پەناخوازانی سووریایی لە ئەگەری بردنەوەی ئۆپۆزیسیۆن لە هەڵبژاردنەکانی تورکیا نیگەرانن
رووداو دیجیتاڵ
بەشێك لەو سووریاییانەی وڵاتینامەی تورکیایان وەرگرتووە، ترسیان هەیە لە هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆکایەتی تورکیادا ئۆپۆزیسیۆن براوە بێت.
بەپێی ئاماری وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، لە ساڵی 2011ـەوە لەگەڵ هەڵگیرسانی شەڕی نێوخۆیی سووریا، زیاتر لە سێ ملیۆن سووری وڵاتیان جێهێشت و نیشتەجێی باکووری کوردستان و تورکیا بوون.
لەو 3 ملیۆن کەسە زیاتر لە 700 هەزار منداڵیان لە باکووری کوردستان و تورکیا بووە. ئێستا زیاتر لە 200 هەزار سووری هەڵگری وڵاتینامەی تورکیان.
هاووڵاتییەکی تورکی بە رەگەز سووری دەڵێت، " من پێم وایە ئەگەر کەسێك هەبێت دادوەر بێت، ئەوا سەرۆکی ئێستای وڵاتە؛ ئومێدەوارم سەرۆک رەجەب تەیب ئەردۆغان براوە بێت. وەک دەزانن سوورییەکان لە ستەمی رژێمی ئەسەد و شەڕی چەند ساڵە هەڵاتوون؛ ئۆپۆزیسیۆن پەیوەندی لەگەڵ رژێمی ئەسەد باشە و ئەگەر براوە بن ئەوا سوورییەکان دەردەکەن و بە زۆر دەیانگەڕێننەوە سووریا".
هاووڵاتییەکی دیکە باس لەوە دەکات، "بەدڵنیاییەوە هۆکارێكی زۆر گەورەیە؛ ئەگەر خوانەخواستە سەرۆک ئەردۆغان بدۆڕێت ئەوا کەسێكی دیکە دێت کە بەڵێنی داوە سوورییەکان دەربکات، پێویستە لەسەرمان نزا بکەین و هەوڵەکان چڕبکەینەوە تاوەکو ئەردۆغان براوە بێت و ئێمەی سووری و هەموو رەوەندی عەرەب لە ئاسایشدا بژین".
بوونی ژمارەیەکی زۆری سووری لە تورکیا، چەندین کێشەی ئابووری و کۆمەڵایەتی لێ کەوتووەتەوە کە تەنیا بەشێکی بەرپرسانی نیگەران نەکردووە، بەڵکو کۆمەڵگەش.
لە مانگی شوباتدا سولەیمان سۆیلۆ، وەزیری ناوخۆی تورکیا گوتی، "لە ساڵانی 2019 و 2020، زیاتر لە 87 هەزار سووری بە ئەنجامدانی تاوانی جۆراو جۆر تێوەگلاون".
راپرسییەکی فەرمی حکومەتی تورکیا بەو ئەنجامە گەیشتووە: 28٪ی سوورییەکان ئامادەی گەڕانەوەن بۆ وڵات تەنیا ئەگەر هات و شەڕ کۆتایی هات و دەسەڵاتی ئەسەد نەما. لە کاتێكدا لە 3٪ـیان گوتوویانە ئاشتی بێت یان شەڕ، تاوەکو مردن لە تورکیا دەمێننەوە.
بەگوێرەی رۆژژمێری هەڵبژاردن، رۆژی 14ـی ئایاری 2023 هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و پەرلەمانیی تورکیا دەکرێت. 36 پارتی سیاسی مافی بەشداریکردنیان لەو هەڵبژاردنانەدا هەیە. لەو هەڵبژاردنەدا 64 ملیۆن و 191 هەزار و 285 کەس مافی دەنگدانیان هەیە.