کەنەدا: هێزەکانمان لە عێراق سەلامەتن
فەرماندەی هێزە بەرگرییەکانی کەنەدا رایگەیاند، لە هێرشەکانی ئێران بۆسەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە عێراق، هێزەکانیان سەلامەتن و لە نزیکەوە چاودێریی دۆخەکە دەکەن.
ژەنەراڵ جۆناتان ڤانس، فەرماندەی هێزە بەرگرییەکانی کەنەدا لە توویتێکدا لەبارەی هێرشەکانی ئێران رایگەیاندووە "خێزانەکانی کەنەدا، دەتوانم دڵنیاتان بکەمەوە کە هێزەکانمان لە عێراق سەلامەتن و هیچ یەکێکیان زیانیان بەرنەکەوتووە".
فەرماندەی هێزە بەرگرییەکانی کەنەدا راشیگەیاندووە، لە نزیکەوە چاودێریی دۆخەکە دەکەن و بە ئاگایی دەمێننەوە.
توویتەکەی جۆناتان ڤانس لەکاتێکدایە کە بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە سوپای پاسدارانی ئێران بە چەند مووشەکێکی بالستی دوو بنکەی سەربازیی ئەمریکا و هاوپەیمانانی لە هەولێر و ئەنبار کردە ئامانج، لە هێرشەکەدا هیچ سەربازێکی ئەمریکی و هاوپەیمانان زیانیان بەرنەکەوتووە.