ئاگربەستى لوبنان لە مەترسیی هێرشکردنە سەر عێراقی کەمنەکردووەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
شەڕ لە لوبنان وەستاوە و مەترسیی هێرشکردنە سەر عێراق هێشتا هەیە. مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق دەڵێت خۆیان بۆ ئەگەری هێرشی ئیسرائیل ئامادە کردووە. جێگرى سەرۆکى لیژنەى ئاسایش و بەرگریى پەرلەمانی عێراقیش دەڵێت، سیستمى چاودێریى عێراق دەتوانێت 40٪ـى ئاسمانەکەى رووماڵ بکات.
کاژێر 5:00ى بەیانیى 27ى تشرینى دووەمى 2024 ئاگربەستى شەڕ لە نێوان سوپاى ئیسرائیل و حیزبوڵڵا لە لوبنان جێبەجێ کرا.
ئەو گرووپە چەکدارانەى شیعە لە عێراق کە نزیکن لە کۆمارى ئیسلامى ئێران، بەر لە ئاگربەستەکە، هێرشەکانیان لە دژى ئیسرائیل راگرت.
کەتائیبی حیزبوڵڵاى عێراقى تەنیا لایەنى چەکدارى شیعە بوو لە رۆژى ئاگربەستەکە راگەیێندراوێکى بڵاوکردەوە، رایگەیاند: "پشوودانی بەرەیەکى مقاوەمە کاریگەرى لەسەر یەکێتى گۆڕپانەکانى شەڕ نابێت و لایەنى دیکەى بۆ زیاد دەبێت و لە قودس رووبەڕووى زایۆنیزم دەبنەوە".
نزیکەى هەفتەیەک بەسەر ئاگربەستەکە تێپەڕ بووە بەبێ ئەوەى ئەو گرووپە هیچ چالاکییەکى سەربازیی لە دژى ئیسرائیل رابگەیێنن بۆ پاڵپشتى غەززە کە شەڕ تێیدا نەوەستاوە و پێشتر کردبوویانە پاساو بۆ ئەو هێرشانەیان.
کازم فەرتووسى، گوتەبێژى کەتائیبی سەیدولشوهەدا کە یەکێکە لە پێکهێنەرانى گرووپى "مقاوەمە" لە کاتی بەشداریکردنى لە پۆدکاستى رووداوى عێراقی رادیۆی رووداودا گوتى: "چالاکییە پاڵپشتیکارییەکانی مقاوەمە لە عێراق، یەمەن و لوبنانەوە بۆ بەرگریی لە گەلى فەلەستین، کۆتایی نەهاتووە."
سەبارەت بە هۆکاری راگرتنی هێرشەکانی مقاوەمە بۆ سەر ئیسرائیل، فەرتووسی گوتی: "ئێستا گفتوگۆ لەسەر چالاکییەکانى مقاوەمە دەکرێت و رێککەوتنێکى روونى لێ نەکەوتووەتەوە، لە چەند رۆژێکدا بڕیارێک دەدرێت لەبارەى بەردەوامى لەسەر ئەو رێڕەوەى کە هەیبووە کە پاڵپشتیکردنى غەززە بووە، یان وەستاندنى وەک پاڵپشتییەک بۆ ئاشتى، تاوەکو لەسەر دۆخى غەززەش رەنگ بداتەوە".
18ى تشرینى دووەمی 2024 گیدیۆن سار، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە نامەیەکدا داواى لە ئەنجوومەنی ئاسایش کرد گوشار بخاتە سەر حکومەتی عێراق بۆ ئەوەی کۆتایی بە هێرشی گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێران بۆ سەر ئیسرائیل بهێنێت.
لە نامەکەى وەزیرى دەرەوەى ئیسرائیلدا ناوى چەند گرووپێکى چەکدارى شیعە هاتبوو لەوانە کەتائیبی حیزبوڵڵا، عەسائیبی ئەهلى حەق، سەیدولشوهەدا، ئەنساروڵڵاى ئەوفیا، نوجەبا، رێکخراوى بەدر.
کازم فەرتووسی دەڵێت: "ئەو هۆشداری و هەڕەشانە بە جیدى وەردەگیرێن، چەندین رێوشوێن گیراونەتەبەر".
10 رۆژی دوای هێرشەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە حەوتی ئۆکتۆبەری 2023، "مقاوەمەى ئیسلامى لە عێراق" وەک کاردانەوەیەک یەکەم هێرشی کرد، بەڵام نەک بۆ سەر ئیسرائیل، بەڵکو بۆ سەر هەرێمی کوردستان، بە گوتەی مقاوەمە هێرشەکە لە بە درۆنێکى بۆمبڕێژکراوى جۆرى 2 کى بووە و ئاڕاستەى بنکەى سەربازیى هەریر کرا لە هەولێر."
باڵادەسترین گرووپە چەکدارە شیعەکانى نێو گروپى "مقاوەمەى ئیسلامى لە عێراق" بریتین لە بزووتنەوەى نوجەبا کە 2013 دامەزراوە، کەتائیبى حیزبوڵڵا، لە 2007 دامەزراوە، وارسین لە 2019 دامەزراوە، کەتائیبی سەیدولشوهەدا لە 2013 دامەزراوە.
حەشدى شەعبى زیاتر لە 67 گرووپی چەکداری هەیە، کەئاتیبى حیزبوڵڵا چوار لیواى لەو هێزە هەیە، نوجەبا یەک لیوا و سەیدولشەهەدا کە ئەبو ئالا وەلائی سەرۆکایەتى دەکات یەک لیوای هەیە.