێگەیشتن و تێپەڕاندنی هەموو کێشە و گرفت و ناکۆکییەکان.
 
هاوسەرۆکی مەسەدە لە واشنتن روونیکردەوە، کە جێبەجێکردن و سەرکەوتنی رێککەوتنەکە لە بەرژەوەندی هەردوولایەنە، کە واژۆیان لەسەر رێککەوتنەکە کردووە، ئەوەش لە رووداوەکانی ئەم دواییانەی ناوچە کەنارئاوییەکانی سووریا روون بووەتەوە، کە پێویستە شێوازی جیاواز هەبێت لە مامەڵەکردن لەگەڵ پێکهاتە جیاوازەکان بۆ "ئەوەی دەرفەت بە لایەنگرانی رژێمی پێشوو نەدرێت جارێکی دیکە بگەڕێنەوە و ئاسایشی وڵات تێکبدەن." ئەو پێیوایە بنیادنانی دەوڵەتی نوێ لە بەرژەوەندی هەموو لایەکدایە.
 
لەبارەی نێوەڕۆی دیدارەکەی مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرع، بەسام ئیسحاق گوتی، "وردەکارییەکانی رێککەوتنەکە تەنیا ئەو تیمە دەزانن کە لەگەڵ جەنەراڵ مەزڵووم کاردەکەن بۆ رێککەوتنی کاروباری لۆجستی ئەو دیدارە."
 
بەسام ئیسحاق پێی وایە، رووداوی کەنارئاوییەکانی سووریا "هاوکاربوونە بۆ پەلەکردن لەو رێککەوتنە کە لە بەرژەوەندیی هاوبەش و مەترسیی هاوبەش بۆ سەر هەردوولا هەیە."
 
سەبارەت بە نێوەندگیرییەکانەوە، هاوسەرۆکی نوێنەرایەتیی ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات (مەسەدە) لە واشنتن رایگەیاند، "هەوڵی نێوەندگیریی نێودەوڵەتی لە نێوان هەردوو لایەن هەبووە، لە سەرووی هەموویانەوە ئەمریکا."
 
بەگوتەی نوێنەری مەسەدە، پرۆسەکە هەنگاو بە بە هەنگاو جێبەجێ دەکرێن و لە رووی سەربازییەوە هەنگاوەکان پەیتا پەیتا دەنرێن بۆ گەرەنتی پاراستنی ئاسایشی سێ پارێزگاکەی رۆژهەڵاتی سووریا.
 
رۆژی دووشەممە، 10ـی ئاداری 2025، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات و ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا بۆ قۆناخی راگوزەر، رێککەوتنێکیان واژۆ کرد. 
 
رێککەوتنەکە لە هەشت خاڵ پێکدێت؛ بەگوێرەی رێککەوتنەکە، شەڕ لە تەواوی سووریا دەوەستێت و هەسەدە دەبێتە بەشێک لە دامەزراوەی بەرگریی دەوڵەتی سووریا. 
 
لە رێککەوتنەکە دا هاتووە: "کۆمەڵگەی کوردی کۆمەڵگەیەکی رەسەنە لە دەوڵەتی سووریا و دەوڵەتی سووریا گەرەنتی مافی هاووڵاتیبوونی دەکات و هەموو مافە دەستورییەکانی بۆ دابین دەکات."
 
بەگوێرەی رێککەوتنەکە، هەموو دامەزراوە سڤیل و سەربازییەکانی رۆژئاوای کوردستان بە دەروازە سنوورییەکان و گێڵگە نەوتی و گازییەکان تێکەڵی ئیدارەی دەوڵەتی سووریا دەکرێن. 
 
هاوکات، رێککەوتنەکە هەموو جۆرە بانگەشەیەک بۆ دابەشکردنی سووریا و پێدانی ماف لەسەر بنەمای ئایین و نەتەوە رەتدەکاتەوە. 
دەقی رێککەوتنەکە: 
 
لەسەر بنەمای کۆبوونەوەی نێوان "بەڕێز سەرۆک ئەحمەد شەرع و بەڕێز مەزڵووم عەبدی"، لە رۆژی دووشەممە 10ی ئاداری 2025، ئەم خاڵانەی خوارەوەی رێککەوتنی لەسەرکرا:
 
1- گەرەنتی کردنی مافی هەموو سوورییەکان لە نوێنەرایەتی و بەشداریکردن لە پرۆسەی سیاسیدا و هەموو دامەزراوەکانی دەوڵەت لەسەر بنەمای لێهاتوویی بێ گوێدانە پاشخانە ئایینی و نەتەوەییەکانیان.
 
2- کۆمەڵگەی کوردی کۆمەڵگەیەکی رەسەنە لە دەوڵەتی سووریا و دەوڵەتی سوریا گەرەنتی مافی هاووڵاتییبوونی دەکات و هەموو مافە دەستورییەکانی بۆ دابین دەکات.
 
3- راگرتنی شەڕ لەسەرجەم خاکی سووریا دا.
 
4- تێکەڵکردنی هەموو دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکان لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا لە چوارچێوەی ئیدارەی دەوڵەتی سووریا، لەنێویاندا دەروازە سنوورییەکان و فڕۆکەخانە و کێڵگە نەوتی و گازییەکان.
 
5- گەرەنتی گەڕانەوەی سەرجەم ئاوارە سوورییەکان بۆ شارۆچکە و گوندەکانیان و دابینکردنی پاراستنیان لە لایەن دەوڵەتی سووریاوە.
 
6- پشتیوانی دەوڵەتی سووریا لە رووبەڕووبوونەوەی پاشماوەکانی ئەسەد و هەموو ئەو هەڕەشانەی کە هەڕەشە لە ئاسایش و یەکپارچەیی خاکەکەی دەکەن.
 
7- رەتکردنەوەی بانگەشەکانی دابەشبوون و رق و کینە و هەوڵدان بۆ بڵاوکردنەوەی ئاشووب لە نێوان هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی سووریا دا.
 
8- لیژنە جێبەجێکارەکان کار دەکەن و هەوڵدەدەن بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە بە شێوەیەک کە لە کۆتایی ئەم ساڵ تێنەپەڕێت.