جۆزێف عەون بە سەرۆکی نوێی لوبنان هەڵبژێردرا

 

رووداو دیجیتاڵ 

لەدوای دوو ساڵ لە چۆڵبوونی پۆستی سەرۆککۆمار، پەرلەمانی لوبنان سەرۆکی نوێی وڵاتەکەی هەڵبژارد. لە گەڕی دووەمی دەنگدان جۆزێف عەون بە سەرۆکی نوێی لوبنان هەڵبژێردرا. 
 
ئەمرۆ پێنجشەممە، 9ـی کانوونی دووەمی 2025، جۆزێف عەون بە سەرۆکی نوێی لوبنان هەڵبژێردرا و بووە 14ـەمین سەرۆککۆماری لوبنان. 
 
جۆزێف عەون، فەرماندەی گشتیی سوپای لوبنان بوو، دوای ئەوەی لە گەڕی یەکەمدا هیچکام لە بەربژێرەکانی پۆستی سەرۆککۆمار دەنگی پێویستیان نەهێنا، کێبڕکێیەکە چووە گەڕی دووەم، لە گەڕی دووەمدا جۆزێف عەون لە کۆی 128 دەنگ، 99 دەنگی بەدەستهێنا و لەدوای دوو ساڵ لە چۆڵبوونی پۆستەکەی، بووە سەرۆکی نوێی وڵاتەکە.
 
عەون، سەرۆکی تازە هەڵبژێردراوی لوبنان لەدوای خواردنی سوێندی دەستووری، لەبارەی پەیوەندی و گرژییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ ئیسرائیل رایگەیاند، پابەند دەبن بە ئاگربەستی لەگەڵ ئیسرائیل و "کار بۆ نەهێشتنی داگیرکاریی ئیسرائیل دەکەین". 
 
لە هەڵبژاردنی ئەمڕۆ دا، جۆزێف عەون لەگەڵ هەریەک لە ئلياس بەيسری، وەزیری پێشوتری دارایی لوبنان و جیهاد ئەزوەر، بەڕێوبەری گشتیی ئاسایشی نیشتمانی لە کیبڕکێدا بوو و لە کۆتاییدا هەڵبژاردنەکەی بردەوە. 
 
خولی سەرۆکایەتیی میشێل عەون، سەرۆکی پێشووی لوبنان لە 2022ـەوە تەواو بووە، بەڵام بەهۆی شەڕ و ململانێی ناوچەکە و دواتریش شەڕی حیزبوڵڵا و ئیسرائیل نەتوانرابوو سەرۆکی نوێ هەڵببژێردرێت. لەو دوو ساڵەی دواییدا، سەرۆکوەزیرانی لوبنان کاروباری سەرۆکایەتیی کۆماری بەڕێوە دەبرد. 
 
رۆژی 8.1.2025یش، سلێمان فەرنجی، تاکە بەربژێری حیزبوڵڵا کشایەوە، دواتریش سلێمان فەرنجی پشتیوانی خۆی بۆ ئەو جۆزێف عەون راگەیاند، بۆیە زۆرترین پاڵپشتی بۆ ئەو فەرماندە سەربازییە دروست بوو.
 
هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری وڵات لە لوبنان، بەپێی مادەی 49ـی دەستووری ئەو وڵاتە بەڕێوەدەچێت. پێویستە ئەو کەسەی دەبێتە سەرۆکی لوبنان کریستیان بێت.
 
ماوەی یەک خولی سەرۆکایەتی لە لوبنان 6 ساڵە و سەبارەت بە دەنگدانەکە بەمشێوەیە: لە یەکەم گەڕی دەنگدان، پێویستە هەر بەربژێرێک دوو لەسەر سێی دەنگی ئەندامانی پەڕلەمانی ئەو وڵاتە بەدەست بهێنێت. ئەگەر هیچ کام لە بەربژێرەکان نەیتوانی ئەو دەنگە بەدەستبێنێت، دەچێتە گەڕی دواتر، لەگەڕی دووەم کامیان زۆرترین دەنگی بەدەستهێنا دەبێتە سەرۆکی وڵات.
 
هەڵبژاردنی سەرۆکی لوبنان لە کاتێکدایە، کە وڵاتەکە بە چەندین قەیرانی ئابووری، سیاسی و سەربازیدا تێپەڕدەبێت.
 
جۆزێف خەلیل عەون، ساڵی 1964 لە لوبنان دایکبووە. لە ساڵی 2017ـەوە فەرماندەی گشتیی سوپای لوبنانە.
 
عەون لە زانکۆی ئەمریکی-لوبنانی خوێندوویەتی و زمانەکانی عەرەبی، فەرەنسی و ئینگلیزی دەزانێت. خێزاندارە و باوکی کوڕێک و کچێکە.