حەماس داوا لە سەرکردەکانی عەرەب دەکات پلانەکەی ترەمپ پووچەڵ بکەنەوە

رووداو دیجیتاڵ
بزووتنەوەی حەماس داوا لە سەرکردەی وڵاتانی عەرەبی دەکات، پلانەکەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کەرتی غەززە و گواستنەوەی ئاوارەکان بۆ وڵاتانی ناوچەکە "پووچەڵ"، بکەنەوە و جەختیش لەوە دەکاتەوە؛ وڵاتانی عەرەبی رۆڵێکی کارا لە بنیاتنانەوەی کەرتەکە بگێڕن.
رۆژی سێشەممە، چواری ئاداری 2025، بزووتنەوەی حەماس لەبارەی لووتکەی ئەمڕۆی وڵاتانی عەرەبی لە قاهیرەی پایتەختی میسر، بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند "چاومان لەوەیە وڵاتانی عەرەبی رۆلێکی باڵایان هەبێت لە کۆتاییهێنان بەو کارەساتە مرۆییەی لە دەرئەنجامی داگیرکاریی کەرتی غەززە دروست بووە. لەگەڵ ئەوەش ئەو پیلانەی داگیرکار [ئیسرائیل]، بۆ ئاوارەکردنەوەی فەلەستینییەکان، پووچەڵ بکەنەوە."
رۆژی سێشەممە، سەرکردەکانی وڵاتانی عەرەبی لە قاهیرە کۆبوونەوەیەکی نائاساییان کرد تایبەت بە دۆخی غەززە و ئاشکراکردنی پلانی میسر بۆ کەرتی غەززە لەدوای جەنگە 15 مانگییەکە.
لە بەیاننامەکەی حەماس دا هاتووە، داخستنی دەروازەکانی کەرتی غەززە بۆ سێیەم رۆژ لەسەریەک و رێگرتن لە گەیشتنی هاوکارییەکان، ئاماژەیەکی روونی پێشێلکاریی زایۆنییەکانە بەرامبەر بە رێککەوتنی ئاگربەست و تاوانێکی زەقی جەنگیشە.
ئەمە لەکاتێکدایە میسر پێشنیازێکی بۆ بنیاتنانەوەی کەرتی غەززە بە بڕی 53 ملیار دۆلار کردووە. پلانەکەی میسر لە سێ قۆناخ پێکهاتووە و بۆ ماوەی سێ بۆ پێنج ساڵە. قۆناخی یەکەم بۆ شەش مانگە و سەرنج لەسەر لابردنی داروپەردوو و ئاوەدانکردنەوەی سەرەتایی کەرتەکە دەبێت. قۆناخی دووەم بریتی دەبێت لە بەڕێوەچوونی کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی بۆ داڕشتنی پلانێکی پڕ لە وردەکاریی لەبارەی ئاوەدانکردنەوەی تەواوی کەرتەکە. قۆناخی سێیەمیش بریتی دەبێت لە پلاندانان و دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون و یەکە پەروەردەیی و تەندروستییەکانی غەززە.
هەروەها بەگوێرەی رەشنووسی پلانەکەی میسر، ئیدارەدانی کەرتی غەززە لەدەست بزووتنەوەی حەماس نابێت، کە یەکێکە لە مەرجەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل و بڕیاریشە پلانەکە لەچەند هەفتەی داهاتوو رادەستی دۆنالد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا دەکرێت.
لەساڵی 2007وە حەماس ئیدارەی غەززەی لەدەستە.
میسر پێشنیازی کردووە، کۆمیتەیەکی سەربەخۆ و تەکنۆکراتی فەلەستینی بەشێوەیەکی کاتی بۆ ماوەی شەش مانگ کەرتی غەززە بەڕێوەببەن، ئەو کۆمیتەیەش "لەژێر چەتری دەسەڵاتی فەلەستینی لە کەناری رۆژئاوا" بێت، بەڵام ئەندامانی کۆمیتەکە، سەر بەو دەسەڵاتە نەبن.