حاجییەکی کورد دوای سێ رۆژ لە ونبوونی لە مەککە، تەرمەکەی دۆزرایەوە

رووداو هەولێر

چوارەم حاجی هەرێمی کوردستان لە وڵاتی سعودیە گیانی لەدەستدا. گوتەبێژی وەزارتی ئەوقاف دەڵێت، حاجییەکە ئافرەتە و دوای ونبوونی، ئەمڕۆ لە نەخۆشخانەیەکی مەککە تەرمەکەیان دۆزیوەتەوە.
 
رۆژی شەممە 1ـی تەمموزی 2023، نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقافی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دوای ونبوونی حاجییەک لەکاتی جێبەجێکردنی ئەرکەکانی حەج، تیمە کارگێڕییەکانی پڕۆسەی حەجی کوردستان بەشێوەیەکی چڕ و بۆ ماوەی سێ رۆژ لە شاری مەککەی پیرۆز گەڕان و، ئەمڕۆ تەرمەکەیمان لە نەخۆشخانەیەک دۆزییەوە".
 
ئەو حاجییەی گیانی لەدەستداوە ئافرەتە و ناوی "عەیش شێخ عەبدوڵڵا"ـیە و لەدایکبووی ساڵی 1959ـە، خەڵکی دەڤەری پیرانە لە پارێزگای ھەولێر.
 
نەبەز ئیسماعیل لەبارەی هۆکاری مردنی ئەو حاجیە کوردە هەروەها گوتی "هەتاوەکو ئێستا راپۆرتی پزیشکی سەبارەت بە هۆکاری مردنی بەدەستمان نەگەیشتووە، تەنیا ئەوەندە زانیاریمان پێدراوە کە ئەوانیش بە مردوویی دۆزیویانەتەوە"، باسی لەوەش کرد لەدوای رێکارە کارگێڕی و یاساییەکان، تەرمی هاونیشتمانییەکە لە گۆڕستانی (شەرائع) لە شاری مەککە بەخاک دەسپێردرێت.
 
28ـی حوزەیران، سێیەم حاجی هەرێمی کوردستان لە شاری مەککە گیانی لەدەستدابوو.
 
ئەمساڵ چوار هەزار و 685 کەس لە هەرێمی کوردستانەوە چوونەتە سعودیە بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج، تاوەکو ئێستا چوار حاجی لەو وڵاتە گیانیان لەدەستداوە.