راپۆرتی تایبەتی رووداو لەسەر کەشتی جەنگی جۆرج بووش

رووداو - کەنداو

کەشتی جەنگی ئەمریکی ناسراوە بە یو ئێس ئێس جۆرج ئەیچ دەبلیو بووش، زیاتر لە دوو ساڵە لە ئاوەکانی کەنداو لەنگەری گرتووە و فڕۆکەکانی سەر ئەو کەشتییە جەنگییە رۆڵێکی کارا و گرنگیان لە بۆردوومانکردن و لاوازکردنی توانای چەکدارانی داعش لە عێراق و سووریادا هەبووە.


لە سەرەتای شەڕی داعشەوە تاوەکو ئێستا زیاتر لە دوو هەزار هێرش کراوەتە سەر چەکدارانی داعش و فەرماندە سەربازییەکانی نێو کەشتییەکەش دەڵێن "ئەو سیستەم و چەکانەی کە فڕۆکەکانیان بۆ بۆردوومانکردنی پێگەکانی داعش بەکاریان دەهێنن زۆر پێشکەوتوون".

لەدوو ساڵ و نیوی رابردوودا، ئەو فڕۆکانەی لەم کەشتییەوە فڕیوون، بەشێکی گرنگ بوون لەهەڵمەتی دژە داعش.

کەشتی جەنگیی یو ئێس ئێس جۆرج ئەیچ دەبلیو بووش ، زیاتر لە دوو ساڵە لەم ناوچەیەیە. 
مووشەک و بۆمبە جیاوازەکانی رۆڵێکی سەرەکییان هەبووە لە لاوازکردنی داعش لە عێراق و سووریا.

زۆر کورد بەناوی ئەم کەشتییە ئاشنان، چونکە لێرەوە بوو فڕۆکە هاتن و داعشیان بۆمباران کرد، ئەو کاتەی هاوینی ساڵی 2014 چەکدارانی ئەو گرووپە گەیشتبوونە سنوورەکانی کوردستان.

ئەم فڕۆکەوانە فڕۆکەیەکی نوێی ئێف هەژدەی پێیە و هاوکاری هێزە کوردییەکانی زۆر کردووە. چەندین جار هاتووەتە ئاسمانی کوردستان.

لە عێراق داعش لەهەموو بەرەکان دوور خراوەتەوە و توانای شەڕکردنی لاواز بووە، بەڵام ئەم کەشتییە و دەریاوانەکانی سوورن لەسەرئەوەی لەم ناوچەیە بن هەتا ئەو گرووپە بەتەواوی لەناودەچێ.

حەوت هەزار کەس، دوو کەشتی مووشەک هاوێژو پێنج کەشتی هێرشبەر و زیاتر لە حەفتا فڕۆکە لەژێر فەرمانی ئەدمیراڵ کێنیس وایتسێڵدان.

کەشتی یو ئێس ئێس جۆرج ئەیچ دەبلیو بوش و دوو کەشتی دیکەی هاوشێوەی چەند مانگ جارێک جێگۆڕکێ دەکەن، بەڵام ئەم کەشتییەیان بەتەنیا خۆی زیاتر لە دوو هەزار هێرشی کردووەتە سەر داعش، تەنها لەچەند هەفتەی رابردووشدا زیاتر لە 700 بۆمبی بەسەر داعشدا باراندووە.

کاتێک ئێمە لێرە بووین، یەکێک لەم فڕۆکانە فڕی بۆ سووریا، بۆمبارانی داعشی کردو وێنەکەی ناردوە بۆ ژووری کۆنترۆڵ.

من لە ساڵ و نیوی رابردوودا رووماڵی جەنگی هێزە کوردی و عێراقییەکانم کردووە لە دژ داعش، بینیوومە ئەم بۆمبانە چەند وێرانکەرن بۆ دووژمن و چ کاریگەرییەکیان هەیە لەسەر وورەی سەربازان.

لەشارۆچکەی گەیارە لەباشووری موسڵ، دەیان بیرە نەوتم بینی کە داعش ئاگری تێبەردابوون بە هیوای خۆشاردنەوە لە هێرشە ئاسمانییەکان، بەڵام ئەو فڕۆکە ئێف هەژدانەی لێرەوە دەفڕن گوێ بەو فێڵ و فڕانە نادەن و دووژمن لەهەرشوێنێ بێ دەیاندۆزنەوە.

لەیەک کاتدا و بەردەوام 20 یان 30 فڕۆکە لەئاسماندان، هەندێکیان حەوت کاژێری لەئاسمان دەمێننەوە و هەرلەوێش دوو یان سێ جار سووتەمەنی وەردەگرن.

رۆژانێک ئەم فڕۆکانە ئەرکەکەیان زۆر لە ئێستا فروانتر بوو، دەبووایە لەدەروازەکانی بەغداوە تا روومادی، لە دەشتی نەینەواوە تا کۆبانێ، بۆمبارانی داعش بکەن، بەڵام ئێستا زۆربەی ئامنجەکانیان لەبەشی رۆژاوای موسڵن، خاکی ژێر دەستی چەکدارەکان بچووکترە، بەڵام ئەمەش کاری فڕۆکەوانەکان ئەستەمتر دەکات.

بۆ سەربازە عێراقییەکانیش بەهەمان شێوە، شەڕێکی ماڵ بەماڵە لە شارێکی پڕ لە خەڵکی مەدەنیدا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا سەربازەکان هەر ناچارن ئەم فڕۆکانە بانگ بکەن بۆ لەناوبردنی ژێرزەمینەکانی داعش یان ئەو لۆرییە بۆمبڕێژکراوانەی لەهەموو کوچە و کۆڵانێکەوە بەرەو روویان دێ.

ئەم کەشتی گەلەو فڕۆکەکانیان زۆر لەوە گەورەتر و بەهێزترن کە تەنها شەڕی داعش بکەن. 
هاتوون بۆ ئێرە تاوەکو بازرگانی لەم ناوچەیە بەردەوام بێ، رووبەڕووی هەڕەشە بننەوە لەدژ هاوپەیمانەکانی ئەمریکا و جەردەکانی دەریاش لەزەریای هیندی بترسێنن، بەڵام هەتا چەکدارانی داعش لەعێراق و سووریا مابن، فڕۆکە و مووشەکانیان بەشەو رۆژ لەدوویان دەگەڕین.


داڕشتنەوە؛ راوچی حەسەن