ماکرۆن: ئامانجی ئیسرائیل بۆ لەنێوبردنی حەماس جەنگێکی 10 ساڵە دەنێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری فەرەنسا دەڵێت ئامانجی ئیسرائیل بۆ لەناوبردنی حەماس مەترسیی جەنگێکی 10 ساڵە دروستدەکات، "بۆیە پێویستە ئەم ئامانجە روونبکرێتەوە."
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا لە کاتی پێشکێشکردنی گوتارێک لە کۆنفرانسی گۆڕانی کەشوهەوا لە دوبەی هۆشداریدا لەوەی ئامانجی"لەناوبردنی تەواوەتیی حەماس، واتە جەنگەکە 10 ساڵ دەخایەنێت."
زۆر بەسەر قسەکانی ماکرۆندا تێنەپەڕی، مارک ریگیف، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە تەلئەڤیڤ دووپاتیکردەوە کە سوورن لەسەر لەنێوبردنی حەماس و کۆتاییهاتنی دەسەڵاتیان لە غەززە.
ریگیف گوتی، "جارێکی دیکە رێگە بە تیرۆرستان نادەین هاوشێوەی هێرشەکەی 7ی ئۆکتۆبەر سنووری وڵاتەکەمان ببڕن و هێرشمان بکەنە سەر؛" جەختی لەوە کردەوە کە نایانەوێت حەماس هاوسنووریان بێت.
گوتەکانی ماکرۆن لەکاتێکدان، دوێنێ هەینی، 1ی کانوونی یەکەمی 2023 ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس کۆتاییهات کە لەدوای 4 رۆژی هەفتەی رابردوو زیاتر لە جارێک درێژکرایەوە.
لەگەڵ کۆتاییهاتنی ئاگربەستەکە، ئیسرائیل چەندین ناوچەی لە باکووری غەززە بۆردوومانکرد، تاوەکو ئێوارەی رۆژی شەممە، 2ی کانوونی یەکەم، باس لە گیانلەدەستدانی زیاتر لە 300 کەس کرا، ئەمە ژمارەی قوربانیانی شەڕ و پێکدادانی لە کەرتی غەززە بۆ 15 هەزار و200 کەس بەرزکردووەوە.
نزیکەی دوو مانگە شەڕ و پێکدادان دەستیپێکردووە، ئیسرائیل بەشێکی باکووری غەززەی کۆنتڕۆڵکردووە، بەڵام رووبەڕووی بەرگریی چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس بوونەتەوە.
لە 7ی ئۆکتۆبەرەوە، لەو رۆژەی حەماس هێرشی کردووەتە سەر ئیسرائیل، 395 سەربازی ئیسرائیلی کوژراون، 70یان لەکاتی رووبەڕووبوونەوە بووە لەگەڵ چەکدارانی حەماس لە نێو غەززە.
ئێوارەی رۆژی شەممە، 2ی کانوونی یەکەم لە زیاتر لە پێنج پایتەختی وڵاتانی ئەوروپی خۆپیشاندان لە دژی دەستپێکردنەوەی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە بەڕێوەچوو.
ئیسرائیل و حەماس کۆتاییان بە ئاگربەست هێنا دوای ئەوەی حەماس 110 بارمتەی لەو 220 بارمتەیە ئازادکرد کە لە 7ی ئۆکتۆبەر گرتنی و ئیسرائیلیش 240 فەلەستینیی لە زیندانەکانی خۆی ئازادکرد.