بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل: فەوزییە لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیل رزگارکرا
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری بەشی دیپلۆماسیی دیجیتالی لە وەزارەتی دەرەوەی ئسیرائیل، پشتڕاستی دەکاتەوە، کە فەوزیە ئەمین سەیدۆ، کچە کوردی ئێزدی کە لە تەمەنی 11 ساڵیدا لەلایەن داعشەوە رفێندرا، دوای 10 ساڵ "لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئیسرائیلەوە لە غەززە رزگارکرا."
دەیڤید سارانگا، بەڕێوەبەری بەشی دیپلۆماسیی دیجیتاڵی لە هەژماری خۆی لە ئێکس نووسیویەتی، فەوزیە "چەندین ساڵ بوو لەلایەن ئەندامێکی حەماسی داعشی فەڵەستینی بە بارمتە گیرابوو."
سارانگا دەڵێت ئێستا فەوزییە لەگەڵ خێزانەکەی یەکی گرتووەتەوە و چیرۆکەکەشی دەرخەری ئەو دڕندایەتییەیە، کە منداڵانی ئێزدی بەبێ رەزامەندیی خۆیان دووچاری هاتن.
ڤیدیۆی کاتی گەیشتنەوەی فەوزییە ئەمین بۆ لای کەسوکارەکەی. باوەشی تووندی پێدا دەکەن و بە گریانەوە پێشوازیی لێ دەکەن.
— Rudaw (@Rudawkurdish) October 3, 2024
فەوزییە لەلایەن داعشەوە رفێندرابوو، دوای 10 ساڵ لە غەززە دۆزرایەوە و رزگار کرا. pic.twitter.com/99QYqALEnt
بەرپرسە ئیسرائیلییەکە لە کۆتایی قسەکانیدا دەڵێت، لە یادتان بێت، هێشتا 101 ئیسرائیلی لە غەززە بە بارمتە گیراون.
دوای زیاتر لە 10 ساڵ لە رفاندنی لەلایەن چەکدارانی داعشەوە، فەوزییە ئەمین سەیدۆ، کە خەڵکی ناحیەی گرعزێرە لە سنووری قەزای بەعاج، لە تەمەنی 21 ساڵیدا رزگارکرا.
سەراب ئیلیاس، بەڕێوەبەری گشتیی رزگابووانی ژنانی ئێزدی لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "فەوزییە لای چەکدارێکی داعشی خەڵکی کەرتی غەززە-ی فەڵەستین بووە. چەکدارەکە کوژراوە، چوار ساڵ دەبێت دایکی چەکدارە کوژراوەکە فەوزییەی لەگەڵ خۆی بردبووە کەرتی غەززە".
دکتۆر خەلەف شنگالی، راوێژکاری محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئێزدی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "یەکەمجار لە رێگەی شاشەی تۆڕی میدیایی رووداو، سەرەداوی ئەو کچە فێنراوە ئێزدییەمان لە کەرتی غەززە دەستکەوت، کاتێک لە شاشەی رووداو دەرکەوت و باسی لەوە کرد کە ئێزدییە و لە غەززەیە"
بەڕێوەبەری گشتیی رزگابووانی ژنانی ئێزدی دەڵێت، دوای دەستکەوتنی "زانیاریی گرنگ"، شوێنەکەیان لە کەرتی غەززە دۆزیوەتەوە، توانراوە لە رێگەی ئوردن بگەڕێندرێتەوە و دوێنێ چوارشەممە پێشوازییان لێکردووە و رادەستی کەسوکارەکەی کراوەتەوە و ئێستا لە شنگالە.
حوسێن قائیدی،بەرپرسی نووسینگەی رزگارکردنی کوردانی ئێزدی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت ، "زیاتر لە ساڵێکە لەگەڵ فەوزییە لە کەرتی غەززە لەسەر هێڵین، زۆر هەوڵمانداوە رزگاری بکەین".
بەرپرسی نووسینگەی رزگارکردنی کوردانی ئێزدی دەڵێت، فەوزییە برابووە کەرتی غەززە، برایەکی چەکدارە کوژراوەکەی داعش، لەخۆی مارە کردبوو، کردبوویە ژنی خۆی.
حوسێن قائیدی گوتی، دوای هەوڵێکی زۆر، لە رێگەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ئوردن و وڵاتی ئوردنەوە رزگارکراوەو هێنرایەوە شنگال.