ئیسرائیل دوو پەرلەمانتاری بەریتانیا دەستگیر دەکات و دیپۆرتیان دەکاتەوە

ئەو دوو پەرلەمانتارەی دەستگیرکراون.
رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی ئیسرائیل رێگە بە دوو پەرلەمانتاری بەریتانیا نادات بچنە نێو وڵاتەکە، بۆ ماوەیەکیش دەستگیریان دەکات، پێش ئەوەی دیپۆرتی بەریتانیایان بکاتەوە؛ حکومەتی بەریتانیا ناڕەزایەتی دەربڕی و رایگەیاند، ئەو هەنگاوەی ئیسرائیل "قبوڵکراو نییە." 
 
رۆژی شەممە 05ـی نیسانی 2025، شاندێکی بەریتانیا بە سەرۆکایەتیی دوو پەرلەمانتاری سەر بە پارتی کاری بەریتانیا بەناوەکانی یووان یانگ و ئیبتیسام محەممەد، لە فرۆکەخانەی تەلئەڤیڤ لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئیسرائیلەوە رێگەیان پێنەدرا بچنە نێو ئیسرائیلەوە و بۆ ماوەیەکی کاتیش دەستگیر کران، دواتر خرانە نێو فرۆکەیەک و دیپۆرت کرانەوە.
 
بەگوێرەی میدیای بەریتانی، وەزارەتی کاروباری کۆچبەران و پەنابەران رایگەیاندووە، هۆکاری دەستگیرکردن و دیپۆرتکردنەوەی ئەو دوو پەرلەمانتارە بەریتانییە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەو دوو پەرلەمانتارە پلانیان هەبووە بەشداری خۆپێشاندانەکانی نێوخۆی ئیسرائیل بکەن و "پەیام دژی ئیسرائیل بڵاوبکەنەوە." 
 
لەبەرامبەردا، دەیڤد لامی، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، لە بەیاننامەیەکدا، رایگەیاند ئەو کردەوەیەی ئیسرائیل بە "هیچ شێوەیەک قبوڵکراو نییە و ئێمەی نیگەران کردووە."
 
وەزیری دەرەوەی بەریتانیا گوتی: "بەڕاشکاوانە بە هاوتا ئیسرائیلییەکەم راگەیاندووە؛  ئەو جۆرە مامەڵەیە شیاوی پەرلەمانتارانی بەریتانیا نییە، ئێمە لەسەر هێڵێن لەگەڵ هەردوو پەرلەمانتارەکە و بەهەموو شێوەیەک پاڵپشتیان دەکەین."
 
حکومەتی ئیسرائیل رایگەیاندووە، ئەو دوو پەرلەمانتارە بەریتانییە بەنیازبوون لەکاتی سەردانەکەیاندا بۆ ئیسرائیل، ڤیدیۆی هێزە ئەمنییەکان بگرن و پەیام دژی هێز و سوپای ئیسرائیل بڵاوبکەنەوە. 
 
حکومەتی بەریتانیاش لە بەیاننامەیەکدا، رایگەیاند، سەرنجی ئەوان لەبارەی دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستە، "گەڕانەوەیە بۆ ئاگربەست و گفتوگۆکردنە بۆ کۆتاییهێنان بە خوێنڕشتن."