بۆ راکێشانی گەشتیاران دوبەی نرخی خواردنەوە کحولییەکان هەرزان دەکات


رووداو دیجیتاڵ 

دەسەڵاتدارانی دوبەی بڕیاریان دا رێژەی باج لەسەر خواردنەوە کحولییەکان و بەتایبەت بیرە بەرێژەی 30٪ کەمبکەنەوە، ئەمەش وەکو هەنگاوێک بۆ راکێشانی گەشتیاری بیانی زیاتر و پێشکەوتنی لە بەرامبەر وڵاتانی دیکەی کەنداو.
 
رۆژی 2ی کانوونی دووەمی 2023، کۆمپانیای MMI، ئەو کۆمپانیایەی خواردنەوە کحولییەکان لە سەرانسەری دوبەی دابەش دەکات و چاودێریی دەکات، لە روونکردنەوەیەکدا ئاشکرای کرد کە نرخی خواردنەوە کحولییەکان لە دوبەی هەزار کرا. 
 
ئەو کۆمپانیایە کە 21 لقی جیاوازی لە سەرانسەری دوبەیدا هەیە، ئاشکرای کرد، 30٪ی باجی لەسەر خواردنەوە کحولییەکان هەڵگرتووە.
 
دوبەی، کە بە یەکێک لە شوێنە گرانبەها و قەرەباڵخترین شاری ناوچەکە ناسراوە، بەڵام بەمەبەستی راکێشانی زیاتری گەشتیاران دەستبەرداری هەندێ رێکاری تووند بووە بەتایبەتی لەبارەی خواردنەوە کحولییەکان.  
 
ئێستا لە زۆربەی هۆتێل و چێشتخانەکان خواردنەوە کحولییەکان لە دوبەی دەستدەکەوێت لەگەڵ ژمارەیەک دووکان کە مۆڵەتی تایبەتیان لە حکومەت وەرگرتووە.  
 
لە حەوت ئیمارەتەکەی ئەو وڵاتە تەنیا شاریقەی دراوسێی دوبەی بە تەواوەتی خواردنەوەی کحولی قەدەخە کردووە. 
 
هەروەها دوبەی لە چەند ساڵی رابردوودا هەندێ رێکاریی فرۆشتنی خواردنەوە کحولییەکانی سووککردووە لەوانەش، گەیاندنی خواردنەوە کحولییەکان بۆ ماڵان بەتایبەتی لە سەردەمی کۆرۆنادا و هەروەها فرۆشتنییان لە رۆژانی مانگی رەمەزاندا. 
 
هەرزانکردنی نرخی خواردنەوە کحولییەکان، لە دوبەی لە کاتێکدایە کە هەفتەی رابردوو، ریازی پایتەختی سعودیە چەند رێکارێکی دەستپێکرد بەمەبەستی راکێشانی گەشتیاری زیاتر بۆ وڵاتەکەیان؛ هەروەها کرانەوەی زیاتری قەتەر لە دوای میوانداریکردنی جامی جیهانی 2022، ئەمەش وەک هەوڵەکانی وڵاتانی کەنداو بۆ فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی ئابووریان و دوورکەوتنەوە لە پشتبەستن بە داهاتی نەوت لێکدەدرێتەوە. 
 
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی گەشتیاری و ئابووری دوبەی، لە 11 مانگی ساڵی رابردوودا، دوبەی پێشوازی لە 12 ملیۆن گەشتیاری بیانی کردووە، ئەمەش بەراورد بە ئاماری ساڵی 2021، دوو هێندە زیادیکردووە، کە لە 11 مانگی ساڵی 2021دا، 6.2 ملیۆن گەشتیار روویان لە دوبەی کردبوو.