نەتەوە یەکگرتووەکان داوای سزادانی محەممەد بن سەلمان دەکات
رووداو دیجیتاڵ
نەتەوە یەکگرتووەکان داوای سزادانی محەممەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعودیە دەکات. گلەییش لە ئەمریکا دەکات، کە بن سەلمان سزا نادات.
بەرپرسانی رێکخراوەکە دەڵێن راپۆرتی ئۆفیسی هەواڵگریی نیشتیمانی ئەمریکی، ئاشکرای کردووە بن سەلمان راستەوخۆ لە پشت کوشتنی جەمال خاشوقچی، رۆژنامەڤانی سعودییە، کەچی ئەمریکا نایەوێت سزای بکەری کارەکە بدات.
ئاگنس کالامارد، بڕیاردەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە سزای مەرگ لە دەرەوەی دادگاکان: رایگەیاند: "ئەوەی کە سەرۆک بایدن لە کاتی بانگەشەکاندا دەیکرد راگەیاندنی پاراستنی ئازادی رادەربڕین بوو، کەچی ئێستا رەتیدەکاتەوە سزای ئەو پیاوە بدات، کە بەرپرسە لە کوشتنی جەمال خاشوقچی، ئەمە بۆ من مایەی ئەوپەڕی نیگەرانییە. داوا لە حکومەتی ئەمریکا دەکەم کار لەسەر ئەنجامە بەدەستهاتووەکانی خۆی بکات و سزای محەممەد بن سەلمان بدات".
دوای سێ ساڵ لە کوشتنی جەمال خاشوقچی، بەپێی زانیارییە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا بۆ یەکەمجار ئەو وڵاتە رایگەیاند، محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە رەزامەندیی داوە بۆ کوشتنی خاشوقچی لە ساڵی 2018.
ئەمریکا بەرگری لەو هەڵوێستەی خۆی دەکات و پێیوایە سزادانی سەرکردەی هاوپەیمانێکی، داهاتووی پەیوەندییەکانیان دەخاتە مەترسییەوە. بەڵام سعودیە بە بەرپرسیار دەزانێت لە کوشتنی خاشوقچی، تەنانەت داوای هەڵوەشانەوەی ئەو هێزە سەربازییە دەکات کە بن سەلمان سەرکردایەتیی دەکات، ئەویش یەکەی وەڵامدانەوەی خێرایە لە پاسەوانی کۆشکی شاهانەی سعودیە
نێد پرایس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند: "داوامان لە سعودیە کردووە ئەو گرووپە هەڵبوەشینێتەوە و چاکسازی سیستەماتیکی بکات و دڵنیایی بدات کە چالاکییەکانیان بە تەواوەتی رابگرێت"
هەروەها جین ساکی، گوتەبێژی کۆشکی سپی گوتی: "بەپێی یاسای ماگنیتسکی سزای هێزی وەڵامدانەوەی خێرامان دا، کە یەکەیەکی سەر بە گاردی شاهانەی سعودیەیە و بەرپرسن لە ئۆپەراسیۆنەکانی دژی ئەو کەسانەی بە دژبەری سعودیە دادەنرێن لەنێویشیاندا کوشتنی جەمال خاشوقچی"
سەرباری ئەو قسانەی ئەمریکا، نەتەوە یەکگرتووەکان هێشتا لە کارەکانی ئەمریکا بێهیوایە و داوای زیاتر دەکات
ئێرین خان، بڕیاردەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئازادی رادەربڕین: "خۆشحاڵم کە راپۆرتەکە بڵاوکرایەوە، بەڵام زۆر بێئومێدم، راستییەکەی زۆر بێئومێدم، ئەمریکا نەیتوانی کارێکی گرنگ لەم پرسەدا بکات. ئەوان خۆیان باسیان لە سزای کوشتنی خاشقچی کردووە، هیوادارم ئەنجامی بدەن".
بایدن لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا هەڕەشەی سزادانی سعودیەی دەکرد بەهۆی پێشێلکاری مافی مرۆڤەوە. دوای بڵاوبوونەوەی راپۆرتەکە، سەرباری ئەوەی بن سەلمان بە بەرپرسی دۆسیەکە دەزانێت، تەنیا سزای چەند کەسێکی نزیک لە محەممەد بن سەلمانی دا. لەوانەش ئەحمەد عەسیری راوێژکاری سەربازیی بن سەلمان و بەرپرسی پێشووی هەواڵگریی سعودیە.
جەمال خاشوقچی، رۆژنامەڤانێکی سعودی، کە وڵاتینامەی ئەمریکای هەبوو، لە ساڵی 2018 لە کۆنسوڵخانەی سعودیە لە ئیستەنبووڵ کوژرا.
لە راپۆرتەکەی بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگریی نیشتمانی ئەمریکا هاتووە: "ئێمە وایدەبینین کە محەممەد بن سەلمان پلانی گرتن یان کوشتنی جەمال خاشوقچی لە ئیستەنبووڵ پەسندکردووە".
لە راپۆرتەکدا سێ بەڵگە خراونەتەڕوو:
یەکەم: لە دوای ساڵی 2017 بن سەلمان دەسەڵاتی تەواوی لە دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکان هەبووە و ئەگەرێکی زۆر لاوازە کە ئۆپەراسیۆنێکی لەو شێوەیە بەبێ سەرپەرشتی ئەو بێت.
دووەم: بەشداریی راستەوخۆی بن سەلمان لە کردەوەکانی دیکەی پەیوەندیدار بە یەکێک لە راوێژکارەکانی.
سێیەم: پاڵپشتیی بن سەلمان لە بێدەنگکردنی دژبەرانی لە دەرەوەی وڵات بە زەبری هێز.
بەپێی راپۆرتە ئەمریکییەکە، لە 02-10-2018 تیمێکی 15 کەسی لە سعودیەوە گەیشتنە ئیستەنبووڵ و لەوێ جەمال خاشوقچییان لە کۆنسوڵخانەی سعودیە کوشت.
دەسەڵاتدارانی سعودیە سەرەتا نکۆڵیان لە کوشتنی خاشوقچی لە کۆنسوڵخانە کرد، بەڵام دواتر کوشتنەکەیان بۆ ئۆپەراسیۆنێكی تیمێکی هەواڵگری گەڕاندەوە کە بە "ئۆپەراسیۆنێكی دڕندە" ناویان بردبوو. دادگای سعودیە 5 کەسی بە تۆمەتبار لە قەڵەمدا، دوای دادگاییکردنیان بە 20 ساڵ بەندکردن، سزای دان.