ڤیدیۆی شەڕی دەستەویەخەی سوپای ئیسرائیل و چەکدارانی حەماس


رووداو دیجیتاڵ 

رۆژنامەڤانان لەنێو تانکی سەربازانی ئیسرائیلەوە دەچنە نێو غەززە بۆ رووماڵی جەنگەکە، لەوێوە دیمەنی کاولکاریی کەرتی غەززە دەبیندرێت بەهۆی بۆردوومان و شەڕەوە. 
 
لە ڤیدیۆکەدا ئەو شوێنە دەبینن کە سەربازان دەڵێن، هێرشی 7ـی ئۆکتۆبەری حەماس لەوێوە دەستیپێکردووە. سەربازێکی ئیسرائیلی دەڵێت، "بەشوێن تونێلێکدا رۆیشتین لە بەشی رۆژهەڵات و دوو دانەمان دۆزییەوە، ئێستا خاپووریان دەکەین."
 
ئیسرائیل و حەماس زیانی گیانییان لەو شەڕەدا هەبووە. ئەبو عوبەیدە، گوتەبێژی کەتیبەکانی قەسام دەڵێت، "تاوەکو ئێستا جەنگاوەران بە پشتیوانی خودا لە بەرەکانی دووژمن لە باکووری رۆژئاوای غەززە شەڕدەکەن و لە باشووری غەززە و لە بەیت حانوون لە باکووری رۆژهەڵات شەڕدەکەن." 
 
دۆخەکە لە ناوچەکانی شەڕ بەجۆرێکە هیچ ئاسەوارێکی ژیان بە ناوچەکەوە نەماوە.
 
گیلاد، ئەندامی هێزی بەرگریی ئیسرائیلە و دەڵێت، "بەرلە هەموو شتێک، دەتوانم پێت بڵێم هیچ کەسی سڤیلمان لەم ناوچەیە نەبینیوە؛ یەک هەفتەیە لێرەین، کەسی سڤیلمان نەبینیوە. نامەمان بۆ هەموویان ناردووە؛ هەموویان یان زۆربەیان رۆیشتوونەتە باشوور. ئەوەی لە تواناماندا بێت دەیکەین بۆ ئەوەی جیاکاری لەنێوان خەڵك و چەکدارانی حەماس بکەین."
 
ژمارەی قوربانییانی خەڵكی سڤیل رۆژ دوای رۆژ لە بەرزبوونەوەدایە، ئەمریکا دەڵێت، 350 هەزار فەلەستینی لە گۆڕەپانی شەڕ و پێکداداندا ماون. 
 
رۆژنامەڤانەکان دوای ماوەیەک لەنێو ئەو وێرانەیە دەڕۆنە دەرەوە، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت سوپای ئیسرائیل و چەکدارانی حەماس بۆ ماوەیەکی درێژ لەوێ شەڕی یەکدی بکەن.