کۆچ و کۆچبەران و UN رێککەوتن؛ تاوەکو 2027 هیچ عێراقییەک لە کامپی هۆڵ نەمێنێت
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق و نەتەوەیەکگرتووەکان لەبارەى چارەنووسى عێراقییەکانى کامپى هول رێکدەکەون، گوتەبێژى وەزارەتەکە دەڵێت: "تاوەکو 2027 هیچ عێراقییەکان لەو کامپە نامێنێت."
عەلى جیهانگیر، گوتەبێژى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، وەزارەتەکەى لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان گەیشتووەتە رێککەوتن لەبارەى چارەسەرى ئەو عیراقیانەى کە کامپى هۆلن لە رۆژئاواى کوردستان. بەپێی رێککەوتنەکە تاوەکو ساڵى 2027 نابێت هیچ خێزانێکى عێراقى لەو کامپە بمێنێت و سەرجەمیان بگەڕێندرێنەوە بۆ عێراق.
زیاتر لە 22 هەزار عێراقى لە ژن و منداڵانى کەسوکارى چەکدارانى داعش لە کامپى هۆل ماون، بۆ گەڕاندنەوەیان دەبێت وردبینى ئەمنى لە دۆسیەکانیاندا بکرێت.
عەلى جیهانگیر گوتى: "سێ پێشنیاز هەبووە بۆ وادەى گەڕاندنەوەیان، ساڵى 2025 و 2027 و 2030 ، ساڵى داهاتوو ماوەیەکى کورت بووە و نەماندەتوانى تاوەکو ئەوکاتە بیانگەڕێنینەوە، بۆ ساڵى 2030 پێمانگوتن دوورە و منداڵەکانیان گەورە دەبن و ناتوانین شیاندنەوەیان بۆ بکەین."
کەسوکارانی چەکدارانى داعش کە لە کامپى هۆل دەگەڕێندرێنەوە، دەبرێنە کامپى جەدعە لە موسڵ بۆ شیاندنەوەیان و گەڕانەوە بۆ زێدى پێشووى خۆیان.
ژمارەى ئەوانەى ئێستا لە کامپى جەدعەن گەیشتووەتە سێ هەزار و 836 کەس، دوایین کاروانى گەڕاندنەوە کەسوکارى چەکدارانى داعش دوێنێ چوارشەممە 5ـی حوزەیرانی 2024 بوو، کە 179 خێزان بوون.