ئیمارات 84 کەس بە تۆمەتی "دامەزراندنی رێکخراوی تیرۆرستی" دادگەیی دەکات
رووداو دیجیتاڵ
میدیای فەرمیی ئیمارات بڵاویکردەوە، 84 کەس بە تۆمەتی "دامەزراندنی رێکخراوێکی دیکەی نهێنی و تیرۆریستی بۆ کاری تووندڕۆیی" دادگەیی دەکرێن.
رۆژی شەممە، 6ـی کانوونی دووەمی 2024، میدیای فەرمیی ئیمارات لە زاری حەمەد شەمسی، داواکاری گشتیی ئیمارات بڵاویکردەوە، 84 کەس بە تۆمەتی "دامەزراندنی رێکخراوێکی دیکەی نهێنی بۆ کاری تووندوتیژی و تیرۆرستی" لە ئیمارات دادگەیی دەکرێن، کە زۆرینەیان "ئەندامی رێکخراوی تیرۆریستیی ئیخوان موسلیمینن."
بەگوێرەی میدیای فەرمی ئیمارات، ساڵی 2013 تۆمەتباران رێکخراوەکەیان دروستکردووە و بەڵگەی دروستکردنی رێکخراوەکەشیان شاردبووەوە، بەڵام دوای شەش مانگ لە لێکۆڵینەوە، داواکاری گشتیی ئیمارات بەڵگەی پێویستی بۆ تاوانەکەیان کۆکردەوە.
بە گوێرەی بەرپرسانی ئیمارات، ئەمڕۆ لە دادگەی ئاسایشی وڵات، گوێگرتن لە تۆمەتباران دەستیپێکرد و پرۆسەی دادگەییکردنیشیان بەردەوام دەبێت.
ماکیل پەیج، جێگری بەڕێوەبەری رێکخراوی چاودێریی مافەکانی مرۆڤ لە باکووری ئەفریقا و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست گوتی، "دادگەییکردنی ئەو کەسانە لەسەر بابەتێک کە زیاتر لە 10 ساڵی بەسەردا رۆیشتووە هیچ نییە جگە "لە بیانوویەکی بێشەرمانە" بۆ بەردەوامی دادگەیی کردنیان.
لە رووداویکی هاوشێوەدا و لە ساڵی 2013، ئیمارات 94 چالاکڤان، پارێزەر، خوێندکار، مامۆستا و رەخنەگری حکومەتی بە تۆمەتی ئەندامیێتی لە رێکخراوی ئیخوان موسلیمینی قەدەخەکراو دادگەیی کرد؛ ئەوکات رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دادگەییکردنەکەیان سەرکۆنە کرد. ساڵی 2014 ئیمارات ئیخوان موسلیمینی وەکو رێکخراویکی "تیرۆریستی" ناساند.
دادگەییکردنەکەی ساڵی 2013 بووە هۆی زیندانیکردنی 69 کەس، کە هێشتا بەشێکی زۆریان لە زیندانەکاندا ماون. میدیای ئیماراتیش دەڵێت، بەشێک لەوانەی دادگەیی دەکرێن، ئەوانەن کە ساڵی 2013ـش دادگەیی کرابوون.
لەکاتی بەڕێوەچوونی کۆڕبەندی کەشوهەوای جیهانی کە رۆژانی 30ـی تشرینی دووەم تاوەکو 13ـی کانوونی یەکەمی رابردوو لە شاری دوبەی بەڕێوەچوو، بە خۆپێشاندان ژمارەیەک چالاکڤانی ئەو وڵاتە میوانانی کۆڕبەندەکەیان ئاگادارکردەوە لەوەی ئیمارات دەیەوێ زیاتر لە 90 کەس بە تۆمەتی "تیرۆر" دادگەیی بکات.