رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئەمریکا رایگەیاند، دوێنێ (دووشەممە) هێرشیان کردووەتە سەر دوو بەلەمی بێبەلەمەوانی بۆمبڕێژکراوی حووسییەکانی یەمەن پێش ئەوەی بخرێنە دەریاوە و لە دژی کەشتییەکان بەکاربهێنرێن. ئەوەش تەنیا دوو رۆژ دوای ئەوە دێت کە ئەمریکا بە هاوبەشی لەگەڵ بەریتانیا هێرشی بەرفروانی کردە سەر پێگەی حووسییەکان.
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا، ئەمڕۆ سێشەممە رایگەیاند "هێزەکانی ئەمریکا ئەو بەلەمە بێبەلەمەوانە بۆمبڕێژکراوانەی لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی حووسییەکان لە یەمەن دۆزییەوە و گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە هەڕەشەی مسۆگەرن بۆ سەر کەشتییە سەربازییەکانی ئەمریکا و کەشتییە بازرگانییەکانی ناوچەکە."
هێزەکانی ئەمریکا کاژێر 3:30 خولەکی ئێوارەی رۆژی دووشەممە هێرشیان کردووەتە سەر ئەو بەلەمانە. ئەو هێرشە دوای زنجیرەیەک هێرشی دیکەی تاکلایەنانە و هاوبەش دێت کە ئەمریکا لە دژی حووسییەکانی لایەنگری ئێران ئەنجامیداون.
حووسییەکان لە دوای جەنگی غەززەوە، وەک خۆیان دەڵێن، بۆ پشتیوانیکردن لە فەلەستین دژی ئیسرائیل و ئەمریکا، دەستیانکردووە بە هێرشکردنە سەر کەشتییەکانی دەریای سوور و کەنداوی عەدەن، کە ئەوەش بووەتە هۆی پەککەوتنی رێڕەوێکی بازرگانیی دەریایی گرنگی جیهان.
ئەمریکا رۆژی یەکشەممەش هێرشی کردە سەر پێنج مووشەکی حووسییەکان، یەکێکیان بۆ هێرشی وشکانی و ئەوانی دیکە بۆ بە ئامانجکردنی کەشتییەکان بوون، ئەمە وەک سێنتکۆم باسی کرد.
بە گوێرەی راگەیێندراوێکی هاوبەش، درەنگیی شەوی شەممە، بەریتانیا و ئەمریکا سێیەم ئۆپەراسیۆنی بەرفراوانی هاوبەشیان دژی 36 پێگەی حووسییەکان لە 13 شوێن ئەنجامدا.
یەحیا سەریع، گوتەبێژی سەربازیی حووسییەکان رۆژی دواتر گوتی: "ئەم هێرشانە لە هەڵوێستی خۆمان بۆ پشتیوانیکردنی بەردەوامی خەڵکی فەلەستین لە کەرتی غەززە، نامانوەستێنن."
حووسییەکان لە نۆڤەمبەری پارەوە دەستیان بە هێرشەکانیان کرد و رایانگەیاند، ئەو کەشتییانەی پەیوەندییان بە ئیسرائیلەوە هەیە، دەکەنە ئامانج.
لە پاڵ هێرشە ئاسمانی و مووشەکییەکان بۆ سەر حووسییەکان، ئەمریکا هێزێکی دەریایی لەگەڵ چەند هاوپەیمانێک پێکهێنا بۆ پاراستنی کەشتییەکان لە دەریای سوور کە 12٪ی کۆی بازرگانی جیهانی پێدا دەربازدەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ