باڵیۆزی هیندستان بۆ رووداو: جەنگ هەڵبگیرسێت تەواوی ناوچەکە دەگرێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
باڵیۆزی هیندستان هۆشداری دەدات، هەر جەنگێک لە ناوچەکە هەڵبگیرسێت، تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگرێتەوە.
پراشانت پیسە، باڵیۆزی هیندستان لە عێراق، لە لێدوانێکدا بۆ رووداو داوای دانبەخۆداگرتنی لەلایەنەکان کرد داوای کرد کێشەکان "ئاشتیانە" چارەسەر بکرێن، بە لێکدانەوەی ئەو، هەر هەڵچوونێک لە نێوان ئیسرائیل و ئێران رووبدات، "تەواوی ناوچەکە دەگرێتەوە و هیچ کەسیش حەز ناکات دۆخەکە لە کۆنترۆڵ دەربچێت."
سەبارەت بە هەوڵەکان بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکان، پراشانت گوتی، ئەوان پەیوەندیی باشیان لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی هەیە و نزیکەی 800 بۆ 900 سەربازیشیان لە چوارچێوەی هێزی ئاشتیپارێزی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان هەیە، کە دڵنیایی لە ئاشتی و سەقامگیری لوبنان دەدەن.
باڵیۆزی هیندستان گوتی: "لە نزیکەوە چاودێری دۆخەکە دەکەین و باوەڕمانوایە پێویستە ناوچەکە بە چارەسەری ئاشتیانەدا بڕوات."
لە تۆڵەی کوشتنی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس لە تاران، بەرپرسانی ئێرانی هەڕەشەی هێرشکردنە سەر ئیسرائیل دەکەن، کەس نازانێت هێرشەکە بە چ جۆرێک دەبێت، بەڵام وڵاتانی ناوچەکە و رۆژئاوا هۆشداریان داوە کە ئەگەری هەیە هەر کار و کاردانەوەیەک وابکات، دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە دەست دەربچێت.
پراشانت گوتی، هیندستان نوێنەرایەتیی لە رامەڵڵای فەلەستینیش هەیە و لەماوەی دوو هەفتەدا نزیکەی پێنج ملیۆن دۆلار هاوکارییان پێشکێش بە فەلەستین کردووە. هاوکارییەکانی هیندستان لە پاڵ بەرنامەی پەرەپێدانی مرۆیی دێت بۆ گەلی فەلەستین.
باڵیۆزی هیندستان لە کاتی سەردانێک بۆ وەزارەتی رۆشنبیریی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەم قسانەی بۆ رووداو کرد، کە لەوێ ژمارەیەک ئامێری میوزیکی هیندی پێشکێش بە وەزارەتەکە کرد، ئەمە دوای ئەوەی پار وەزیری پەروەردە داوای کردبوو پەرە بە ئاڵوگۆڕی رۆشنبیری نێوان هەرێمی کوردستان و هیندستان بدرێت.
پراشانت گوتی: "ئامێرمان بۆ هێناون، لەنێویاندا دەبلا کە تەپڵێکی هیندییە. یەکێکی دیکە کۆلاکە کە لە رەسەنایەتی باشووری هیندستانە. ئامێرێکی دیکەمان هێناوە بەناوی باسووری لەگەڵ فلوود کە ئامێرێکی سیمبوڵییە. یەکێکی دیکە بەناوی دەف، کە لە زمانی هیندی و کوردی و عەرەبی یەک شتە."
باڵیۆزی هیندستان گوتی: "هیندستان وڵاتێکی دەوڵەمەندە و ئێمەش ویستمان ئامێرێکی میوزیکی هەڵبژێرین کە نوێنەرایەتی سەرتاسەری وڵات بکات."