حەماس: فڕۆکەخانەی سەرەکیی ئیسرائیلمان مووشەکباران کرد

 
رووداو دیجیتاڵ 

کەتائیبی قەسام کە باڵی سەربازیی حەماسە، دەڵێت فڕۆکەخانەی بێن گۆریۆنیان لە ئیسرائیل مووشەکبارانکردووە. ئەوە لەکاتێکدایە، بەگوێرەی دوایین ئاماری فەرمیی هەردوولا، سەروو 700 کەس لە ئیسرائیل و 413 کەسیش لە فەلەستین لە پێکدادانەکاندا گیانیان لەدەستداوە. 
 
فڕۆکەخانەی بێن گۆریۆن فڕۆکەخانەی سەرەکیی نێودەوڵەتییە لە ئیسرائیل و دەکەوێتە تەلئەڤیڤی پایتەختی ئیسرائیل. 
 
لە چەند گرتە ڤیدیۆیەکدا دەردەکەوێت، کە سیسیتمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل لە تەلئەڤیڤ بەرپەچی چەند مووشەکێک دەداتەوە. 

 

کەتائیبی قەسام دەشڵێت، بە 100 مووشەک هێرشیان کردووەتە سەر شاری عەسقەلان کە لەژێر کۆنتڕۆڵی ئیسرائیلدایە. ئەوەش وەکو خۆی دەڵێت، "لە تۆڵەی تاوانەکانی ئیسرائیلە" بەرامبەر بە خەڵکی سڤیل لە غەززە. 

 

 
دوای هێرشە مووشەکییەکانی چەکدارانی فەلەستین، لە تەلئەڤیڤی پایتەختی ئیسرائیل زەنگی ئاگادار کردنەوە لێ درا بۆ ئەوەی خەڵکی بچنە ژێرزەمینەکانەوە. 

 

 

 
کاژێر 6:30 خولەکی بەیانیی رۆژی شەممە، 7ـی تشرینی یەکەمی 2023، بزووتنەوەی حەماس، ئۆپەراسیۆنی "تۆفانی ئەقسا"ی دژ بە ئیسرائیل راگەیاند، تاوەکو دوای نیوەڕۆ نزیکەی "پێنج هەزار" مووشەکی ئاراستەی ئەو وڵاتە کردووە. دوای هێرشەکەی بزووتنەوەی حەماسیش، سوپای ئیسرائیل دەستی بە بۆردوومان و تۆپبارانی چەند شوێنێکی غەززە کرد و لە هەندێک شوێنیش شەڕ لەنێوان سەربازانی ئیسرائیل و چەکدارانی حەماس دروستبوو.  
 
لەو کاتەوەش، بەگوێرەی دوایین ئاماری سوپای ئیسرائیل، تاوەکو ئێستا لانیکەم 700 کەس لە ئیسرائیل کوژراون و سەروو دوو هەزار کەسی دیکەش بریندار بوون. 
 
لە ئەنجامی هێرشە پێچەوانەکان و بۆردوومانەکانی ئیسرائیلیش بۆ سەر کەرتی غەززە، بەگوێرەی بەرپرسانی تەندروستیی فەلەستین، لانیکەم 413 کەس گیانیان لەدەستداوە و دوو هەزار و 300 کەسی دیکەش بریندارن.