رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا بە پاپا فرانسیسی راگەیاند، "تیرۆرکردنی هەنییە و هێرشەکەی لوبنان دەریخست، ئیسرائیل هەڕەشەیە بۆ سەر ناوچەکە، جیهان و هەموو مرۆڤایەتی."
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەر بە سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا، رۆژی پێنجشەممە 1ـی ئابی 2024 رایگەیاند؛ رەجەب تەیب ئەردۆغان، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ پاپا فرەنسیس، پاپای کەنیسەی کاسۆلیکی و سەرۆکی دەوڵەتی ڤاتیکان کرد.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا سەرۆککۆماری تورکیا، ناڕەزایەتی و رەخنەکانی لەبارەی رێوڕەسمی کرانەوەی ئۆڵیمپیادی پاریس بە پاپای کریستیانە کاسۆلیکەکانی جیهان گەیاندووە و رایگەیاندووە: "پێشێلکردنی بەها ئایینییەکان، پڕوپاگەندە لادەرەکان و تێکدانی رەوشت لە ئۆڵیمپیادی پاریس دا، زەنگێکی مەترسیدارە."
لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکەیدا، ئەردۆغان باسی دۆخی فەلەستین و هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە کرد و گوتی: "بە مەبەستی پاراستنی ئاسایشی موسڵمانان و کریستیانەکانی فەلەستین، پێویستە تا درەنگ نەکەوتووە، هەوڵەکان بخرێنە گەڕ بۆ ئەوەی رێککەوتنێکی مرۆیی بکرێت."
ئەردۆغان جەختی لەوەش کردەوە کە: "تیرۆری هەنییە و هێرشەکەی لوبنان دەریخست، ئیسرائیل هەڕەشەیە بۆ سەر ناوچەکە، جیهان و هەموو مرۆڤایەتی."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ