ماڵی كوردی لە تۆرنتۆ..ماڵێك دوور لە نیشتمان
تێسا مانوێلۆ
رووداو - مۆنتریال
ناوبانگی ماڵی كوردی لە تۆرنتۆ كە یەكێكە لە شارە گەورەكانی كەنەدا، لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی دانیشتوانی كورد لەو شارە لە گەشەسەندندایە. ماڵەكە لەلایەن كوردێكەوە بەڕێوە دەبرێت كە ناوی سەرتیپ كاكەییە.
سەرتیپ دەڵێت “تۆرنتۆ شارێكی گرنگە لەڕووی سیاسی و جیۆگرافیەوە، شوێنی گەورەترین رەوەندی كوردی هەر چوار پارچەكەی كوردستانە”. ئەو هەروەها دەڵێت “لەگەڵ گەورەبوونی جالیەی كوردی لە كەنەدا و بە تایبەت لە شاری تۆرنتۆ، گرنگیی سەنتەرێك یان ماڵێك بۆ ئەوەی هەمووان لە دەوری چالاكی جۆراوجۆر بۆ پەرەپێدانی كەلتور و زمانی كوردی كۆبكاتەوە، زیاتر و زیاتر دەبێت”.
ماڵی كوردی لە ساڵی 2006 بۆ كۆكردنەوەی كورد و پارێزگاریكردن لە زمان و كەلتوری كوردی دامەزرا. كاكەیی دەڵێت بۆ ئەوەی بتوانن كوردی هەموو لایەك لێرە كۆبكەنەوە، گرنگە كە سەنتەرەكە خۆی لە لایەنگریی سیاسی بپارێزێت. ئەو دەڵێت “دەرگای ئەم سەنتەرەمان بۆ هەموو كوردێك واڵا كردووە”.
سەنتەرەكە بە ئابوونە و هاوكاریی ئەندامەكانی بەڕێوەدەبرێت لەڕووی داراییەوە. كاكەیی دەڵێت بەڵام لە ساڵی یەكەمی دامەزراندنیدا سەنتەرەكە هاوكاری دارایی لە ئۆفیسی سەرۆك وەزیران نێچیرڤان بارزانی و ئۆفیسی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە واشنتن وەردەگرت.
كاكەیی دەڵێت جگە لە چالاكیی كەلتوری، ماڵی كوردی كار لەسەر لایەنی سیاسی و فەرهەنگی و تەندروستیش دەكات. لە حەوت ساڵی رابردوودا سەنتەرەكە هەموو ساڵێك یادی كیمیابارانی هەڵەبجە و ئەنفالی كردووەتەوە و هەموو ساڵێكیش ئاهەنگی نەورۆزی گێڕاوە.
كاكەیی باسی زەحمەتیی بەڕێوەبردنی ئەو ماڵەی كرد و گوتی “زۆر ئەستەمە رێكخراوێكی وەكو ماڵی كوردی بەڕێوە ببەی، بەتایبەت كاتێك كە كوردی هەر چوار پارچەكەی كوردستان و كوردی سەر بە پارتی سیاسیی جیاواز لە سەنتەرەكە هەبن.” هەروەها گوتی “دەزانم ئەستەمە بتوانی دڵی هەموو لایەك راگری، بەڵام دەرگای ئێمە بۆ هەر بیرۆكەیەكی نوێ و پێشنیازێك واڵایە و ئێمە پێشوازی لێدەكەین.”
سەنتەرەكە هەروەها بانگهێشتی بەرپرسانی حكومیی كەنەدی دەكات بۆ چالاكییەكانی بۆ ئەوەی كەنەدییەكانیش ئاشنای خەڵك و كەلتور و مێژووی كوردستان بن.
كاكەیی لەوبارەیەوە گوتی “بەرپرسانی حكومەتی ناوەندی و هەرێمی، نوێنەری شارەوانییەكان، نوێنەری دامەزراوەی پۆلیس ئامادەی زۆربەی چالاكیەكانمان دەبن”. ئەو هەروەها دەڵێت “پێموایە زۆر گرنگە كە ماڵی كوردی ئەم پەیوەندیانە پەرەپێبدات و بەهێزتریان بكات، چونكە ئێمە هێشتا خاوەنی كێشەیەكی نەتەوەیین و پێویستمان بەوەیە كە خەڵكانی دیكە گوێمان لێبگرن”.
ئەو دەڵێت خۆی و بەڕێوەبەری پێشووی ماڵی كوردی (فەرەیدون رەحمانی) و جێگری بەڕێوەبەری ئێستای سەنتەرەكە (خالید مەجیدی) كار بۆ دروستكردنی پەیوەندی لە نێوان كەنەدا و حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەن.
سەرتیپ كاكەیی گوتی “لە 2009دا لەگەڵ پارلەمانتار جیم كاریجیانس چووینە كوردستان. ئەنجامی سەردانەكە پاكێجێكی لێكەوتەوە كە پێشكەشی پەرلەمانی كەنەدی كرا بۆ ئەوەی تاوانی هێرشی كیمیایی سەر هەڵەبجە وەكو تاوانی دژی مرۆڤایەتی بناسێ”.
یەكێكە لە ئامانجەكانی ماڵی كوردی ئەوەیە كە حكومەتی كەنەدی رازی بكات بەوەی تاوانی ئەنفال وەكو جینۆساید لە دژی گەلی كورد بە فەرمی بناسێنێت.
كاكەیی دەڵێت ماڵی كوردی پەیوەندی بەهێزی لەگەڵ هەموو سەنتەرە كوردییەكانی دیكەی كەنەدا هەیە و هەروەها هەوڵدەدات گرووپە ئیتنیەكانی دیكەش بهێنێتە نێو چالاكییەكانی سەنتەرەكە.
ماڵی كوردی ئێستا تەركیز دەكاتە سەر لاوانی كورد بۆ ئەوەی كۆمەڵگەیەكی كوردی بەهێز لە تۆرنتۆ بنیات بنێت.
گوتیشی “ئەوەی كە من دەمەوێت لە ڕێگەی سەنتەرەكەوە بیكەم، ئەوەیە كە هانی گەنجانی كورد بدەین بەشداری لە بەڕێوەبردنی سەنتەرەكەدا بكەن و هەروەها بەشداری كارا لە بواری سیاسەتی كەنەدادا بكەن تا ببنە پەرلەمانتار و نوێنەری هەرێمایەتی لە پەرلەمانە هەرێمییەكاندا”.