ئیسرائیل: مۆساد و CIA لەبارەی ئاگربەست کۆبوونەوە

رووداو دیجیتاڵ 

ئیسرائیل دەڵێت، سەرۆکی دەزگا هەواڵگرییەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ "بەرەوپێشبردنی" هەوڵەکانی گەیشتن بە رێککەوتنی ئاگربەست، کۆبوونەتەوە.
 
نووسینگەی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئەمڕۆ شەممە، 09-03-2024، لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "لە چوارچێوەی هەوڵەکانی گەیشتن بە رێککەوتنی ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەکان، دەیڤد بەرنیاع، سەرۆکی مۆساد، دوێنێ لەگەڵ ویلیەم بێرنز، سەرۆکی سی ئای ئەی کۆبووەتەوە."
 
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل باس لەوە دەکات، ئەوان لەگەڵ نێوەندگیرەکان لە پەیوەندیدان، بەڵام گوایە حەماس نایەوێت رێکبکەوێت.
 
راگەیێندراوە ئیسرائیلییەکە دەڵێت، حەماس "دەیەوێت لە مانگی رەمەزاندا گڕ لە ناوچەکە بەربدات."
 
پێشتر حەماس رایگەیاندووە کە مەرجی ئەوان بۆ رازیبوون بە رێککەوتن ئەوەیە کە دەبێت ئیسرائیل هەموو هێرشەکانی بۆ سەر غەززە بوەستێنێت و هێزەکانیشی لە سەرانسەری کەرتە فەلەستینییەکە بکشێنێتەوە.