ساڵانە بایی ملیارێک دۆلار کەرەستەی بیناسازی لە ئێرانەوە هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی شاندێک بگاتە تاران و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە کۆببێتەوە. سەرۆکی ژووری بازرگانیی هاوبەشی ئێران – عێراق لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، دەکرێت لەسەردانەکە گفتوگۆی باش لە رووی بازرگانیی هاوبەشەوە بکرێت.
ئێران و هەرێمی کوردستان سنوورێکی فراوانی هاوبەشیان هەیە، کە زیاترە لە 600 کیلۆمەتر. لەو سنوورانەوە حەوت دەروازەی هاوبەش هەن، سێ لەوانە فەرمین کە باشماخ، پەروێزخان و حاجی ئۆمەرانن. هەروەها چوار دەروازەکەی دیکەش لاوەکین کە شوشمێ، سەیرانبەن، پشتە و کێلێ-ن.
لەو دەروازانەوە ئاڵوگۆڕی بازرگانیی لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران دەکرێت، بەگوێرەی ئامارێکی یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان، لە ساڵی 2023دا قەبارەی بازرگانی لەنێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، شەش ملیار دۆلار بووە.
سرووش سازانی، سەرۆکی ژووری بازرگانیی هاوبەشی ئێران – عێراق لە هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بازرگانیی هاوبەش زۆر پەرەی سەندووە لەنێوان هەرێمی کوردستان و ئێران، بە جۆرێک بازرگانانی هەردوولا ئاڵوگۆڕی بازرگانیی دەکەن".
سازانی دەڵێت، ئێستا وەربەرهێنەرێکی "زۆر"ی هەرێمی کوردستان لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان وەبەرهێنان دەکەن. بە گوتەی ئەو، "وەبەرهێنەر هەیە خەڵکی هەرێمی کوردستانە و لە سنە مۆڵی بازرگانیی دروستکردووە".
سەرۆکی ژووری بازرگانیی هاوبەشی ئێران – عێراق لە هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئێرانەوە کەرەستەی جۆراوجۆر دەهێندرێنە هەرێمی کوردستان و گوتی، "ساڵانە بەهای یەک ملیار دۆلار کەرەستەی بیناسازیی ئێران دەهێندرێتە هەرێمی کوردستان، هەروەها 32%ـی خواردەمەنیی مارکێتەکان هاوردەکراوی ئێرانە".
بە گوتەی سرووش سازانی، "نزیکەی 80%ـی کاڵای بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان لە ئێرانەوە هاوردە دەکرێن، بەتایبەت بازاڕەکانی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە".
سازانی ئاماژەی بەوەشکرد، کۆمپانیایەکی "زۆر"ـی ئێرانی لە هەرێمی کوردستان هەن، بەڵام چونکە هەموویان داتاکان نادەنە یەک لایەن ئاماری دروستییان بەردەست نییە.
سەرۆکی ژووری بازرگانیی هاوبەشی ئێران – عێراق لە هەرێمی کوردستان گوتیشی: "سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ تاران و دەتوانێت ئەنجامی باشی لە رووی پەرەپێدانی بازرگانیی هاوبەشەوە هەبێت".