هەژاری و بێکاری گەنجانی مەغریب بۆ کۆچکردن هاندەدەن
رووداو دیجیتاڵ
هەژاری و بێکاری بەشێکی گەنجانی مەغریبیان ناچارکردووە رێگەیەکی پڕ مەترسی بگرنەبەر و، بەقاچاخ بەرەو ئەوروپا کۆچبکەن، سەرەڕای ئەوەی یەکێتیی ئەوروپا بەرنامەیەکی هاوبەشی لەگەڵ ئەو وڵاتە هەیە بۆ رێگریکردن لە هاتنی کۆچبەری نایاسایی.
ڤالێریا تاورینۆ، چالاکڤانی سیڤیل دەڵێ "ئاژانسی داتاکانی ئیتالیا باس لە زیادبوونی ژمارەی کۆچبەران دەکات؛ بە دیاریکراوی لە وڵاتانی ئەفریقا، بەم دواییە کۆچکردن لە مەغریبەوە بەرەو ئەوروپا زیادی کردووە."
هەژاری و بێکاری، هۆکاری سەرەکیی کۆچکردنی گەنجانی مەغریبن؛ ساڵی 2022، بێکاری 11.4٪ بوو؛ لە 2023 بۆ سەرووی 13.5٪ بەرزبووەوە.
کەرتی کشتوکاڵ رێژەی 45٪ـی هێزی کاری وڵات پێکدەهێنێت بە تایبەتی لە ناوچەکانی باشوور، بەڵام لە باشوور بارانی باش نەباریوە.
عەبدوڵڵا یەملاحی شارەزای کشتوکاڵ لە مەغریب باسی ئەوە دەکات "لە ناوچەکانی باکووری مەغریب تاڕادەیەک بارانی باش باری، بەڵام لە ناوچەکانی باشوور وشکەساڵییە، ئەوەش کاریگەریی گەورەی کردووەتە سەر بژێویی خەڵک کە پشت بە کشتوکاڵ دەبەستن."
لە ئاداری 2023ـوە یەکێتیی ئەوروپا بەرنامەیەکی هاوبەشی لەگەڵ مەغریب راگەیاند، کە تێچووەکەی نزیکەی 700 ملیۆن دۆلارە، 200 ملیۆنی بۆ رووبەڕووبوونەوەی کۆچبەرانی نایاساییە.
لە حوەزیرانی پار، وەزارەتی ناوخۆی مەغریب رایگەیاند لە ساڵی 2018 تاوەکو 2023 هێزە ئەمنییەکانیان شکستیان بە سەرووی 360 هەزار هەوڵی کۆچکردنی نایاسایی بەرەو ئەوروپا هێناوە، زیاتر لە هەزار و 500 تۆڕی قاچاخچیێتی هەڵوەشێندراونەتەوە، کە 170ـیان لە ساڵی 2023 بووە.
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا بەشێکی گەنجانی مەغریب خەونی کۆچکردنیان هەیە و ئەوروپا بە سەرچاوەی ژیانی خۆش و خۆشگوزەرانی دادەنێن.