رووداو دیجیتاڵ
هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیل بۆ سەر دێر بەلەح لە کەرتی غەززە بووە هۆی کوژرانی ژمارەیەک کارمەندی مرۆیی بیانی.
رێکخراوی چێشتخانەی ناوەندیی جیهانی کە بنکەکەی لە ئەمریکایە، پشتڕاستیکردەوە حەوت کارمەندیان لە هێرشەکەدا کوژراون، کە خەڵکی ئوسترالیا، پۆڵەندا، بەریتانیا، ئەمریکا، کەنەدا و فەلەستینن.
خۆزێ ئەندرێ، دامەزرێنەری رێکخراوە مرۆییەکە لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا رایگەیاند "ئەمڕۆ چێشتخانەی ناوەندیی جیهانی ژمارەیەک خوشک و برای خۆی لە هێرشێکی ئاسمانیی سوپای ئیسرائیلدا لە غەززە لەدەستدا."
رێکخراوەکە هێرشەکەی بە "تراژیدی" ناوبرد و جەختیکردەوە لەوەی "نابێت هەرگیز کارمەندانی مرۆیی و خەڵکی سڤیل بکرێنە ئامانج."
بەگوێرەی وەزارەتی تەندروستیی کەرتی غەززە، تەرمی چوار کارمەندی بیانی و شوفێرە فەلەستینییەکەیان گوازراونەتەوە نەخۆشخانەیەکی دێر بەلەح.
ئەنتۆنی ئەلبانیز، سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیا پشتڕاستیکردەوە، هاووڵاتیێکیان بە ناوی زۆمی فرانکۆم لەنێو کوژراوەکاندایە.
چێشتخانەی ناوەندیی جیهانی یەکێکە لەو دوو رێکخراوە مرۆییەی بوونەتە سەرە رمی گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان لە رێگەی بەلەمەوە لە قوبرسەوە بۆ غەززە. هەروەها لە هەوڵی دروستکردنی شوێنێکی لەنگەرگرتنی بەلەم و کەشتییەکانە لە غەززە.
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند "لە باڵاترین ئاستدا پێداچوونەوەیەکی قووڵ دەکەین بۆ ئەوەی لە هەلومەرجی ئەم رووداوە تراژیدییە تێبگەین."
گوشاری نێودەوڵەتی لەسەر ئیسرائیل زیادیکردووە بۆ ئەوەی ناردنی یارمەتیی مرۆیی بۆ غەززە زیاد بکات لە کاتێکدا کە شەش مانگ بەسەر جەنگەکەوە تێپەڕیوە و نەتەوە یەکگرتووەکانیش هۆشداریی تووند لە دۆخی مرۆیی خراپ و برسیبوونی 2.4 ملیۆن کەس لە غەززە دەدات.
راپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی 19ی ئادار هۆشداریی دا کە نیوەی خەڵکی غەززە رووبەڕووی برسیێتیی "کارەساتبار" دەبنەوە و باکووری کەرتەکەش لە بەردەم قاتوقڕیێکی مسۆگەردایە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ