دووەم رۆژی ئۆپەراسیۆنی ئیسرائیل؛ لە جنین چی روودەدات؟
رووداو دیجیتاڵ
یەکێک لە گەورەترین ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل کە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا کردوویەتییە سەر کەرتی رۆژئاوای فەلەستین، پێی نایە رۆژی دووەمەوە. تاوەکو ئێستا لانیکەم 10 فەلەستینی بەهۆی پێکدادانەکانەوە گیانیان لەدەستداوە و هەزاران کەسی دیکەش دەربەدەر بوون.
ئۆپەراسیۆنەکە بە سەرپەرشتیی حکومەتە ئەوپەڕی راستڕۆیەکەی بنیامین نەتەنیاهۆی سەرۆکوەزیرانەوە بەڕێوەدەچێت؛ باکووری شاری جنینی کردووەتە ئامانج و بە بلدۆزەری سوپا، ئۆتۆمبێلی سەربازی و هێرشی درۆنی بەسەر ناوچە فەلەستینییەکانەوە دەدەن.
بەیانیی ئەمڕۆ (سێشەممە، 4-7-2023) دووکانەکانی شاری جنین بەتەواوی داخران، ژمارەیەکی زۆر کەمی خەڵکی لەسەر شەقامەکان دەبینرێن و کە پڕبوون لە داروپەردوو و پاشماوەی شەڕی رۆژی پێشتر، هاوکات، درۆنی ئیسرائیلی بە بەردەوامی بەسەر ناوچەکەدا دەفڕن.
لە کەمپی پەنابەرانی جنین، کە کۆمەڵگەیەکی نێوشارە و 18 هەزار کەس لەخۆدەگرێت، چەند شەقامێک بەهۆی شەڕەوە تێکدراون؛ بەوەش بەشێكی کێبڵەکانی کارەبا، بۆریی نەوت و ئاو پچڕاون.
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، "چالاکییەکانی دژەتیرۆر" لە جنین، تاوەکو رۆژی سێشەممە بەردەوام بوون و هێزەکانیان کار بۆ لەنێوبردنی کۆگەیەکی ژێرزەمینی دەکەن، کە "بۆ هەڵگرتنی تەقەمەنی لە کەمپی پەنابەران بەکارهاتووە".
هەر رۆژی سێشەممە، سوپای ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "هێزەکانی بەرگریی ئیسرائیل دوو ژووری ئۆپەراسیۆنیان لە ناوچەکەدا دۆزیونەتەوە، کە لەلایەن رێکخراوە تیرۆریستییەکانەوە بەکاردەهێندران و لەنێویانبردوون".
پێش ئەم ئۆپەراسیۆنە، ئیسرائیل هەڵیدەکووتایە سەر باکووری کەرتی رۆژئاوا کە بەمدواییە گرژیی کەوتووەتە نێوان فەلەستینییەکان و ئەو ئیسرائیلیانەی لە خاکی فەلەستیندا نیشتەجێ کراون.
تووندوتیژییەکانی ئیسرائیل و فەلەستین لە ماوەی ساڵی رابردووەوە و لە سەردەمی حکومەتی نەتانیاهۆدا کە هاوپەیمانانی راستڕەوی تووندڕەو لەخۆدەگرێت، زیاتر پەرەی سەندووە.
قاسم بێنیغەدەر، پەرستار لە نەخۆشخانەیەکی فەلەستین دەڵێت "لە پێنج ساڵی رابردوودا، ئەمە خراپترین هەڵمەتە". گوتیشی کە ژمارەیەکی "زۆر نەخۆش بەهۆی گوللـەوە بریندار بوون یان کوژراون".
وێرانکاری و هەژاری
دانیال هاگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل، بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، سەربازانی ئیسرائیل "بەنیازی مانەوە لە کەمپەکەدا نەبوون، بەڵام ئێمە خۆمان بۆ دۆخی سەختتر ئامادە دەکەین، کە شەڕێکی درێژخایەن دەبێت".
بەگوێرەی وەزارەتی تەندروستیی فەلەستین، لە گرژییەکانی دوێنێوە، لانیکەم 10 فەلەستینی کوژراون و 100 کەسی دیکەش بریندار بوون، برینی 20 کەس لە بریندارەکانیش سەختە.
هاوکات، سەربازێکی برینداری ئیسرائیل بە هەلیکۆپتەرێکی سەربازی لە جنین گوازرایەوە.
کەمال ئەبو ئەلرووب، جێگری پارێزگاری جنین دەڵێت، لە سەرەتای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکەوە، نزیکەی سێ هەزار کەس ماڵ و حاڵی خۆیان لە کەمپی پەنابەرانی جنین بەجێهێشتووە. ئاماژە بەوەش دەکات، ئامادەکاری دەکرێت بۆ ئەوەی ئاوارەکان لە قوتابخانەکان و پەناگەیەکی دیکەی شاری جنین، نیشتەجێ بکرێن.
لە تاریکیی شەوی دووشەممەدا، ژنان لە کەمپی جنین منداڵە بچووکەکانیان هەڵدەگرت و منداڵە گەورەکانیش کەلوپەلەکانیان بەسەر شانەوە، بەنێو شەقامەکاندا دەگواستەوە.
بەدر شاگۆل، دانیشتووی شاری جنین باس لە دۆخەکە دەکات و دەڵێ "بینیم بولدۆزەریان بردە نێو کەمپەکەوە، باڵەخانەکانیان وێران دەکرد... ئەمانە ماڵی خەڵک بوون".
سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوەکرد، سەرباز و چەکدارەکان تەقەیان لە مزگەوتێکی نێو کەمپەکە کردووە، "دواتر چەک و تەقەمەنییان لەنێو باڵەخانەکەدا دۆزیوەتەوە".
یەکێکی دیکە لە دانیشتووانی کەمپەکە بەناوی مەحموود حەواشین دەڵێت، تاوەکو "زیاتر خوێنی فەلەستینییەکان بڕێژێت، خوێنی ئیسرائیلییەکانیش زیاتر دەڕژێت".
نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، کەمپی جنین یەکێک لە بەرزترین رێژەی بێکاری و هەژاری لە تەواوی کەمپەکانی کەرتی رۆژئاوادا هەیە و، ئۆپەراسیۆنی سەربازی بووەتە هۆی پچڕاندنی هێڵەکانی کارەبا لە بەشێکی زۆری کەمپەکەدا.
نەتەنیاهۆ باسی لەوە کرد، هێزەکانی ئیسرائیل "لە هێلانەی تیرۆریستان لە جنین، ناوەندە فەرماندەییەکان لەنێودەبەن و دەست بەسەر بڕێکی بەرچاوی چەکدا دەگرن".
هاوکات، ئێلی کۆهن، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل رایگەیاند، ئیسرائیل "بە هێزێکی زۆرەوە گورز دەوەشێنێت"، ئۆپەراسیۆنەکەشی بە "جەنگێکی کراوە لە دژی خەڵکی جنین" وەسفکرد.
ناوچەی جنین، ناوچەیەکە لەژێر کۆنترۆڵی حکومەتی فەڵەستین، کە مەحموود عەباس سەرکردایەتیی دەکات.
پارتی دەسەڵاتداری فەتح مانگرتنی گشتی راگەیاندووە، ئەوەش کاریگەری لەسەر کاروباری تایبەت و کەرتەکانی دیکە هەبووە و بەو هۆیەوە هەموو کارمەندانی دەسەڵاتی فەلەستین بەشێوەیەکی کاتی دەستیان لە کار بەرداوە.