لە ئوردن دوو باند دەستگیرکران کە دەیانویست 10 ملیۆن حەبى هۆشبەر ببنە سعودیە

رووداو دیجیتاڵ 

دەزگە ئەمنییەکانى ئوردن دوو هەوڵى بەقاچاخبردنى مادەى هۆشبەر ئاشکرا دەکەن و دەست بەسەر نزیکەى 10 ملیۆن حەبى هۆشبەرى کاپتاگۆن و 143 کیلۆگرام حەشیشدا دەگرن، زۆربەى ئەو مادانە لە ئۆتۆمبێلى هەڵکەندن و بەستنەوەى زەوى شاردرابوونەوە بۆ ئەوەى بە قاچاخ ببرێنە سعودیە.
 
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشى گشتیى ئوردن رۆژی چوارشەممە 5ى حوزەیرانی 2024 راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەو هەوڵى بەقاچاخبردنە لە رێگەى دەروازەى سنووریى عەمێرییەوە بووە، کە هەوڵدراوە لە ئوردنەوە ببرێتە عەرەبستانى سعودیە، زیاتر سێ ملیۆن دەنک حەپى کاپتاگۆن لە ئامێرێکى زەوى هەڵکەندن شاردراوەتەوە، زیاتر لە پێنج ملیۆن دەنگ حەپى دیکەش لە ئامێرێکى پەستانەوەی زەوی شاردراوەتەوە.
 
بە گوێرەی راگەیێندراوەکە، دوو باند ئەو کارەیان کردووە، ئەندامانی باندەکە دوو مانگ لەلایەن دەزگاى بنبڕکردنى مادەى هۆشبەرى ئوردن چاودێری کراون و دەستگیراون.
 
ملیۆنێک و 500 هەزار دەنک حەپى دیکەى کاپتاگۆن و 143 کیلۆ مادەى هۆشبەرى حەشیش، کە لایەن ئەو باندانەوە ئامادەکرابوون بۆ ئەوەی بە قاچاخ بگەیێندرێتە سعودیە لە بیرێکى ئاودا لە ناوچەى رەسما شاردرابوونەوە.
 
دەزگەى ئاسایشى گشتیى ئوردن رایگەیاندووە ئەو دوو گرووپە پەیوەندیدار بوون بە تۆڕەکانى دروستکردن و بەقاچاخبردنى هەرێمیى مادەى هۆشبەر.