دوو بەرپرسی حیزبوڵڵای لوبنان: لەگەڵ یەپەگە ئاڵوگۆڕی زانیاریی هەواڵگریمان هەیە
رووداو- هەولێر
دوو بەرپرسی باڵای حیزبوڵڵای لوبنانی لە سووریا باسی پەیوەندیی نێوان حیزبەكەیان و یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە) دەكەن و دەڵێن زانیاریی هەواڵگری لەگەڵ یەكدی دەگۆڕنەوە.
لە ماوەی شەش ساڵی رابردوودا، هێزەكانی حزبوڵڵای لوبنان رۆڵێكی بەرچاویان گێڕاوە لە پاراستنی دەسەڵاتی حكومەتی سووریا و كۆتاییهێنان بە خەونی بەرایی راپەڕینی سووریا، بەڵام شەڕی نێوخۆیی سووریاش رۆڵێكی بەرچاوی بینی لەوەی حیزبوڵڵا لە هێزێكی نێوخۆیی لوبنانییەوە بۆ هێزێكی ناوچەیی خاوەن چەكی قورس و یەكلاكەرەی شەڕەكان بگۆڕێ.
ئەبو حوسێن، فەرماندەی هێزێكی 200 كەسی حیزبوڵڵایە و داوای لە گۆڤاری (The Nation)ی ئەمریكی كردووە تەنیا ناوە خوازراوەكەی بهێنرێ. ئەو لە شەڕی گرتنەوەی رۆژهەڵاتی حەلەبدا بەشدار بووە و ئێستاش لە شەڕی گرتنەوەی تەدموردا رۆڵی سەرەكی دەگێڕێ. ئەبو حوسێن دەڵێت "بڕبڕەی پشتی رژێمی سووریاین و ئێمە رێڕەوی شەڕەكەمان لە قازانجی ئەسەد گۆڕی".
ئەو گۆڕانكارییە ریشەییەی بەهۆی شەڕی سووریاوە لە حیزبوڵڵادا دروست بووە، ئەوەیە كە حیزبوڵڵا چیدی هێزێكی پارتیزانی نییە، بەڵكو وەكوو ئەبو حوسێن دەڵێت "وەكوو سوپا شەڕ دەكەین".. لە نەوەدەكانی سەدەی پێشوو حیزبوڵڵا زیاتر پشتی بە هێرشی پارتیزانی و دەستوەشاندنی سەربازیی خێرا دەبەست، بەڵام لە شەڕی سووریادا حیزبوڵڵا رۆڵی هێزێكی پیادەی گەورەی بینیوە كە لە زۆرینەی حاڵەتەكاندا ئامانجەكانیشی بۆ هێزی ئاسمانیی سووریا دیاری كردووە.
حیزبوڵڵا لە سەرەتای هەشتاكانی سەدەی رابردوودا بە كۆمەكی دارایی ئێران دامەزرا، ئەوكات لوبنان لە جەرگەی شەڕی نێوخۆدا بوو، ئامانج لە دامەزرانی ئەو رێكخراوەش بەرەنگاربوونەوەی ئیسرائیل لە باشووری لوبنان و رووبەڕووبوونەوەی سوپای لوبنان بوو. ئێستا حیزبوڵڵا پارتێكی سیاسی گەورەی لوبنانە كە خاوەن هێزی چەكداری و سەرچاوەی دارایی خۆیەتی.
ئێران و رووسیا سیاسەت و ئامانجێكی تەواو هاوشێوە لە سووریا پەیڕەو ناكەن. ئێرانییەكان پێیانوایە جەنگ تاكە رێگەی كۆتاییهێنانی یەكجارەكی بە قەیرانی سووریایە، بەڵام رووسەكان پێیانوایە لە قۆناغێكی دیاریكراوەوە پێویستە بیر لە دانوستاندن و رێككەوتنی سیاسی نێوان لایەنەكان بكرێتەوە. ئەبو حوسێن كە چەندین ساڵ دژی ئیسرائیلیش شەڕی كردووە، دەڵێت "ئێمە هیچ بژارەیەكمان نییە جگە لەوەی لایەنگری لە پڕۆژەكەی ئێران بكەین، ئێمە لە ژێر فەرماندەیی ئەوانداین".
بەكر فەرماندەیەكی دیكەی حیزبوڵڵایە كە لە شەڕی حەلەبدا بەشداریی كارای هەبووە، ئەو لە ژووری ئۆپەراسیۆنەكان لەگەڵ فەرماندە رووسی، ئێرانی و سوورییەكاندا كۆبوونەوەی هەبووە، بە بۆچوونی بەكر "شەڕی حەلەب شەڕێكی نێودەوڵەتییە". سەبارەت بە چۆنێتی شەڕەكانیش، بەكر بە (نەیشن)ی راگەیاندووە "زۆربەی جارەكان بۆ ماوەی دوو كاژێر شوێنەكە تۆپباران دەكەین، ئینجا دەچینە ناوچەكە".
نەخۆشخانە و ناوەندە مەدەنییەكان یەكێك لە ئامانجە سەرەكییەكانی هێرشە ئاسمانییەكانی فڕۆكەكانی رووسیا بوون كە رووسیای رووبەڕووی رەخنەی توندی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی كردەوە. بەكر نەك هەر رەتیكردەوە حیزبوڵڵا ئەو ئامانجانەی بۆ رووسیا دەستنیشان كردبێ، بەڵكو رەتیشیكردەوە رووسیا ئەو شوێنانەی بۆردومان كردبێ.
بەكر نموونەیەكی زەقە بۆ فراوانبوونەوەی پانتایی چالاكییەكانی حیزبوڵڵا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. ئەو ساڵی 2014 چووە بۆ عێراق و مەشقی بە میلیشیا شیعەكانی كەتایبی حیزبوڵڵای عێراقی كردووە و ساڵی 2015 مەشق و راوێژی سەربازی پێشكەش بە حوسییەكانی یەمەن كردووە.
پەیوەندیی نێوان حیزبوڵڵا و یەپەگە
هەردوو فەرماندەكەی حیزبوڵڵا پەیوەندییەكانی نێوان خۆیان و هێزەكانی یەپەگە ئاشكرا دەكەن، بە تایبەتیش لەو ناوچانەی هەردوولا خاوەنی دوژمنی هاوبەشن. بەگوێرەی لێدوانی بەكر بۆ گۆڤارە ئەمریكییەكە، لە هەندێك حاڵەتدا هێزەكانی یەپەگە و حیزبوڵڵا هەماهەنگیی راستەوخۆ لە نێوانیاندا هەبووە. بەكر دەڵێت "لە پارێزگای حەلەب، بۆ گۆڕینەوەی زانیاریی هەواڵگری و هەموو شتەكانی دیكە هاوكاریی یەكدی دەكەین".
ساڵی رابردوو هێزە ئاسمانییەكانی رووسیا ناوچە گوندنشینەكانی نزیك حەلەبیان بۆردومان كرد كە هێزەكانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریای تێدا بوو. یەپەگە بەشداری لەو ئۆپەراسیۆنەدا كرد و ناوچەكانی خستە ژێر كۆنتڕۆڵی خۆی. بەكر سەبارەت بە هێزەكانی یەپەگە گوتووە "ئەوان هاوكاری لە هەموو ئەو لایەنانە وەردەگرن كە خزمەتی بەرژەوەندییەكانیان دەكەن".
حیزبوڵڵا و مەسیحییەكانی لوبنان
حیزبوڵڵا جەنگی سووریای بۆ بەهێزكردنی پێگەی خۆیشی بەكارهێناوە، بۆ ئەمەش هەوڵی داوە ترسی مەسیحییەكان لە پەنابەرە سوورییەكان كە زۆربەیان عەرەبی سوننەن بقۆزێتەوە. لە نێوان ساڵانی 1975 بۆ 1990 دەسەڵاتی مەسیحییەكان لە لوبنان رووی لە كزی نا، هۆكارێكی سەرەكیش بۆ ئەمە هاتنی پەنابەرە فەلەستینییەكان بوو كە كاریگەریی گەورەیان لەسەر گۆڕینی دێمۆگرافیای لوبنان لە قازانجی سوننەكان دانا.
ئێستاش مەسیحییەكان ترسی ئەوەیان لێ نیشتووە كە بەهۆی پەنابەرە سوورییەكان (كە بەشی زۆریان لایەنگری ئۆپۆزیسیۆنی سوننەی دوژمنی حیزبوڵڵان) جارێكی دی دێمۆگرافیای ناوچەكە لە قازانجی عەرەبی سوننەی لوبنان بگۆڕن. حاڵی حازر پەنابەرە سوورییەكان 25%ی دانیشتووانی لوبنان پێكدەهێنن.
بە گوتەی ئەبو حوسێن، حیزبوڵڵا پلانی ئەوەی هەیە 50 هەزار پەنابەری نیشتەجێی عرسال لە لوبنان ئاودیوی سووریا بكەنەوە. بەربەستی سەرەكیش بۆ جێبەجێكردنی ئەم پلانە خەڵكی عرسالن كە خۆیان سوننەن. فەرماندەكەی حیزبوڵڵا ئاماژەی بەوەشدا كە لە پاش هاتنە سەركاری میشێل عەون لە تشرینی یەكەمی رابردوو، سەرۆككۆماری لوبنان، پەیوەندییەكانی حیزبوڵڵا لەگەڵ مەسیحییەكان و تەنانەت سوپای لوبنانیش پتەوتر بووە، جیا لەمەش هێرشی چەكدارانی حیزبوڵڵا و سوپای لوبنان بۆ سەر كەمپەكانی پەنابەران زیادی كردووە.
حیزبوڵڵا و چەكی دژە مووشەك
بە گوێرەی راپۆرتەكەی (نەیشن)، لە پاش دەستێوەردانی راستەوخۆی رووسیا لە جەنگی سووریا، حیزبوڵڵا ئەركی پاسەوانیكردنی ئەمباری چەك و تەقەمەنییەكانی رووسیای لە سووریا پێ سپێردرا. لەو ماوەیەی سەرەتاشدا حیزبوڵڵا ژمارەیەكی زۆر چەكی دژە مووشەك، چەكی دووربڕ و دژەتانك و هاوەنی لەیزەری لە رووسیا وەرگرتبوو، ئەوە جگە لەو ژمارە زۆرەی چەكیش كە حیزبوڵڵا بە بەردەوامی لە ئێرانی وەرگرتبوو.
فەرماندەكانی حیزبوڵڵا ئاشكرایان كردووە كە گرووپەكەیان ژمارەیەكی زۆر چەكی دژەـ مووشەكی گواستووەتەوە بۆ سەر سنوورەكانی نێوان باشووری لوبنان لەگەڵ ئیسرائیل، ئەمەش یەكێك لەو ئەگەرانە بوو كە ئیسرائیل هەر لەسەرەتاوە نیگەرانی بوو.