ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی ئیسرائیل: هاوپەیمانە راستڕۆکەی نەتەنیاهوو لەپێشە


رووداو دیجتاڵ 

بەگوێرەی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی ئیسرائیل، هاوپەیمانە راستڕۆکەی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی پێشووی ئیسرائیل لەپێشە و چاوەڕوان دەکرێت لە کۆی 120 کورسییەکەی پەرلەمان، 61 بۆ 62 کورسی بەدەستبهێنێت.
 
ئەگەر ئەنجامەکان پێچەوانە نەبنەوە، کە بڕیارە لە کاژێرەکانی داهاتوودا رابگەیێندرێت، ئەگەری زۆرە نەتەنیاهوو جارێکی دیکە بگەڕێتەوە دەسەڵات و ببێتەوە سەرۆکوەزیران کە ساڵی رابردوو دوای 12 ساڵ لە حوکـمڕانی، لە پۆستەکەی دوورخرایەوە.
 
لە سێ تۆڕی میدیایی ئیسرائیلی کە پێشبینی ئەنجامەکانیان کردووە، دوو میدیا ئاماژەیان بەوەداوە کە هاوپەیمانێتییەکەی نەتەنیاهوو 62 کورسی بەدەستدەهێنیت، یەکێکیشیان دەڵێت 61 کورسی بەدەستدەهێنیت.
 
ئەنجامە بەراییەکان دەڵێن، پارتی لیکود لە پلەی یەکەمە و بەتەنیا 30 بۆ 31 کورسی بەدەستدەهێنێت، بە یەکگرتنەوە لەگەڵ هەریەک لە لە هاوپەیمانی "زایۆنی ئاینی" و دوو پارتی جووی ئۆرتۆدۆکس، ژمارەی کورسییەکان دەگاتە 61 یاخود 62 کورسی.
 
یایر لاپید، سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکی ئیسرائیل و سەرۆکی پارتی (یش ئاتید) چاوەڕواندەکرێت پلەی دووەم بەدەستبێنێت و پێشبینی دەکرێت 22 بۆ 24 کورسی بباتەوە.
 
بەڵام ئەنجامە بەراییەکان لە بەرژەوەندی ئەو هاوپەیمانێتییەدا نین کە خۆی بە دژە نەتەنیاهوو دەزانی، ئەمە لەکاتێکدا ئەم بانگەشەیە لە دژی یان، بۆ گەڕانەوەی نەتەنیاهوو بۆ دەسەڵات لێک دەدرایەوە.
 
ئەمانە ئەنجامی بەرایین و چاوەڕواندەکرێت لە کاژێرەکانی داهاتوودا ئەنجامی فەرمی رابگەیێندرێت.