شەڕ لە غەززەیە و تۆزەکەی لە بەریتانیا؛ 'هێرش دژی جووەکان 147% زیادیکردووە'

 
رووداو دیجیتاڵ

شەڕ لە غەززەیە و تۆزەکەی لە بەریتانیا. لەو وڵاتە رۆژێک خۆپێشاندانی پشتگیری بۆ غەززە دەکرێت و رۆژێکی دیکە بۆ ئیسرائیل و ئازدادکردنی بارمتەکان. بۆ هەر گردبوونەوە، قاوەخانە یاخود مارکێت و خوێندنگەیەک دەڕۆیت، گوێبیستی دەمەقاڵەی تووندی خەڵک دەبیت لەسەر ئەوەی ئاخۆ حەق بە ئیسرائیلە یاخود حەماس و خەڵکی غەززە؛ هەندێکجار خۆیان بۆ ناگیرێت و پەنا بۆ تووندوتیژی دەبەن.
 
خۆپیشاندەرێک دەڵێت، "دژایەتیکردنی جوو، هاوشێوەی دژایەتیکردنی ئیسلام گەورەترین کێشەیە ئێستا دەگوزەرێت. باوەڕم وایە هەموو قسەیەکی زبر بۆ خستنەوەی ناکۆکی داڕێژراوە."
 
لەبەر دوو هۆکار، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لە هەموو کەسێک زیاتر لەژێر گوشارە، بەشێکی لەبەر ئەوەی هەڵبژاردنی بەریتانیا کەمتر لە 11 مانگی ماوە و هەموو شەممەیەک بە سەتان هەزار کەس داوای ئاگربەستی غەززە دەکەن، بەشەکەی دیکەی لەبەر ئەوەیە هێرشی دژە جووەکانیش رووی لە زیادبوونە و حکومەت هەموو رێگەیەکی گرتووەتەبەر بۆ کۆنترۆڵکردنی، لەنێویاندا قەدەخەکردنی هاتنی ئەو مامۆستا ئاینییانەی گوتاری تووندیان داوە.
 
ریشی سووناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند، "لە چەند هەفتە و مانگی ئەم دواییەدا، زیادبوونێکی چاوەڕوان نەکراو لە پشێویی تووندئاژۆیانە و تاوان روویانداوە. ئەوەی بە خۆپێشاندان لەسەر شەقامەکان دەستیپێکردووە، گۆڕاوە بۆ ترس و تۆقاندن و هەڕەشە و پلانی کردەوەی تووندئاژۆیی. منداڵانی جوو بە ترسەوە جلی قوتابخانە لەبەردەکەن و ناسنامەیان دەشارنەوە. ژنانی موسڵمان لەسەر شەقامەکان مامەڵەی ناشرینیان لەگەڵ دەکرێت بۆ کردەوەی گرووپێکی تیرۆریستی، کە ئەوان هیچ پەیوەندییان پێیەوەی نییە."
 
حکومەتی بەریتانیا 54 ملیۆن پاوەندی بۆ پاراستنی قوتابخانە و پەرستگە و سەنتەری جووەکان تەرخان کردووە. لە ساڵی 2023دا چوار هەزار و 103 هێرشی دژە جوو تۆمار کراون، ئەمەش بەرزترین ئاستە لە ساڵێکدا و 147%ی زیاترە لە ساڵی 2022.