باخچەی ئاژەڵانی غەززە شێرەکانی بە نانەڕەق بەخێودەکات

رووداو دیجیتاڵ 

لە کاتێکدا دانیشتووانی کەرتی غەززە خۆیان بە زەحمەت خواردنیان دەستدەکەوێت، دۆخی ئاژەڵان خراپترە لەو شارە، یەکێک لە خاوەن باخچە ئاژەڵانەکانی کەرتەکە ناچارە با نانەڕەق شێرەکانی بەخێوبکات.  
 
برسێتییەک رووی لەم ئاژەڵانە کردووە، بە ئاشکرا بە رووخسار و جەستەیانەوە دیارە. ئەحمەد جومعە، خاوەنی باخچەی ئاژەڵانە دەڵێت، "دواین رێگەمان دەرخواردکردنی نانی وشکە ئینجا تەڕکردنی. هەوڵدەدەین لێرەو لەوێ شتێکیان بۆ پەیداکەین."
 
ئەحمەد رۆژانە هەموو کووچە و کۆڵانەکانی رەفەح دەگەڕێت، بەو هیوایەی شتێکی دەستکەوێت دەرخواردی ئاژەڵەکانی بدات. لەگەڵ ئەوەشدا رۆژنییە ئاژەڵێک لە باخچەکەی مردار نەبێت. ئەوانەی کە ماون، لە برساندا کز و لاواز بوون.
 
هەروەها ئەحمەد جومعە باس لەوە دەکات کە "لە دەستپێکی شەڕ، دەمانتوانی بەڕێوەی ببەین، بەڵام دوایی لە کۆنتڕۆڵ دەرچوو. خۆراک نییە. هەندێک ئاژەڵ لە برسا مرداربوون، بۆ نموونە شێر بێچووی بووە، بەڵام چونکە نەمانتوانیوە خۆراکی بۆ دابین بکەین بێچووەکان مردوون. هەمان شت بەسەر مەیموون و باڵندەکاندا هاتووە. جاران یەک کیسە خۆراک بە 70 شێكڵ بوو، ئێستا بە 400 شێكڵە و ئەگەر دەستبکەوێت. دۆخەکە خراپە نە خۆراک نە ئاو، نە داوودەرمان و هیچ شتێک نییە."
 
باخچەی ئاژەڵانی رەفەح دڵنەواییەکی گەورەیە لەم کاتەی جەنگ دا، بەتایبەت بۆ منداڵانی غەززە کە زیاتر لە 12 هەفتەیە لە ژێر زەبر و زەنگی ئاسنن. بەڵام ئەم شەڕە کاریگەری لە باخچەکە و ئاژەڵەکانیش کردووە. تا ئێستا 5 مەیموون لە برسا مرداربوون و هەردوو بەچکە شێرەکەش لەبەر برسێتی چاوەڕێی مەرگ دەکەن.