سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس: بەهیواین سەردانی هەرێمی کوردستان و عێراق بکەین
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس رایگەیاند، شانازی دەکەن بەو پەیوەندییانەوە کە لەگەڵ خەڵکی هەرێمی کوردستان هەیانە و بەلایانەوە گرنگە پەرە بەو پەیوەندییە بدەن و لەو چوارچێوەیەدا بەهیوان سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن.
لە هەڤپەیڤینێکدا کە لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو ئەنجامیدا و رۆژی 1ی نیسانی 2022 بڵاوکرایەوە، ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس ئاماژەی بە پەیوەندیی نێوان گەلی کوردستان و گەلی فەلەستین دا و گوتی، "ئێمە شانازی بەو پەیوەندییەوە دەکەین کە درێژبووەتەوە بۆ ناو مێژوو، بەلامانەوە گرنگە پەرە بەو پەیوەندییە لەگەڵ خەڵکی خۆمان لە هەرێمی کوردستان بدەین"، هاوکات ئاشکرایشی کرد، نیازی سەردانکردنی هەرێمی کوردستان و عێراقیان هەیە.
ئەو بەرپرسە باڵایەی بزووتنەوەی حەماس ئاماژەی بەوەش کرد، "بەهیواین بتوانین سەردانیشمان هەبێت بۆ عێراق و هەرێمی کوردستانیش، ئەوە مایەی بەختەوەریمان دەبێت و پشتیوان بە خودا چاوەڕێی تەواوبوونی ئامادەکارییەکانین بۆ سەردانی عێراق و دیدار لەگەڵ هەرسێ سەرۆکایەتییەکەی و هەروەها مەرجەعە سیاسییە هەمەڕەنگەکانی، پشتیوان بە خوا".
سەبارەت بە هەڵوێستی گەلی کوردستان دەربارەی خەڵکی فەلەستین و غەزە، هەنییە ئەوەی خستەڕوو، "لەم جەنگەی دواییدا لە مانگی ئایاری ساڵی رابردوو، [خەڵکی هەرێمی کوردستان] خۆپێشاندانی ناڕەزاییان کرد و پشتیوانیی سیاسی و میدیایی خۆیان بۆ قودس و بۆ ئەقسا دەربڕی، هەروەها بۆ مانگرتووانی ناو ئەقسا و بۆ غەززە، ئێمە هەموو ئەوانەمان بینی و لە دڵەوە شانازیمان پێوەکرد".
سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس ئاماژەی بەوەش کرد، "پەیوەندیی تەلەفۆنیمان لەگەڵ بەڕێز [د. بەرهەم ساڵح،] سەرۆککۆماری عێراق هەبوو کە ئەویش هەر لە برایانی کوردە، خۆم لەم شەڕەی دواییدا لە غەززە دوو جار پەیوەندیم پێوەکرد و هەڵوێستیشی زۆر روون و راشکاو بوو، هەڵوێستێکی بەهێز بوو کە گوزارشتی لە عێراق بەگشتی و بەتایبەتیش لە برایانی کوردمان دەکرد".
چەند لێدوانێکی ئیسماعیل هەنییە بۆ رووداو بەشێوەی گرافیک:
ـ
ـ
ـ
ـ